نوعمان کورتوڵمووش: پرۆسەی ئاشتی هەنگاوی باشی بڕیوە

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئاماژە بەوە دەکات، کاتی ئەوە هاتووە نەوەکانمان باجی شەڕ و ئاڵۆزییەکان نەدەن و کۆتاییان پێبێت.

نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، ئەمڕۆ چوارشەممە، 27ـی ئابی 2025، ڕایگەیاند: دانانی چوارچێوەیەکی یاسایی گونجاو بۆ پرۆسەی ئاشتی پێویستییەکی گرنگە و ئامادەکردنی ژێرخانی یاسای بۆ قۆناغی داهاتوو زۆر گرنگ دەبێت، ئامانجی کۆمیسیۆنەکە زیادکردنی ڕەزامەندی گشتییە لە تورکیا هەمووان بەرپرسیارێتییەکی گەورەیان لە ئەستۆدایە بۆ ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە.

هەروەها گوتی: بەراورد لەگەڵ پرۆسەکانی ئاشتی لە وڵاتانی دیکە لە ماوەی تەنیا نۆ مانگدا پێشکەوتنی زۆر لە پرۆسەکە بەدەست هاتووە، تورکیا هەوڵدەدات بە مۆدێلێکی جیاواز پرۆسەکە جێبەجێ بکات.

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، لە دانیشتنی هەفتەی ڕابردوودا گوێبیستی دایکانی ئاشتی و دایکانی شەممە و کەسوکاری شەهیدان بووین،  ئەوان باجی گرژیی و ئاڵۆزییەکانیان داوە، بەڵام ئێستا ئەم نەوەیە نابێت باجەکەی بدەن و هەروەها کاتی ئەوەیە ئیتر چەکەکان بنێژین نەک منداڵەکانییان.

کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە، 05ـی ئابی 2025، یەکەمین کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا کە تایبەت بۆ سەرخستنی پڕۆسەی نوێی ئاشتی دەستیپێکرد. ناوی کۆمسیۆنەکە کرایە "کۆمیسیۆنی دیموکراسی، برایەتی و یەکڕیزی نیشتمانی".

هەروەها ڕۆژی هەینی، 8ـی ئابی 2025، کۆمیسیۆنی دیموکراسی، برایەتی و یەکڕیزی نیشتمانیی پەرلەمانی تورکیا، بۆ دووەمین جار کۆبووەوە.

کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمانی تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی لە 48 ئەندام پێکدێت، ئاکپارتی 21 ئەندام، جەهەپە 10 ئەندام، هەریەکە لە دەم پارتی و مەهەپە 4 ئەندام، هەریەکە لە ئیی پارتی و یەنی یۆڵ 3 ئەندامیان لەو کۆمیسیۆنەکە بۆ دیاریی کراوە و پارتەکانی دیکە کە فراکسیۆنیان نییە، هەر یەکەیان ئەندامێکیان بەرکەتووە.

 هەینی11ـی تەممووزی 2025، گرووپێکی 30 کەسی پەکەکە لە ڕێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان دانا.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment