سەرۆک بارزانی و نەخشاندنی مێژوو لە پەراوێزی پەرتوکی بارزانی و بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد‌-دا

Kurd24

بە خۆشحاڵییەوە پەرتوکی (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد - بەشی پێنجەم - راپەڕین، دەرفەت و ئاستەنگەکان - ١٩٩١-٢٠٠٢)ـم خوێندەوە، لە نووسینی ڕابەر و سەرۆک مەسعود بارزانی.

ئەم پەرتوکە یەکێکە لەو زنجیرە پەرتوکانەی کە جەنابیان لەبارەی قۆناغەکانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد بە پێی سەردەم و قۆناغ و باروودۆخەکان نووسیوییەتی، کە بۆ منێکی خوێنەر بەشی پێنجەم زیاتر ئاوێتەی ھەست و ھۆشم بووە و رووداوەکانی خێراتر بەرجەستە دەبوون لەلام، بەو پێیەی کە خۆم یەکێکم لەوانەی کە قۆناغەکانی پێش راپەڕین و دوای راپەڕینم بینیوە و تیایدا ژیاوم و خۆم و خێزانەکەشم یەکێکین لە قوربانییەکانی شەڕی ناوخۆ.

گرنگی ئەم بەشەی زنجیرە پەرتوکەکەی سەرۆک بارزانی لەوەدایە کە دوو قۆناغی زۆر گرنگ و ھەستیاری بەیەکەوە گرێداوە، ئەوانیش قۆناغی شەرعییەتی شۆڕشگێڕی و قۆناغی شەرعییەتی دیموکراسین، کە زۆر بەڕوونی جەنابی سەرۆک ئاماژەی بۆ ھەردوو قۆناغەکە کردووە، لە لایەک پێکھێنانی بەرەی کوردستانی و یەکخستنی تواناکان و شۆڕش دژی رژێمی بەعس، لە لایەکی تریشەوە وتارە مێژووییەکەی سەرۆک بارزانی، دوای راپەڕین لە کۆیە، کە داوای دیموکراسی و ھەڵبژاردنی کردوو باسی لە حوکمی یاسا کرد.

من و ھاوتەمەنەکانی من بە نەوەی (مخضرم) دادەنرێین، کە بەختی ئەوەمان ھەبووە قۆناغی بەر لە راپەڕین و قۆناغی راپەڕین ببینین، ئەمەش لە خۆیدا گوزارشتە بۆ ھەڵسەنگاندن و بەراوەردکردنی ھەردوو قۆناغەکە بە چاوێکی تیژ و بە ھەستێکی وردوو وریاییەوە. زۆرمان لە ناو ئەو رووداوانەدا ژیاوین کە سەرۆک بارزانی بە شێوەیەکی زۆر روون و راشکاوانە باسیان دەکات، بەڵام کەممان توانیومانە وەڵامی ئەو پرسیارانە وەربگرینەوە کە بۆچی و چۆن و لەبەرچی ئەو رووداوانە روویانداوە، ھەمیشە بە گومانێکی لۆژیکییەوە تێڕوانینمان ھەبووە بۆ رووداوەکان، بەڵام کاتێک پەرتوکەکەی سەرۆک دەخوێنینەوە، ھەموو گومانەکان دەڕەوێنەوە و راستی رووداوەکان و پێویستی قۆناغەکانمان بۆ روون دەبێتەوە، ئەمەش لە خۆیدا گەورەترین خزمەتە بە مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستان و خەڵکی کوردستان کە جەنابی سەرۆک پەردەی لەسەر ھەڵماڵیوە و ھەمووانی ئاشناکردووە بە وردەکاری رووداو و پێشھات و قۆناغەکان و راستییە مێژوییەکەی وەک ھێلکەی پاککراو خستووەتە بەردەستمان.

