ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ سەردانی ترەمپ دەکات

بەگوێرەی تۆڕی هەواڵی i24ی ئیسرائیلی، پەیوەندییە سەرەتاییەکان لە نێوان ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکاندا بۆ ڕێکخستنی سەردانێکی چاوەڕوانکراوی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، بۆ ئیسرائیل لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمدا دەستیپێکردووە.
ئەم سەردانە، دەبێتە یەکەم سەردانی ترەمپ بۆ ئیسرائیل لە خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەیدا. ترەمپ لە یەکەم گەشتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم خولەیدا سەردانی ئیسرائیلی نەکرد و تەنها چاوی بە بەرپرسانی سعوودیە، قەتەر و ئیمارات کەوت.
هەوڵەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ نێوەندگیری ئاگربەست لە غەززە و ئازادکردنی دیلەکان چڕتر بووەتەوە. هاوکات، کۆشکی سپی و حکوومەتەکەی ناتانیاهۆ لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ شەڕی غەززە و پرسی ئەتۆمی ئێران بۆچوونی جیاوازیان هەیە، سەرەڕای پارێزگاریکردنی واشنتن لە پەیوەندییە سیاسی و ئەمنییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل.
دواین سەردانی فەرمی ترەمپ بۆ ئیسرائیل لە مانگی ئایاری ساڵی 2017 بوو واتە هەشت ساڵ لەمەوبەر. هەر سەردانێکی لەم کاتەدا بەهۆی هەستیاری دۆخەکە و ئاڵۆزیی پرسەکانی وەک چارەنووسی دیلەکان و گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ غەززە، بە وردی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.