شاندی هەرێم و وەزیری دارایی عێراق تاوتوێی ڕادەستکردنی داهاتی نانەوتی دەکەن

کۆبوونەوەی شاندی هەرێمی کوردستان و وەزیری دارایی عێراق لەبارەی ڕادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان، دەستیپێکرد.
دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 20ـی ئابی 2025، کۆبوونەوەی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق دەستیپێکرد.
پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەش کرد، کۆبوونەوەکە درێژەی کۆبوونەوەکانی دوێنێ سێشەممە، 19ـی ئابی 2025ـی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ لیژنە وەزارییەکەی حکوومەتی فیدراڵی کە محەممەد تەمیم، وەزیری پلاندانانی عێراق سەرۆکایەتیی دەکات.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا، گفتوگۆ لەبارەی ڕادەستکردنی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان دەکرێت و دەیانەوێت بگەنە ڕێککەوتنێک کە ببێتە بنەمای خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی داهاتووش.
ئەندامانی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق:
ئەندامانی شاندی حکوومەتی عێراق:
1. تەیف سامی، وەزیری دارایی.
2. محەممەد تەمیم، وەزیری پلاندانان.
3. خالید شوانی، وەزیری داد.
4. بەنگین ڕێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە.
5. ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستی.
6. نەعیم عەبوودی، وەزیری خوێندنی باڵا.
7. خالید بەتال، وەزیری پیشەسازی.
ئەندامانی شاندی هەرێمی کوردستان:
1. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران.
2. ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران.
3. هەشت بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی.
بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی خەرجکردنی مووچە
دوێنێ سێشەممە، 19ـی ئابی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و دواتر لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، ئەنجوومەنەکە بڕیاری داوە بە شێوەیەکی بنەڕەتی رەزامەندی لەسەر نوێکردنەوەی کارکردن بە بڕیاری ژمارە (550)ی ساڵی 2025 بدات، بۆ دابینکردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی حوزەیران، دوای رەچاوکردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە:
1. ئەو لیژنانەی بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ڕادەستکردنی داهاتی نانەوتی و هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان پێکهێنراون، کارەکانیان تەواو بکەن، بە مەرجێک هەریەکەیان کۆنووسێکی واژۆکراو لە ماوەی هەفتەیەکدا، پێشکێشی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بکەن.
2. ئەو تیمەی بەپێی بڕگەی دووەم پێکهێنراوە، لە ماوەی هەفتەیەکدا کارەکانی تەواو بکات، بە ژماردنی پشکی گەنجینەی گشتیی فیدراڵی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی یاسا. هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو پشکە بدات لەبری ئەو بڕە پارەیەی کە لە بڕگەی (دووەم/1)ـی بڕیارەکەدا ئاماژەی پێکراوە، بە مەرجێک میکانیزمی ژماردنەکە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵییەوە پەسند کرابێت.
3. حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆمپانیاکانی نەوت کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، پابەند بکات بە رادەستکردنی ئەو نەوتەی بەرهەم دێت، بەگوێرەی بڕگەکانی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی و بڕیاری ژمارە (550)ـی ساڵی 2025ـی ئەنجوومەنی وەزیران.