پرۆژەی ڕووناکی گەیشتە عەربەت

پرۆژەی ڕووناکی تا دێت فراوانتر دەبێت، عەربەتیش یەکێکە لەو شارۆچکانەی کە لە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردووەوە سوودمەندبووە لە پڕۆژەکە و  10 هەزار و 800 هاوبەش، کارەباکەیان بووە بە 24 کاتژمێری و 19 مۆلیدەش کوژاوەتەوە.

جومعە، هاووڵاتییەکی دانیشتووی شارۆچکەی عەربەتە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەر لە کۆنەوە عەربەت هیچ جارێک خاوەن کارەبای 24 کاتژمێری نەبووە، بەڵام ئێستا کێشەی کارەبامان نەماوە و بەهۆی کوژانەوەی 19 مۆلیدەش ژینگەی عەربەت زۆر خاوێن بووەتەوە و ئەمە جگە لە ژاوەژاو و دەنگی بەرزی مۆلیدەکان، کە زۆر هاووڵاتییانی نارەحەت کردبوو و چەند جارێکیش خۆپیشاندان کراوە بۆ ئەوەی مۆلیدە نزیک ماڵەکانیان نەبێت.

جومعە گوتیشی، ئەگەر هاووڵاتییان بە شێوەیەکی ڕێکوپێک کارەباکە بەکاربهێنن و فشاری زۆری نەخەنە سەر، بێگومان پارەیەکی زۆر نایەتەوە. دەشڵێت: هەندێک لە هاووڵاتییان پسوولەی مانگێکی مۆلیدەی نزیکەی 100 هەزار بۆ هاتووەتەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ناحیەی سیتەک و چەند ناحیەیەکی دیکە چوونە نێو پرۆژەکەوە و لە سنووری پارێزگای سلێمانی پڕۆژەی ڕووناکی هەروا دێت و فراوانتر دەبێت، تەنیا لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی نزیکەی 602 مۆلیدە کوژاونەتەوە، کە ئەمەش ڕۆڵێکی گرنگی لە خاوێنبوونەوەی ژینگەی شارەکە و دەوروبەری هەبووە.

 
 
Fly Erbil Advertisment