"به‌ گوڵ پێشوازى له‌ خۆپيشانده‌ران ده‌كه‌ين، به‌ڵام هيچ په‌يامێكيان نييه‌"

Kurd24

K24 – هه‌ولێر

كاديرێكى راگه‌ياندنى پارتى ديموكراتى كوردستان، رايگه‌ياند، خۆپيشانده‌ران هيچ په‌يامێكييان نييه‌، ئه‌گه‌ر په‌يامێكيشيان هه‌بێت ئاماده‌ين به‌ گوڵ پێشوازييان لێ بكه‌ين.

نه‌ژاد كاميل، كاديرى راگه‌ياندن لقى 12ى پارتى ديموكراتى كوردستان له‌ هه‌ڵه‌بجه‌، به‌ راگه‌ياند، كه‌ ئه‌وان بۆ مه‌به‌ستى چاره‌سه‌ركردنى توندوتيژييه‌كان له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا بوونه‌ كه‌ به‌شێك له‌ خۆپيشانده‌ران هه‌ڵيانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر باره‌گاى لق.

ئه‌و كاديره‌ى راگه‌ياندنى پارتى راشيگه‌ياند، كه‌ خۆپيشاندانه‌كه‌ به‌ پيلانى حزبێكى ديارى ناوچه‌يه‌كه‌، چونكه‌ ئه‌و خۆپيشانده‌رانه‌ باره‌گاى چه‌ندين حزبى سه‌ره‌كى كوردستانييان جێهێشتووه‌و هێرشييان كردووه‌ته‌ سه‌ر باره‌گاى لقى 12ى پارتى.

كاميل نه‌ژاد، گوتيشى: "ئه‌وانه‌ى خۆپيشاندان ده‌كه‌ن هيچييان مووچه‌ خۆرنين".

كاميل نه‌ژاد، ئاماژه‌ به‌ خۆپيشانده‌ران ده‌كات و رايده‌گه‌يه‌نێت، كه‌ خۆپيشانده‌ران هيچ په‌يامێكييان پێ نييه‌ و ئه‌وان به‌ دار و به‌رد هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌رييان.

گوتيشى: "له‌و جۆره‌ كارانه‌دا، ته‌نيا منداڵى هه‌ژار و كه‌سه‌ نزيكه‌كانمان تووشى كاره‌سات ده‌بن".