چهكدارانی نهناسراو له سنووری زێی بچووك جموجۆڵ دهكهن
داوای پڕكردنهوهی بۆشاییه ئهمنییهكان دهكرێت
K24 - كۆیە
دوای سەربڕینی سێ گەنجی کورد لە گوندەکانی شەوگێڕاوە و شێخ بزێنی سنووری کەرکوک، ئێستا چەکداری نەناسراو دەپەڕنەوە ئەوبەری زێی بچووک و لە سنووری شارەدێی سێگردکانی قەزای کۆیە شەوانە دەبینرێن و چالاکی دەکەن .
جوتیاران و گوندنشینانی سنوورەکە بینیویانن و دەڵێن، سەرو شێوەیان لە چەکدارانی داعش دەچێت و بۆشایی ئەمنیش له ناوچهكهدا ههیه .قایمقامی کۆیە رایدەگەیەنێت ئەو جموجۆڵانە خەڵکی سنوورەکەیان ترساندووە، بۆیە گرنگە هێزێکی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە سنوورهكه جێگیر بکرێت.
بە گوتەی خەڵكی ناوچەكە، شەوانە چەکدارانی داعش لەو سنوورە دەبینرێن و چەند شەوێك لەمەوبەریش لەگەڵ هاووڵاتیەکدا تەقەیان لە یەكتر كردووە.
بەختیار محەمەد، ھاووڵاتییەكی دانیشتووی شارەدێی سێگردكانە و بە كوردستان24ی گوت: "بەھۆی جوڵەی ئەو چەكدارانە كە دەگوترێت داعشن، ئێستا خەڵك ناتوانێ شەوانە بە ئارەزووی خۆی بگەڕێت، من پێش ئەو دۆخە ھەموو شەوان لە دەرەوە بووم، بەڵام ئێستا ناچمە دەرەوە".
ھاووڵاتییەكی دیكەی ناوچەكە بەناوی كۆسرەت عەبدوڵڵا، دەڵێ: "لەم چەند شەوە ھەندێك تەقە لە ناوچەكە كرا، دەڵێن داعشن، ئێستا خەڵك ناتوانن بە ئارەزووی خۆیان بچنە ناو رەز و باخەكانیان".
پێش رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەلایەن هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بەهاوبەشی دەپارێزران و خەڵکی ئەو ناوچانە سەروماڵیان پارێزراو بوو، دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر پێشمەرگە لەو ناوچانە نەماوە، بەرپرسانی سەربازی و ئیداری سنوورەکە، گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم بەزامنی بەرقەراربوونی ئاسایشی ئەو ناوچانە دەزانن.
یوسف حەسەن ، قایمقامی کۆیە بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئەو چەكدارانە ئەگەر داعش بن كە لە ناوچەكە جموجۆڵیان ھەیە، سوودیان لەو بۆشایە وەرگرتووە كە لە سنوورەكەدا ھەیە، ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بەھاوبەشی دەتوانن ناوچەكە بپارێزن".
قایمقامی قەزای کۆیە، گوتیشی: "بوونی ئەو چەكدارانە ترس و دڵەڕاوكێی لەناو ھاووڵاتییان دروستكردووە".