هەولێر پێكهاتەكەی پڕ لە ئەستێرەی كورد كردووە
7 یاریزانی كوردی گواستووەتەوە و گرێبەستی 7 یاریزانیشی نوێكردووەتەوە

یانەی هەولێر لە مێركاتۆی ئەم هاوینە زۆرترین یاریزانی كوردی گواستووەتەوە و پارێزگاری لە زۆرینەی یاریزانە كوردەكانی وەرزی رابردووش كردووە.
یانەی هەولێر بە راهێنەرایەتی باسم قاسم، لە گواستنەوەی هاوینە، پێكهاتەكەی پڕ كردووە لە یاریزانی كورد، ئەمڕۆ لە ماوەی 30 خولەك دوو یاریزانی دیكەی كوردی گواستەوە.
یانەی هەولێر، بۆ وەرزی نوێی خولی ئەستێرەكانی عێراق، حەوت یاریزانی كوردی وەرزی رابردووی هێشتووەتەوە كە پێكهاتوون لە نیاز محەمەد، ئەركان ئەمیر، گەیلان لوقمان، عومەر جەنگی، هەڵگورد قەیس، مستەفا قابیل و سەفین مەنسوور.
لە بەرامبەردا حەوت یاریزانی دیكەی كوردیشی گواستووەتەوە كە پێكهاتوون لە بژار مەهدی
ئاكۆ عوزێر، ژیار گۆڤەند، سەرهەنگ موحسین، عەلی شاخەوان، لاس هەمەوەندی و ئەحمەد زیرۆ.
لە لایەكی دیكەیشەوە بە گشتی یانەی هەولێر لە مێركاتۆی ئەم هاوینە دەستبەرداری 18 یاریزانی بووە و لە بەرامبەردا 15 یاریزانی نوێی گواستووەتەوە.
