سەرچاوەیەک بۆ كوردستان24: كه‌ناڵی زووم به‌م نزیكانه‌ ده‌ست به‌كار ده‌كاته‌وه‌

سەرچاوەیەکی تایبه‌ت له‌ کەناڵی زووم ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، دوای زیاتر له‌ دوو هه‌فته‌ له‌ داخستنی كه‌ناڵه‌كه‌یان، به‌م نزیكانه‌ ده‌ست به‌ كاره‌كانیان ده‌كه‌نه‌وه‌.

شه‌ممه‌، 6ـی ئه‌یلوولی 2025، سەرچاوەیەک لە کەناڵی زووم تایبه‌ت به‌ کوردستان24 گوتی، نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئۆفیسی کەناڵەکەیان وەرگرتووه‌تەوە و بەم نزیكانه‌ دەست بە کارەکانیان دەکەنەوە.

بەرەبەیانی هەینی، 22ـی ئابی 2025،  شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی یەکێتی و هێزی دووپشکی سەر بە لاهور شێخ جەنگی ڕووی دا، دوای ڕووبەڕووبوونەوەیەکی توندی چەکداری کە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک بەردەوام بوو، لە ئەنجامدا چه‌ند كه‌سێك له‌ هه‌ردوولا كوژران و  چه‌ندانی دیکەش بریندار بوون، هەروەها لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی براشی دەستگیر کران.

چوارشەممە، 27ـی ئابی 2025، ڕه‌حمان غه‌ریب، ڕێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان بە كوردستان24ـی گوت،  یەکێتیی بە داخستنی کەناڵی زووم هەڵەیەکی گەورەتری کرد و  سەنتەری میترۆ داخستنی کەناڵی زوومی سەرکۆنە کردووە و بە پێشێلکردنی ئازادیی راگەیاندنی دەزانێت.

هەینی، 5ـی ئەیلوولی 2025، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەبارەت بە هەندێک بابەتی پەیوەست بە ڕووداوی شەڕەکەی لالەزار لە سلێمانی په‌یامێكی ئاراسته‌ی سەرۆکایەتیی هەرێم، سەرۆکایەتیی حکوومەت، سەرۆکایەتیی پەرلەمان، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی دادوەری، نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و کونسوڵخانە و نوێنەرانی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان كرد و له‌ باره‌ی كه‌ناڵی زوومیش گوتبووی، هێزە ئەمنییەکان تا ئێستا بەردەوامن لە دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی لاهور شێخ جەنگی و ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە ناوبراو، تەنانەت بە کەناڵی تەلەفزیۆنی (زوومی)ـشەوە، هەمووی بە هەڕەمەکی کراوە و ئێستاش دەکرێت، بۆیه‌ لێرەوە داوا دەکەین ئەو کارە ڕابگیرێت و سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ڕۆڵی خۆی لەو بابەتە بگێڕیت.

 
Fly Erbil Advertisment