چیرۆکی نەخشاندنی یەکەم ئاڵای کۆماری کوردستان بەدەستی ژنێکی دەستڕەنگین

خاتوو فاتیمە ئەحمەدێن رۆژی هەیینی کۆچی دواییکرد


K24 - هەولێر

خاتوو فاتیمە ئەحمەدێن، ئەو ئافرەتەی یەكەم ئاڵای كۆماری كوردستان لە مەھاباد نەخشاند، كۆچی دوایی كرد. کچەکەی لەڕێگەی کوردستان24ـەوە چیرۆکی چۆنییەتی نەخشاندنی ئاڵاکە دەگێڕێتەوە.

فاتیمە، ھاوسەری كەریم ئەحمەدێن، وەزیری پۆستە و تەلەگرافی كۆماری كوردستان بوو، رۆژی هەینی رابردوو لە مەهاباد کۆچی دواییکرد، بەڵام كۆرۆنا وایكردووە، پرسەی ئەو ژنە نیشتمانپەروەرە دەستڕەنگینە، سارد و سڕ بێت.

پەروانە ئەحمەدێن، كچی فاتیمە ئەحمەدێن باسی دەکات کە دایکی چۆن هەستی کردووە وەکو ژنە کوردێک کارێک بکات بۆ ئەو شادییەی دامەزراندنی کۆماری کوردستان.

پەروانە بەمشێوەیە چیرۆکی نەخشاندنی یەکەم ئاڵای کۆماری کوردستان دەگێڕێتەوە، دایکم "کەسێک کە کاری بۆ دەکرد بەناوی عەلی، دەنێرێتە ماڵی کاک یوسفی شافیعی، کە پورزای دایکم بووە و دەفەرموێت کاک سولەیمانی شافیعی کە وێنەکێشێکی باش بووە کاتی خۆی بێتە ماڵ و پێم گوت سلێمان گیان پێمخۆشە سوپرایزێکم هەبێت بۆ کۆماری کوردستان بۆیە پێمخۆشە دوو بە دوو کارێک بکەین؛ تۆ وێنەی ئاڵای کوردستان بکێشەوە و منیش دەینەخشێنم".

كەریم ئەحمەدێن، ھاوسەری فاتیمە وەزیری پۆستە و تەلەگرافی كۆماری كوردستان لە مەھاباد بوو، ھەر ئەو كەشە سیاسییە وایكرد حەزی فاتیمە بۆ كاری دەستی، یەكێك لە شانازییە نەتەوەییەكانیشی بۆ تۆماربكات و یەكەمجار ئاڵای كوردستانی بەدەستی خۆی نەخشاند.

پەروانە، بەردەوامە لە گێڕانەوەی چیرۆکەکە بۆ کوردستان24 لەسەر زاری دایکییەوە و دەڵێ دایکم گوتی "دوای ئەوەی ئاڵاکەم تەواو کرد، بە میرزا کەریمم گوت منیش دیارییەکم بۆ کۆماری کوردستان هەیە، لەگەڵ کاک سولەیمانی شافیعی ئاڵای کوردستانمان کێشاوەتەوە و گوڵدۆزیمان کردووە، باوکم زۆر خۆشحاڵ بووە و دەستخۆشی لە دایکم کردووە، لە پارچەیەکی سپیی پێچاوە و بردوویەتییە خزمەت پێشەوای نەمر".

هەروەها دەڵێ "باوکم فەرمووی ئاڵاکەم دایە دەست پێشەوای نەمر، ئاڵاکەی ماچ کرد و لەسەر سەری دانا و گوتی یاڕەبی سەیدزادە خانم دەستی خۆشبێت".

ئێستا زۆر یادگاری كۆماری كوردستان لە ماڵی فاتیمە خان ماون، بەڵام خۆی وەكو پارێزەری ئەو یادگاریانە كۆچی دوایی كرد، كچەكانیشی دەڵێن ئەوانیش رێگەی دایكیان دەگرنەبەر.

 

هـ.ر.

Fly Erbil Advertisment