پەروەردەکراو

Kurd24

"پەروەردەکراو"، بە ئینگلیزی Educated، ناوی کتێبێکە، خاتوو تارا وێستئۆڤەر بە زمانی ئینگلیزی نووسیویەتی. ئەم کتێبە بەسەرهاتی ژیانی نووسەرە، ئەو کێشە و گیروگرفتانەی کە دین و فەرهەنگی خێزانی بۆی دروستی کردبوو. چیرۆکی کەنیشکێک کە لەژێر دەست و پەروەردەی خێزانێکی مەسیحی گەورە دەبێت. چیرۆکێک کە بە گوێڕایەڵی و ترس لە باوک و دین دەست پێدەکات و بە بەچێهێشتنی ماڵ و کەس و کاری کۆتایی پێدێت. هەر ئەمەش ئەبێتە هۆی نەخۆش بوون و ناخۆش کردنی ژیانی تارا بۆ ساڵەها، تا ئەوەی کە بڕیار دەدات چیرۆکی بە هەموو خەڵکی دونیا بڵێت و دونیا لێی ئاگاداربێت کە چی بەسەر هاتووە. کاتێک کە خاتوو تارا چیرۆکی ژیانی دەنووسێت و بڵاوی دەکاتەوە، خەڵکێکی زۆر دەبنە خوێنەری و دەنگدانەوەی زۆری لە میدیاکاندا ئەبێت. دەنگدانەوەی ئەوەی کە دین و فەرهەنگ تا چ ڕادەیەک ئەتوانێت مرۆڤ کراوە یاخود بەستراو بکات. 

خاتوو تارا بەسەرهاتەکەی لە زمانی خۆیەوە و هەر لە منداڵییەوە دەگێڕێتەوە. کچێک کە لە خێزانێک گەورە ئەبێت کە باوکی ئەم خێزانە باوەڕی بە پەروەردەی حکوومەتی نیە، باوەڕی بە میدیا و راگەیاندن نیە، باوەڕی بە دام و دەزگا حکوومییەکان وەکو خەستەخانە  و ئیدارەی نفوس نیە. باوکی تارا نەک تەنیا باوەڕی پێیان نیە بەڵکو بە دوژمن سەیریان ئەکات، بەو جۆرە سەیریان ئەکات کە حکوومەت ئەیەوێت ژیانیان کۆنتڕۆل  بکات و بیانخاتە ژێر چاودێری. باوکی تارا بە شێوەیەکی بەردەوام ئەو بیر و باوەڕانە بۆ ئەندامانی خێزانەکەی دەڵێتەوە، بە جۆرێک کە ئەوانیش باوەڕی پێدەکەن و گوێڕایەڵی ئەبن. 

باوکی تارا باوەڕی وایە کە خوێندنی حکوومی مەترسییەکی گەورەیە کە بە دەستی ئیلومیناتییەکان ئیدارە دەکرێت، کە دەیانەوێت مێشکی منداڵانی خەڵک بە باوەڕەکانی خۆیان بشۆرنەوە. بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم هەڕەشەیە، باوکی تارا کەنیشک و کوڕەکانی بە پەروەردەی ماڵەوە گەورە ئەکات. خوێندنی ماڵەوە یان قوتابخانەی ماڵەوە چەمکێکە کە بۆ ئەو خێزانانە بەکار دێت کە منداڵانیان بۆ قوتابخانەی حکوومی نانێرن. تارا و برا و خووشکەکانی لە ماڵ فێری زمان، و بیرکاری و زانست ئەبن. دیارە نەبوونی مامۆستا و کتێب و پێداویستییەکانی خوێندن کێشە و گرفتی زۆریان بۆ درووست ئەکات. بە شێوەیەک کە ناتوانرێت بەو جۆرە کە قوتابی لە قوتابخانە فێر ئەبێت فێر بکرێن. پەروەردەی ماڵەوە ئاسۆیەکی دیار و ڕوونی بۆ تارا و براو و خوشکەکانی نەبوو. هەر ئەمەش وادەکات کە بیر و هۆشی ئەم منداڵانە لەسەر خوێندن نەمێنێت. باوکی تارا کارگەیەکی تایبەت بە ئاسنی هەبووە، کە کارێکی قورس و پڕ لە مەترسی بووە. هەرچەند کە کاری ئاسن وەکوو بڕین و جۆش کردنی کاری کچ نیە، بەڵام باوکی ناچاری ئەکات کە لە بەردەستی خۆی کار بکات. لەو ماوەیە کە لە لای باوکی کار دەکات تووشی برین و نەخۆشی ئەبێت بەڵام باوکی ناهێڵێت کە بچێت بۆ دکتۆر، لەبەر ئەوەی کە بە باوەڕی ئەو دکتۆرەکانیش هاودەستی حکوومەتن لە زاڵ بوون بە سەر ژیان و جەستەی خەڵکەوە. باوک و دایکی تارا باوەڕیان وایە کە ئانتی بایوتیک ژەهرە و بەکارهێنانی لەش ژەهراوی دەکات و کاریگەری خراپی ئەبێت لەسەر منداڵبوون. 