ئەوەی ئەم پەرتوکە بخوێنێتەوە، کە پشتئەستوورە بە کۆمەڵێک بەڵگەنامە و دەستنووس و بروسکە و نامەی فەرمی و رای سەرکردە سیاسییەکانی کورد و ناوچەکە و جیھان، راستییەکی زۆر گەشی بۆ رووندەبێتەوە کە سەرۆک بارزانی و پارتی بە پێی ھەموو قۆناغەکان، ھەمیشە و بەردەوام جەختییان لە یەکڕیزی و تەبایی و پێکەوەیی کوردستانییان و بە تایبەت پارتی و یەکێتی کردووەتەوە، وەک چۆن ئێستاش داوای یەکڕیزی بەشێکە لە ستراتیژی پارتی بۆ بەھێزترکردنی ھەرێمی  و کوردستان و هەمیشە جەختی لێدەکاتەوە. ئەم ستراتیژە درێژکراوەی بیر و بڕوای رێبازی بارزانییە و بەشێکە لە بنەمای مانەوە و بەھێزبوونی ئەزموونی ھەرێمی کوردستان.

لایەنێکی تری ئەم پەرتوکە پێمان دەڵێت، راستگۆیی سیاسی و بڕوابوون بە قەزییەی کوردی، ئەو فاکتەرە بەھێزانەن کەلە ھیچ ئان و ساتێکدا پارتی و بارزانی سازشیان لەسەر نەکردووە و ناکەن، بەڵکو قوربانی بێشوماریشیان داوە لەو پێناوەدا، چ لە رابردوودا چ لە ئێستاشدا، ھەربۆیە عێراق و وڵاتانی دەوروبەر بە ھەموو ھێزیانەوە کاریان بۆ ئەوە کردووە کە کورد و کوردستان خاوەنی یەک بڕیاری سیاسی و یەک ویستی سیاسی و یەک ئامانجی سیاسی ھاوبەش نەبن، ھەروەک چۆن سەرۆک بارزانی لە باسکردنی قۆناغەکانی شەڕی ناوخۆدا بە ووردی ھەموو رەھەندەکانیمان بۆ شیدەکاتەوە و باس لە ڕۆڵ و کاریگەری و دەستتێوەردانی ھەریەک لە عێراق، ئێران، تورکیا، سوریا، ئەمریکا و بریتانیا دەکات بە تایبەت لە بابەتی چیرۆکی ھێڵی ١٢ـی ١٠ـدا.

لایەنێکی گرنگی تریش ئەوەیە کە سەرەڕای ئەو ھەموو قەیران و شەڕ و نائارامی و شڵەژانە سیاسییەی کە ھەبوون، بەڵام ھەمیشە سەرۆک بارزانی دەستێکی بە پاراستنی ھەرێمی کوردستانەوە بووە و دەستەکەی تریشی بە پێگەیاندن و گەشانەوە و ئاوەدانییەوە بووە، بۆ نمونە لە کاتی سەردانی سەرۆک بارزانیدا  بۆ نەمسا و دیداری لەگەڵ مۆریس مۆک، وەزیری دەرەوەی نەمسا، بارزانی داوای ھاوکاری نەمسای کردووە بۆ زانکۆی سەڵاحەدین، ئەمەش ھێمایە بۆ گرنگیدانی سەرۆک بە بواری خوێندن و بەردەوامیدان بە خوێندن و پێگەیاندنی تاکی کوردی لەسەر زانست و زانیاری لەو سەردەم و قۆناغەدا.

ئەم پەرتوکە پێمان دەڵێت کە پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی تری بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردی چ رۆڵێکی بەرچاو و کاریگەریان ھەبووە لە دروستکردنی بەرەی کوردستانیدا و چۆن توانیویانە بەرنامەی راپەڕین دابڕێژن و پلانی بۆ دابنێن و سەریبخەن، لە هەمان کاتدا پارتی و یەکێتی چ رۆڵێکی گرنگییان هەبووە بۆ کۆکردنەوە و رێکخستنی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی و چۆن وڵاتانی زلھێزی وەک ئەمریکا و بریتانیا لەو سەردەمەدا چاویان لە ھەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بووە بۆ رێکخستن و کۆکردنەوەی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی و ئامادەکردنییان بۆ ھەر پێشھاتێک بە ئاراستەی رووخاندنی رژێمی بەعس.

دیبلۆماسییەتی کوردی و بە تایبەت پارتی ھەر لە پێش راپەڕین و لە کاتی بەرەی کوردستانیدا، دیبلۆماسییەتێکی گەشاوە و کاریگەر بووە، رەنگە رەگەزی جوگرافی کاریگەری خۆی ھەبوبێت، بەڵام لە پاڵ ئەوەشدا رەگەزی کاریگەریی سیاسی و ھێزی سەر زەوی پێشمەرگە و ھەڵوێستی سیاسی سەرۆک بارزانی، ھێزە راستەقینەکەی دیبلۆماسییەتی کورد بوون لەو قۆناغانەدا کەلە پەرتوکەکەدا بە درێژی ئاماژەی بۆ کراوە و چەندین بەسەرھات و رووداو باسکراون کە گوزارشتن لە لێزانی و کارامەیی دیبلۆماسییەتی کوردی، بۆ نمونە؛ ئەو کاتەی خاتوو پلاتکای ئەمریکی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە کاک ھوشیار زێباری دەڵێت: گەر پارتی لە کۆبونەوەکانی ئۆپۆزسیۆنی عێراقیدا بەشداری نەکات، یەک دۆلاری پێنادرێت لەو پێنج ملیۆن دۆلارەی تەرخان کراوە بۆ روخاندنی سەدام.

لە وەڵامدا کاک ھوشیار زێباری وەڵامێکی بەجێی دەداتەوە و پێی دەڵێت: ئێمە ئامادە نابین و ئەو بڕە پارەیەی کە بۆ پارتی دانراوە وەریبگرین، ھەڵیگرە و بۆ خۆت بیدە بە سیگار!

ھەروەھا سەرۆک بارزانی پێی راگەیاندوون کە بە راستی دەتانەوێت سەدام بە پێنج ملێۆن دۆلار بڕوخێنن!

ھەر لە درێژەی ناوەخنی پەرتوکەکەدا بۆمان رووندەبێتەوە کە خۆخۆری و خۆبەزلزانینی بەشێک لە پارتە سیاسییە کوردییەکانی وەک یەکێتی و پەکەکە چەند جێگای نائومێدی و ناڕەحەتیبوون بۆ پارتی و کوردستان و چۆن ھەمیشە لە بیر و خەیاڵی ئەوەدابوون کە پارتی لەناوبەرن، لە بری ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە کە چۆن لەگەڵ پارتیدا یەکدەستبن و سەرکەوتنی گەورەتر بۆ کورد و کوردستان تۆمار بکەن، زۆر بابەت و بەڵگە لە پەرتوکەکەدا ئاماژە بەوە دەکات کە بەشێک لە لایەنەکان، بەرەی نەیاریان ھەڵبژاردووە بۆ لێدان لە پارتی و تەنانەت لەسەر بنەمای دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە کاریان کردووە، ھەر بۆیە چوار قۆناغی پڕ ئازار و مەینەتی شەڕی ناوخۆمان بەسەربردوو لە بری ئەوەی ئەو سەردەمە سەرقاڵی گەشانەوە و گەشەکردن بوینایە، کەچی سەرقاڵی شەڕ و مەینەتی و نەھامەتی بووین. هەر لەو پێناوەشدا چەندین سەرکردە و پێشمەرگە و هاوڵاتی ئاسایی هەرێم بوونە قوربانی شەڕێکی بێ ئەنجام و ماڵوێرانکەر.

هەر لە درێژەی باسەکانی  پەرتوکەکەدا ناوی کەسایەتییە سیاسییەکانی سەردەمی بەرەی کوردستانی و دوای راپەڕین و سەردەمی شەڕی ناوخۆش ئاماژەیان پێکراوە، جوانی باسکردنەکانییان لە لایەن سەرۆک بارزانییەوە لەوەدایە کە لەو قۆناغانەی بەھەڵوێستبوون، بە ستایش و پێزانینەوە ناویان ھێنراوە، کاتێکیش بەرەو چەوتی رۆیشتوون و خراپ مامەڵەیان کردووە وەک خۆیان باسکراون، ئەمەش ئەوپەڕی جوامێری و ئەمانەتی سەرۆک بارزانیمان نیشان دەدات بۆ یاداشتکردنی مێژوو وەک خۆی.

بەشێکی تری پەرتوکەکە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ ئەو دیسپلین و ئاکارە بەرزانەی کاری حیزبی کە پارتی پەیڕەوی کردووە لە ژیانی سیاسی خۆیدا، بۆ ھەر بابەت و رووداو و بەسەرھات و سەردانێک، کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و سەربازی و تەنانەت کۆبونەوەی جەماوەریش رێکخراوە و ھەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخەکان کراون و بڕیاری پێویستییان لەسەر دروان، ئەمەش پێمان دەڵێت کە پارتی هەمیشە و لە سەرجەمی ئەو قۆناغانەدا بەوپەڕی دیموکراسی بڕیاری داوە و رای مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکلاکەرەوەبوون و ھەمووانیش بەرپرسیارییەتی بڕیارەکانییان ھەڵگرتووە، کە دواجار بەم رێگەیە پارتی توانیویەتی بەھێز و پتەو و یەکدەست و یەک بڕیار بمێنێتەوە لە ژێر سایەی سەرۆک بارزانیدا.

ئەم پەرتوکە روونیدەکاتەوە بۆمان کە پارتی لە ژێر ھیچ فشار و گوشارێکدا نەچووەتە ژێر ڕکێفی ھیچ کەس و لایەن و دەوڵەتێکەوە و ھەمیشە خاوەنی بریاری خۆی بووە لە ئەوپەڕی ھێزیدا و لە کاتی بێھێزیشیدا، ئەمەش گەواھیدەری ئەوەیە کە پارتی پارتێکی خاوەن ئامانجە و رێگای راستی خۆی بەجێنەھێشتووە لە پێناو تولە رێی کاتیدا.

جەنابی سەرۆک دەیەوێت پێمان بڵێت مێژوو بەڵگەکان و رووداوەکان دەینوسنەوە و هەرچی روویدابێت و رووبدات بکەرەکانی دەبێت بەرپرسیارییەتییە مێژووییەکەی هەڵبگرن و هیچ شتێک وون نابێت و هەموو راستییەکان لە کاتێکی گونجاودا دەردەکەون و رووندەبنەوە بۆ خەڵکی کوردستان، جا بە باش و خراپەکانەوە.

هەروەها ئەم پەرتوکە و بەرگەکانی تریشی وانەی گەورەی مێژوویین بۆ هەمووان و دەکرێت پەند و عیبرەتی لێوەربگیرێت و ئەو برینانەی لە رابردوودا جەستەمانی ئازارداوە دەبێت بۆ داهاتوو ساڕێژ بکرێن و رێگە نەدرێت کەس قەتماغەی هەڵبداتەوە و بیکولێنێتەوە و ئەزموونیان بکاتەوە.

بە گرنگی دەزانم ھەر کوردستانییەک ئەم پەرتوکەی سەرۆک بارزانی بخوێنێتەوە و لە کرۆکی قۆناغەکانی بەرەی کوردستانی و راپەڕین و شەڕی ناوخۆ و ھەڵوێستی وڵاتان تێبگات.

نەوەکانی داھاتوو خۆشبەختن کە مێژووی بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد لە دووتوێی پێنج بەرگدا لە نووسینی سەرۆک بارزانی، لە بەردەستیاندایە و دەتوانن ھەمیشە وەک سەرچاوەیەکی بایەخدار و بەکەڵک بۆی بگەڕێنەوە و سودی لێ وەربگرن.

ئەم پەرتوکە بەھادارە بە بەڵگە و ئارگومێنتەکانی، رووی راستەقینەی ھەموو لایەنەکانی دەرخستووە و دەرفەتی بۆ ھیچ بێنە و بەردەیەکی لابەلا نەھێشتۆتەوە. ستایشی هەموو ئەوانەشی کردووە کە رۆژێک لە رۆژان بە کردار و گوفتار و هەڵوێستەکانییان کاریان کردووە لە پێناو کورد و کوردستاندا.

پەرتوکەکە لە پێرست و پێشەکی و بیست بەش و کۆتایی و بەڵگەنامەکان پێکھاتووە و بە شێوەیەکی زۆر ئاسان نوسراوە لە رووی زمان و تێگەیشتن و بڕگەکانەوە و لە کاتی خوێندنەوەدا پشوویەکی تەواو بە خوێنەر دەبەخشێت بەو پێیەی بابەت و باسەکان بڕگە بڕگە کراون و دەتوانیت بە ئاسانی لێی داببڕێیت و بچیتەوە سەری بۆ درێژەدان بەخوێندنەوەی.