کێشەی زمانی کوردی  لەزانکۆی کەرکووک چارەسەر کرا

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی زانکۆی کەرکووک، لەبارەی ئەو کێشەی ئەمڕۆ لە تاقیکردنەوەکاندا بۆ قوتابیانی کورد لە زانکۆکە دروست بوو، گفتوگۆیان کرد و کێشەکەیان چارەسەر کرد.

هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک ڕایگەیاند: کێشەی زمانی کوردی  لەزانکۆی کەرکووک بەیەکجاری چارەسەرکرا و  ئەو کێشەی ئەمڕۆ ڕوویدا، دووبارە نابێتەوە.

دووشەممە 1ـی ئەیلوولی 2025، هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک ڕایگەیاند: دوای لایڤێکی کوردستان24 و گەیاندنی کێشەی قوتابیانی کورد لەزانکۆی کەرکووک کە ڕێگریان لێکرا بەزمانی کوردی وەڵامی پرسیارەکانی تاقیکردنەوەیان بدەنەوە،  دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پەیوەندی بە سەرۆکی زانکۆی کەرکووک دکتۆر عیمرانەوە کرد کە پەیامنێری کوردستان24ـیش ئامادەی گفتۆگۆکەی نێوانیان بوو، سەرۆکی زانکۆ بەپاساوی ئەوەی درەنگ ئاگەدارکراونەتەوە بۆیە دابەشکردنی پرسیارەکان بەزمانی کوردی لە کۆلێژی یاسا دواکەوتووە، بەو هۆیەشەوە چەند قوتابییەک هۆڵی تاقیکردنەوەکانیان جێهێشتووە، بەڵام دواتر پرسیارەکان بەزمانی کوردی دابەشکراون.

 سەرۆکی زانکۆی کەرکووک بەڵێنی بە جێگری سەرۆکی پەرلەماندا ئەو کێشەیە جارێکی دیکە دووبارە نابێتەوەو قوتابیانی کورد دەتوانن بەزمانی کوردی وەڵامی تاقیکردنەوەکان بدەنەوە.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment