بەرزبوونەوەی پلەی گەرما دار گوێزەکانی ئاکرێی وشککردووە

لە سنووری قەزای ئاکرێ، بەهۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، ژمارەیەکی زۆر لە دارە گوێزەکان کە تەمەنی هەندێکیان سەرووی سەد ساڵە، ڕووبەڕووی وشکبوون و لەناوچوون بوونەتەوە. 

جووتیارێک بەناوی محەممەد ئەحمەد، کە تەمەنی لە سەرووی 80 ساڵەوەیە، ئاماژەی بەوەدا کە لە هەموو ژیانی خۆیدا شتی وای نەبینیوە کە داری گوێز بەم شێوەیە وشک ببێت. ئەو گوتی، "ئەمساڵ گەرماکە زۆر بوو و بارانیش کەم بوو، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە دارەکان بسووتێن." 

جووتیارێکی دیکە بەناوی سامی تەمەر جەختی لەوە کردەوە، وشکبوونی دارە گوێزەکان زیانێکی گەورەی ئابوورییان پێدەگەیەنێت، چونکە بژێوی ژیانیان لەسەر بەرهەمی ئەو دارانەیە.

کاروان جەمال، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی ئاکرێ، هۆکاری سەرەکی وشکبوونی دارە گوێزەکانی بۆ دوو فاکتەری سەرەکی گەڕاندەوە: بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما کە ئەمساڵ گەیشتە نزیکەی 50 پلەی سەدی، هەروەها کەمبوونەوەی ڕێژەی شێ لە هەوادا. ئەو ڕوونیکردەوە کە داری گوێز دارێکی ناسکە و بەرگەی ئەو پلە گەرمییە بەرزانە ناگرێت.

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی ئاکرێ، لە سنووری ئەو قەزایە سێ هەزار و 700 بنەداری گوێز هەن کە ساڵانە بەرهەمەکەیان دەگاتە نزیکەی 500 تۆن. وشکبوونی ئەم دارانە مەترسیی لەناوچوونی بەشێکی زۆری ئەم بەرهەمەی دروست کردووە.

ئەم دیاردەیە زەنگێکی ئاگادارکەرەوەیە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان تاوەکو ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و پاراستنی سامانی سروشتی و کشتوکاڵی ناوچەکە.

 
 
Fly Erbil Advertisment