کۆمپانیای سۆمۆ بۆ کوردستان24: هەموو ئامادەکارییەک بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت کراوە

بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ ڕایگەیاند: وەزارەتەکانی سامانە سروشتییەکان و نەوت، هەموو هەوڵێکیان بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت خستووەتەگەڕ. جەختی لەوەش کردەوە، هەموو ئامادەکارییەک بۆ ئەم مەبەستە کراوە.
شەممە 6ـی ئەیلوولی 2025، عەلی نزار، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، لە وەڵامی شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24ـدا، گوتی: لە لایەن ئێمەوە لە بارەی ڕێككەوتن و گرێبەستەكان هەموو شتێك تەواو كراوە و هەموو ئامادەكارییەك بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە کراوە.
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ، دەڵێت: ئێستا ئێمە چاوەڕێین نەوتمان بۆ بنێرن، هەروەها وەزارەتەکانی سامانە سروشتییەکان و نەوت هەموو هەوڵێکیان بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت خستووەتەگەڕ.
لە بارەی کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانەوە، عەلی نزار، ڕایگەیاند: ئەو بڕیارانەی کە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە دەرچوون، بۆ شێوازی جێبەجێكردن ڕوونن بۆ گەرەنتیكردنی مافی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنان و داهاتی نەوت لە وڵاتدا.
هەر ئەمڕۆ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە پەراوێزی کۆڕبەندی وزە لە بەغدا بە ڕۆژنامەنووسانی گوتبوو: کێشە لە نێوان کۆمپانیا نەوتییەکان و حکوومەتی هەرێم نەبووە، یان کۆمپانیا نەوتییەکان و حکوومەتی فیدڕال، بۆیە لەم ڕۆژانە کۆمپانیا نەوتییەکان و حکوومەتەکانی هەرێم و فیدڕال پێکەوە دەگەنە ئەنجامێک.
لای خۆیەوە شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ڕایگەیاندبوو، لە بارەی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت دوو داواکارییان هەیە، یەکەمیان ئەوەیە؛ حکوومەتی فیدراڵ دۆلارێک تا سێ دۆلار بەرانبەر هەر بەرمیلێک نەوت بدات بە کۆمپانیاکان بۆ ئەوەی بتوانن نەوت لە کێڵگەکانی کوردستانەوە بگوازنەوە بۆ بۆرییەکانی بەندەری جەیهان. حکوومەتی عێراقیش بەو پێشنیازە ڕازی نین.
داواکاری دووەمیش ئەوەیە؛ لە لایەن حکوومەتی عێراقییەوە گرەنتییەک بە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت بدرێت، پێش هەناردەکردنەوەی نەوت، وەزارەتی نەوتی فیدراڵیش ئاماژە بەوە دەکات، پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو لێکتێگەیشتنە لەگەڵ کۆمپانیاکان ئیمزا بکات.
پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، ئاماژەی بەوەش کردبوو، بۆیە ئەگەری هەیە، سێشەممەی داهاتوو، پرسەکە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت.