شه‌ڕ دژی قەتەر لەنێوان سەردەم و فەرهەنگدا

Kurd24

لە چەند هەفتەی رابردوو هەتا ئێستا بەزەحمەت ڕۆژێک تێدەپەڕێت بەبێ  هێرشی نوێ لەلایەن بەشێک لە میدیای ڕۆژئاواوە بۆ سەر قەتەرو لە پەنای قەتەریش فەرهەنگ و كولتووری عەرەبی و ئیسلامی، هێرشەکان لەلایەن راگەیاندنەکانی رۆژئاوا بۆ سەر قەتەر بێ وەستانن  پێدەچێت هێرش و فشاری راگەیاندن لەسەر قەتەر هەتا دوای کۆتایی مۆندیال هەر بەردەوام بن.

دیارە ئەم هێرشانە لە ١١ ساڵی رابردوو دەستیان پێکردوە لە سەرەتا بە چۆنیەتی بەدەستهێنانی مافی میوانداریکردنی مۆندیالی فیفای ٢٠٢٢ بەناوزڕاندنی قەتەر دەستی پێکرد، دوای ورژاندنی چەندین پرسیار بەتایبەتی لە هەندێک راگەیاندنەکانی رۆژئاوا باس لە دانی بەرتیل لەلایەن قەتەر بە بەرپرسانی فیفا لە بەرامبەر بەخشینی میوانداری یاریی مۆندیالی ٢٠٢٢،  بەڵام هەر زوو دوای دەست بە بنیاتنانی ژێرخانی سەنتەرە وەرزشییەکان  ئاراستەی هێرشەکان گۆڕان بۆ سەر  بارودۆخی ئەو کرێکارە بیانییانەی کە ژێرخان و پرۆژەی گەورە دروست دەکەن بۆ سازکردنی پاڵەوانێتی تۆپی پێ لە ساڵی ٢٠٢٢. ئەوەی ئێستا بە بەردەوام لە راگه‌یاندنه‌كان دەوترێتەوە ئەوەیە کە لەوانەیە ژیانی گەشتیارە هاوڕەگەز بازەکان لە قەتەر ئارام و پارێزراو نەبێت، ئەم پرسە بە ئەندازەیەک گەورە کراوە کە میری قەتەر و بەرپرسە باڵاکانی قەتەر بەردەوام لە راگه‌یاندنه‌ رۆژائاوییەکان لەسەر ئەم پرسە ئەم هەراسان و هەمیش شه‌رمەزار دەکەن، دیارە پرسیارێکی جدی دێتە پێشەوە، لە کاتێکدا قەتەر تەنها داوای رێزگرتن لە ئاین و بەها کۆمەڵایه‌تییەکانی لە گەشتیاران کردووە، کەچی میدیاکان قەتەریان خستۆتە نێوان بەرداشێک کە فرسەتی وەڵامێکی دروستی نەبێت، بۆچی؟!

هەر لەسەرەتا پێدەچوو نوسینە نەرێنیەکان لەسەر قەتەر بەردەوام بن، بەڵام بە ئامانج گرتنی قەتەر لە رێگای پاراستنی مافی کرێکاران و مافی هاوڕەگەزبازی یان تۆمەتی بەکارهێنانی نادروستی گوماناویی پارە لە پێناو بەدەست هێنانی شه‌ڕەفی میواندارییەتی مۆندیال رەنگە ئەوەندەی پەیوەندی بە رەگەزپەرستی و گرفتی ئاینی و رەنگی پێستی مرۆڤەکان بێت ئەوەندە پەیوەست نەبێت بە خوودی قەتەر، بەڵام دیارە  شانیشینی قەتەرو قەتەرەییەکان باجی راسته‌وخۆی ئەم بە ئامانج گرتنە دەدەن.

رەگەزپەرستی بەرامبەر بە وڵاتێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەروونی لەلایەن سەرۆکی  پێشوی فیفا سێپ پلاتەر پیاوێک بەوە ناسراوە کە بێدەنگی لەبەرامبەر زۆر روداو هەڵدەبژێرێت  لە نیوەی ڕێگادا بوو بۆ ئەنجامدانی کارێک کە وتی "ڕەگەزپەرستی و جیاکاریێکی زۆر" هاوڕێی "گەردەلوولەکە دەبن". لە ساڵی ٢٠٢٢دا، مەبەستی ناوبراو پەلامارو هێرشە میدیایەکانی رۆژئاوان بۆ سەر قەتەر.

  دیارە تۆمەتی حاڵەتی دووەم کە قەتەر راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ تۆمەتبار دەکرێت، کە بە شێوەیەکی نایاسایی و نادادپەروەرانە لەرێگای بەخشینی پارە میوانداری مۆندیالی بەدەست هێناوە، هەستی توڕەیی و ناڕەزایەتی قەتەریەکان بە تەواوی ڕاستەقینە و ڕەهایە، چونکە بە شێوەیەک خوێندنەوەی بۆ دەکرێت ئەم تۆمەتە دەچێتە خانەی ئیهانەو ناوزڕاندنی دەوڵەتی قەتەر. 

سەبارەت بە کەمتەرخەمی لە مافی کرێکارە بیانییەکان و شێوازی مامەڵەی کۆمپانیاکان دیارە قەتەر دانی نا بە کەموکوڕی لە دەستەبەرکردنی تەواوی مافەکانی کرێکارە بیانییەکان و لە کۆتاییدا چاکسازی زۆر بەرچاوی لە کەرتی کرێکارە بیانییەکان کرد و لە هەندێک کێسی تایبەتدا قەرەبووی زیان لێکەوتوەکان کرد و چاکسازییەکانیش لە راپۆرتی کۆمیسۆنی باڵای نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆڤ رەنگدانەوەی هەبوو.

بێگومان پێشێلکاری مافی کرێکار بابەتێکە رەنگە هیچ وڵات و نەتەوەیەک نەتوانێت خۆی بە بێتاوان لەبەرامبەر ئەم پرسە بزانێت، بەڵام ئەمە مانای ئەوە ناگەیێنێت کە چاوپۆشی لە پێشلکارییەکان بکرێت، بەڵام وەک کوردەواری دەڵیت زل لە چاوی خۆت ببینە ئەوجا گا لە چاوی خەڵک ببینە.

ڕەنگە ئاسان نەبێت بە بەکارهێنانی وشەی "ڕەگەزپەرستی"، بەڵام بە دڵنیاییەوە ڕاستە کە زۆرێک لە ڕاپۆرتە ڕۆژئاواییەکان بە نەزانینێکی قووڵ لە دەوڵەتانی کەنداوی عەرەبی و مێژوو و کەلتوور و نەریت و دەستکەوت و جیاوازییەکانیان دەڕوانن، دیارە ئەم تێگەیشتنەش لە سەیرکردنی هەموویان وەک بنیاتێکی ناڕوون و پلۆتۆکراتی خوێندنەوەی بۆ دەکرێت، کە کردار و پێکهاتە کۆمەڵاتییەکان و پەیوەندیە ناوخۆییەکانیان  راستەوخۆ بە شێوەیەکی گوماناویی دەبینن، ئەمەش تەنها لەبەر ئەوەی پابەند نین بە چەمکە ڕۆژئاواییەکان سەبارەت بە ئازادی و نەزهی سیاسی و داب و نەریتە کۆمەڵایه‌تیەکان بە تایبەتیش لە هەڵسوکەوتی تایبەت بە پەیوەندی نێوان نێرینەو مێینە، ئازادی رەگەز بازی هتد..

ئەوانەی لە وڵاتانی کەنداودا دەژین بە باشی ئاگاداری ئەو واقیعەن، واقیعێک کە تێیدا بەتەواوی ئاساییە بۆ ژنان، وەک خانم شێخە موزا لە قەتەر یان شێخە لوبنا لە ئیمارات، پۆستی دیار بەڕێوەبەرن،  کە ئەو کەرتانەی پێشتر تەنها پیاوان بۆیان هەبوو ببن بە سەرپەرشتیاری یەکەم، بەڵام ئێستا ئەم پۆستانەو دەیان پۆستی تر بەڕووی ژناندا کراوەتەوە دیارە ئەم دیاردەیە لە وڵاتانی تریش زۆر باوە بۆ نمونە لە عێراق، کوێت، سوریاو کوردستان و سعودییە و تورکیاو وڵاتانی تریش.

بەڵام کەم لەم بارەیەوە لەو کەسانە دەبیستت کە ناتوانن لە دەرەوەی چارۆک و عەبای رەشی خۆ پۆشینی ژنان  هیچ شتی تر ببینن،  دیارە بەشێکی زۆر لە تێگەیشتنی رۆژائاواییەکان لەسەر كولتوورو فەرهەنگی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی کە کوردستانیش دەگرێتەوە یان بە گرێمانەیی یان بەشێوەیەکی چەشنە چەقبەستووەکان خوێندنه‌وە بۆ گەلانی کەنداو و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن.

ئەوەی جێی گومان و  خەمباریە ئەوەیە  زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسانی رۆژئاوایی کە گەشتێکی کورت بۆ یەکێک لە وڵاتی کەنداو دەکەن بە تەواوی بڕیاریان داوە کە چی دەنووسن تەنانەت پێش ئەوەی بگەن و ئەزمونی وڵاتەکە بکەن.

ئەوەی جێی پرسیارە  ئەوەیە کە ئایا قەڵەم رۆیشتوەکانی بەناو هزرە کراوە رۆژئاواییەکان بۆ ناتوانن پێش گەیشتینان بۆ کۆکردنەوەی ڕاستییەکان لەگەڵ گێڕانەوەی پێشوەختە پلان داڕێژراوەکانیان لەگەڵ داستانە راستییەکان بگونجێت؟، کێشەی سەرەکی زۆرینەی نوسەرو رۆشنبیرە رۆژئاواییەکان ئەوەیە زۆرجار ناتوانن قبوڵ بکەن کە هاووڵاتیانی دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست ڕەنگە بۆچوونێکی جیاوازیان هەبێت لەسەر، بۆ نموونە، سروشتی پێوەرە کۆمەڵایەتیەکان و ڕێزگرتن بە پلەبەندی!. بەردەوام کێشەی زۆریان هەیە لە تێگەیشتن لەوەی بۆچی قەتەرییەکان یان وڵاتانی تر لە ناوچەکە نایانەوێت گاڵتە بە سەرکردەکانیان بکەن!. بێگومان لە تێگەیشتنی بەشێکی زۆری میدیاکانی رۆژئاوا ئەگەر وڵاتێک ئازادی رەگەزبازی و ناوزڕاندنی سەرۆک و گەورەکانیان پەیڕەو نەکەن ئەوا دێمکراسی و ئازادی لەم وڵاتە بوونی نییە!

بەڵام ئەوەی تێی نەگەیشتون ئەوەیە کە مەرج نییە  نەریتێک جێگەی سەرسوڕمان یان گاڵتەجاڕی یان ئیدانە کردن بێت کە لەگەڵ یاساو و رێنماییەکانی وڵاتانی تر ناگونجێت، دیارە هەر نەتەوەیەک بەهای جیاوازیان هەیە کە کەلتوور و یاسا و پلەبەندی گونجاو کە وڵاتەکەیان لەسەر بنیات نراوە، بە تایبەتیش کە زۆرینەی هاووڵاتیانیانەوە پشتگیری لێ دەکەن.

گرنگە راگه‌یاندنه‌كانی رۆژهەڵاتی و بەگشتی و کەنداوی عەرەبی  ئەو هەڵە میدیایە ڕۆژئاواییانە کە لە ڕاپۆرتەکانیان لەسەر کەنداو دەنوسن بە جدی وەریبگرن، چونکە هەر ئەو ڕاپۆرتکردنەیە وڵاتانی عەرەبی ئیسلامی دەخاتە چوارچێوەیەک و ژیان و بەهاکانی ئەم گەلانە لەبەر چاوی رۆژئاواییەکان سنوردار دەکات و بەهای تاک لە وڵاتانی خۆیان بێ ئومێد دەکات.

ئەو بیانیانەی لە ناوچەکەدا دەژین دەزانن کە ئەم راپۆرتانە چەند کەمکردنەوەیە لە بەها مرۆڤایەتییەکان و شێواندنی راستیەکانە، ئەوەندەش گاڵتەجاڕییە بە ئەقڵی خوێنەرە رۆژئاواییەکان. لە دونیای شارستانییەتی عەرەبی و ئیسلامیدا زۆر زۆر لایەنی ئەرێنی دیکەی ژیان هەن کە  میدیا نێودەوڵەتییەکان بە دروستی و دادپەروەرانە  دەتوانن ڕاپۆرتی لەسەر بکەن. ئەوەی لەلایەن قەتەر و بەشێکی زۆر لە هاونیشتیمانیانی وڵاتانی تری ناوچەکە چاوەڕێ دەکرا  ئەوەبوو میدیا رۆژئاواییەکان شان بەشانی میدیاکانی قەتەرو وڵاتانی تر لە ناوچەکە ئاهەنگی یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و بەیەک گەیشتنی هەردوو جەمسەری رۆژئاواو رۆژهەڵات لە مۆندیالی ٢٠٢٢ بگێڕن، چاوه‌ڕێ دەکرا بەیەکەوە پەیامی مرۆڤایەتی و ئاشتی لەسەردەمی شه‌ڕو ئاشوب بە گوێی دونیادا بدرێت،  ئایا بەڕاستی ئەوە زۆرە بۆ ئەوەی هیوای بۆ بخوازرێت؟، بەڵام دیارە سەرکەوتنەکان دڵی هەندێک مرۆڤ بە ئەندازەیەک تەنگ دەکات کە هیچ سنورێک بۆ بەها راستەقینەکان ناهێڵێتەوە..

ئاوات مستەفا

ماستەر لە پەرەپێدانی نێودەوڵەتی لە زانکۆی نیوکاستل-نۆرسئەمبریا، نوسەر و شاره‌زا لە کاری رێکخراوەیی و خێرخوازی، شرۆڤەکاری سیاسی لە پەرەپێدانی مرۆیی.