عەباس عراقچی: ئێران بە یەک مەرج دەگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستانەکانی ئەتۆمی

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بڕیاری بریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیای بۆ سەپاندنەوەی سزا نێودەوڵەتییەکان بەسەر تاراندا بە توندی ئیدانە کرد، بەڵام هاوکات ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ گەڕانەوە بۆ دانوستانەکان دەربڕی.
لای خۆیەوە عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەم کردەوەی بە "هەنگاوی نایاسایی و ناڕەوای سێ وڵاتی ئەورووپی"ی زانی و ئیدانە کرد، جەختی کردەوە، ئەم هەنگاوە "گومان لە مەبەستی ڕاستەقینەی ئەم وڵاتانه بەرامبەر تاران زیاتر دەکات و بەڕەو پێشبردنی ڕێڕەوی دیپلۆماسی ئاڵۆزتر دەکات".
وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کایا کاڵاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، جەختی کردەوە ئێران "لە وەڵامی ئەم کارە ئیستفزازی و نەگونجاوەدا هەنگاوی گونجاو دەگرێتەبەر".
بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا، وەزیری دەرەوەی ئێران ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە دیپلۆماسییەکان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی، بەمەرجێک لایەنەکانی دیکە جددی و نیازپاکی نیشان بدەن.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، کالاس جەختی لە پێویستی دۆزینەوەی چارەسەری دیپلۆماسی کردەوە و ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ ئەوەی ڕۆڵ ببینێت لە ئاسانکاری دیالۆگ، داوای بەردەوامی پەیوەندیی و ڕاوێژکاری نێوان هەردوولا بۆ گەیشتن بەو ئامانجە دەکات.
لای خۆیەوە ئیسماعیل باقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ هەینی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام، وێنەیەکی سەرکردەکانی ئەورووپای بڵاوکردەوە کە بەرامبەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دانیشتبوون. ڕایگەیاند، بڕیارەکەی ترۆیکا بۆ سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر وڵاتەکەیدا نایاسایی و هەڵەیە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕەخنەی لە بڕیارەکەی "ترۆیکای ئەورووپا" (فەڕەنسا، ئەڵمانیا و شانشینی یەکگرتوو) گرت و بە هاوپەیمانی ویستی ئەمەریکای زانی.
پێشتریش دوێنێ پێنجشەممە، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە میانەی گفتوگۆیەکدا لەگەڵ هاوتا بەریتانی و فەرەنسی و ئەڵمانییەکانی، پشتڕاستی کردەوە کە ئێران "وەڵامی شیاو بۆ ئەم کارە نایاساییە دەداتەوە".
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە دوێنێ پێنجشەممە، سێ زلهێزەکە (بریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا) پرۆسەیەکی 30 ڕۆژەی دەستپێکرد بۆ سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ئێراندا بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە. ئەم بڕیارە پێدەچێت گرژییەکان زیاتر بکات، بەتایبەت دوای دوو مانگ لە بۆردومانکردنی نێوان ئێران و ئیسرائیل و ئەمەریکا.
دیپلۆماتکاران ڕایانگەیاندووە، بڕیارە ئەمڕۆ هەینی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆبوونەوەیەکی داخراو بکات، لەسەر داوای سێ زلهێزەکە بۆ تاوتوێکردنی دووبارە سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر ئێراندا.