59 ساڵ پێشمەرگایەتی سەرۆک بارزانی و قسەکەی تۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئێستای ئەمریکا

Kurd24

ئەمڕۆ 20ی ئایار، دروست 59 ساڵی رەبەقە بێ دابڕان، سەرۆک بارزانی پێشمەرگەیە. جەنابیان لە زۆر بۆنە و لێدواندا هەمیشە جەختی لەوە کردۆتەوە کە گەورەترین پلە و پایە و شانازی ئەوەیە پێشمەرگەیە.

 لە گەرمەی شەڕی بەرگری لە کوردستان لە دژی تیرۆریستانی داعش، هەر لەسەرەتاوە جەنابی سەرۆک وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە مەیداندا و لە نزیکەوە سەرپەرشتی بەرەکانی شەڕ و هەڵمەتەکانی پێشمەرگە و وردەکاری نەخشە و پلانە سەربازییەکان و دابینکردنی پێداویستییەکانی بەرەکانی دەکرد. لە ئۆکتۆبەری 2014 جەنابیان میحوەری رۆژئاوای دیجلەی بەسەردەکردەوە کە ئەمریکییەکان داوایان کردبوو شاندێکیان دێت و دەیانەوێت لە نزیکەوە جەنابی سەرۆک ببینن.

کات دانرا کە رۆژی 16ی ئۆکتۆبەری 2014 بوو، لە بارەگای فەرماندەیی دهۆک شاندەکە ببینێت.

 تۆنی بلینکن کە ئێستا وەزیری دەرەوەی ئەمریکایە ئەوکات راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی بوو و جۆزیف بایدنیش جێگری سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا بوو و سەرۆکایەتی شاندەکەی دەکرد و ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمه‌ریکا بوو لەگەڵ برێت ماکگۆرک و کۆنسوڵی ئەمریکا ئەندامی شاندەکە بوون.

پاش بە خێرهاتنیان لەلایەن جەنابی سەرۆک بارزانییەوە، تۆنی بلینکن بە گەیاندنی سڵاوی ئۆباما و بایدن دەستی بە قسەکانی کرد و گوتی: "جەنابی سەرۆک زۆر بابەت هەیە کە قسەیان لە سەر بکەین بە تایبەتی دوا پەرەسەندنی شەڕی داعش و مەلەفی پێکهێنانی حکومەت لە لایەن عیبادی و پێداویستییەکانی پێشمەرگە و رۆڵی سووننەکان لە پرۆسەکە، بەلام دەمەوێت بە جەنابت بڵێم کە چوومەوە یەکەم شت بە باراک ئۆباما و بایدن بڵێم ئەوەیە کە سەرۆک بارزانی گەنجتر بووەتەوە و تەندروستییەکی باش و وزەیەکی فراوان و چالاکیەکی زۆری پێوە دیار بوو لە چاو  جاری پێشوو، کە لە 2012 لە ئۆفیسەکەی خۆی لە سەرۆکایەتی هەرێم لەگەڵی کۆبووینەوە. دەکرێت نهێنی ئەمەمان پێبڵێیت".

جەنابی سەرۆک لە وەڵامدا، بە خەندەیەکەوە گوتی: "ئاخر ئێستا گەڕاومەتەوە پیشه‌ ئه‌سڵییه‌كه‌ی خۆم کە پێشمەرگایەتییە، پێشمەرگایەتیم لە هەموو پۆست و ناوونیشانێک لا پیرۆزترە. سەنگەرەکانی پێشمەرگە و بەرگری لە کوردستانم لە کاری ناو ئۆفیس لا پیرۆزترە، بۆیە شانازی بە پێشمەرگەبوونی خۆمەوە دەکەم و هەر ئەمەشە وزە و چالاکی و بەردەوامی زیاترم پێدەبەخشێت".