ساڵ و کات ئەگوزەرێت و تارا ناخۆشی زۆر ئەبینێت بەڵام لەهەمان کاتییشدا سەروگوێی ئەکرێتەوە بۆ دونیای دەرەوەی. تارا بە دزی ماڵەوەیان هاتووچۆی شوێنانێکی وەکوو سینەما و شانۆ ئەکات و هاوڕێیانێێک بۆ خۆی دەدۆزێتەوە. ئاشنایەتی لەگەڵ دونیای دەرەوە وای لێدەکات کە بیەوێت بچێتە قۆتابخانە بخوێنێت. بەڵام باوکی ناڕازییە کە ئەم کارە بکات. تارا هەر پێداگری لەسەر ئەمە ئەکات، کە ئەبێتە سەرەتای کێشە لەگەڵ باوکی. تارا ئەچێتە قوتابخانە و ژیانێکی نوێ تەجرووبە ئەکات. لە ڕێگەی خوێندنەوە و وانەکانی قوتابخانە بە نەخۆشی بایپۆلار ئاشنا ئەبێت. بایپۆلار (لە ویکیپدیای کوردی بە ئاڵۆزی دووجەمسەری وەرگێڕدراوەتەوە) نەخۆشییەکی دەروونییە کە دەستەیەک نیشانەی وەکوو، خەمۆکی و شەیدایی هەیە. تارا ئەو باوەڕەی لا درووست ئەبێت کە باوکی نەخۆشی دەروونی بایپۆلاری هەیە، کە بووەتە هۆی ئەوەی ژیانی خۆی و خێزانی لێیان تاڵ بێت. هەر ئەمە وای لێدەکات کە ئەوەندەی تر لە خێزانی دوور بێتەوە و زیاتر بە خوێندنی لەسەر ئەو گرفتانەی کە هەیانبووە لێکۆڵینەوە بکات. تا ئەوەی کە تارا لە زانکۆی کەمبریج وەردەگیردرێت. بەڵام تارا پاسپۆرتی نیە بۆ سەفەر کردن، چوونکە ناسنامەی نیە. ئەمەش لەبەر ئەوەی کە باوکی باوەڕی بە هیچ ئەوراقێکی حکوومەتی نیە. باوکی تارا تەنیا باوەڕی بە ڕێبازێکی مەسیحییەکان بە ناوی رێبازی مۆرمۆنەکان هەیە کە بە پێی ئەم باوەڕ و ڕێبازە هەموو شت بۆ مرۆڤ ڕۆشن کراوەتەوە. باوکی تارا زۆر توند دەستی بەم ڕێبازەوە گرتووە. تا ئەو جێگەی کە دڵنیایی هەیە کە ئاخیرووزەمان بەم زووانە دێت و ئەبێت کە بیری خۆیان بکەونەوە لە دابینکردنی ژیانیان لە رۆژانی سەختی هاتنی دووبارەی عیسای کوڕی مریەم. باوکی تارا چەکی زۆر و جۆراوجۆر دەکڕێت، خواردنی زۆر لە ئەنبار دەکات و تانکەری پڕ لە بەنزین درووست دەکات بۆ ڕووژانی سەختی کۆتایی دونیا. ئیتر تارا چی ئەکات و چی ئەوێت بە لای باوکیەوە ڕێگەیەکی شەیتانییە.

تارا بە زەحمەت پاسپۆرت وەردەگرێت و دەچێت بۆ ئنگڵەند لە کەمبریج ژیانێیکی نوێ دەست پێدەکات. لەوێ و لەگەڵ ئاڵۆزبونی پەیوەندەییەکانی لەگەڵ خێزانی، لێکۆڵینەوەی دکتۆراکەی لەسەر خێزان و ئاکار و زانستە کۆمەلایەتییەکان دەنووسێت. 

لەگەڵ تەواوی ئەو ناخۆشییانەدا، باوکی تارا کەنیشکی خۆی خۆشدەوێت و دڵی بۆی دەسووتێت. ئەو پێیوایە کە شەیتان دەستی لە تارا وەشاندووە و ئەبێت کە دوعای لەسەر بخوێنرێت. باوکی دەچێت بۆ لای کە ڕازی بێت دوعای لەسەر بخوێنرێت. بەڵام تارا ئەڵێت نە. چوونکە پێیوایە کە دین و دوعای باوکی ئەیانەوێت ژیان و جەستەی بخەنە ژێر کۆنترڵی خۆیان. هەرئەمەش وادەکات کە ئیتر پەیوەندی تەکی باوکی بە تەواوی بپچڕێت. 

تارا لە کۆتایی چیرۆکەکە پەیامەکانی بۆ خوێنەر ڕۆشن ئەکاتەوە و ئەنووسێت کە دوای ساڵەها لە گەڕانی زۆر و بە پەروەردە بوونی زانکۆوە و کۆرسەکانی جوراوجۆری خوێندنەوە، هەر لە زانکۆی کەمبریج تا زانکۆی هاروارد، توانی کە خۆی پێبگەیەنێت و خۆی گەورە بکات، لە کاتێک کە خێزانی بە کۆیەک باوەڕی دینی بەستراوەوە و نەخۆشی دەروونییەوە نەیاندەهێشت کە بەو گەورەییە بگات. تارا ناوی کتێبەکەی دەنێت "پەروەردەکراو"، کە ئاماژە بەوەیە کە زۆر ڕەنجی بینی بەڵام لە کۆتاییدا زاڵ بوو بەسەر ئەو کەن و کۆسپانەی نەیاندەهێشت بە شێوەی باوی کۆمەڵگا و حكوومەت پەروەردە بێت. ئەو پەروەردە تارای فێر کرد کە باوکی نەخۆشی دەروونی هەبووە و دونیا بەم زووانە کۆتایی نایەت. ئەمە بە ڕوونی ئەوە ئەگەیەنێت کە چەندە مرۆڤەکان بە بیر و باوەڕەکانیان بەربەست بۆ کەسانی نیزیکی خۆیان درووست ئەکەن و ژیانیان لێ تاڵ ئەکەن. گرنگی ئەم کتێبە بۆ زمان و خوێنەری کوردی ئەتوانێت ئەوە بێت کە پەیوەند بدەڕیت بە باوکساڵاری یان نێرسالاری وە هەروەها سوڵتەی دین کە لە نێو کۆمەڵگەی کوردی دەستی باڵای هەیە. چونکە خۆم کوردم و ئاشنای ماڵی کوردم، زۆرم بینیوە کە خێزانەکان نەیاندەهێشت کە منداڵەکانیان بە تایبەتی کەنیشکەکانیان بچنە قوتابخانە و بخوێنن. هەرچەند ئیسلام جیاوازی زۆری لەگەل دینی مەسیحی هەیە، بەڵام زۆر بووە کە لەبەر تێکەڵێیەک لە باوەڕەکانی خێڵەکی تەکی چەمکە دینییەکان بوونەتە هۆی ئەوەی کە بەرگری بکەن لە چوونی کچان بۆ خوێندن، بە تایبەتی لە قۆناغی زانکۆ. 

یەکێکی تر لە گرنگییەکانی ئەم چیرۆکە ئەوەیە کە بە دوای وەڵامی ئەم پرسیارانەوە بین، کە پەروەردە لە کێ و کوێ وەربگرین؟ چ بنکە و پەروەردەیەک شایستەیی ئەوەی هەیە کە منداڵەکان تێیدا بخوێنن؟ خوێندنی بنکە جیاوازەکان وەکوو ماڵەوە، مزگەوت، حوجرە، قوتابخانەی حکوومی و زانستگە ئەهلییەکان، لەسەر چ بونیادێکی فیکری منداڵ گەورە ئەکەن و دواڕۆژی ئەم منداڵانە لە کۆمەڵگا چی ئەبێت؟ ئایا ئەبێت حکوومەت ئاگای لەو منداڵانە بێت کە بە هۆکاری جۆراوجۆر لە بنکەکانی دەرەوەی خوێندنگە حکوومییەکان ئەخوێنن؟ ئایا ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەم بنکە پەروەردەییانە کە دەستە بیر و بەهایەکی جۆراوجۆریان هەیە دوایی کێشە بۆ خۆیان و کۆمەڵگە بنێنەوە؟ 

وەرگێڕانی چیرۆکەکەی خاتوو تارا ئەتوانێت تا ڕادەیەک خوێنەری کورد لەگەڵ بیر و ژێرخانی فەرهەنگی کۆمەڵگەی دینی ئەمریکی، وە ڕۆژئاوایی بە گشتی، ئاشنا بکات. هەرچەندە خاتوو تارا لە سەرەتای کتێبەکە ئەڵێت کێشەی لەگەڵ ڕێبازی مۆرمۆنەکان نییە، بەڵام خوێنەر ناتوانێت بیری لێ نەکاتەوە کە کاریگەری دین لەسەر پەروەردەی نەوەکان چۆنە و چەندەیە. لەم کورتە باسە من تەنیا بەشێکی فرە کەمی ئەو چیرۆک و باسانەم باسکردووە. بەشکە لە داهاتوو وەرگێڕێک چیرۆکەکە وەربگێڕێت!