گریمانەکانی پشت دیداری بەشار ئەسەد و ڤلادیمێر پوتن

Kurd24

لەم بابەتەدا دەمەوێت ئەگەرەکانی پشت سەردانی بەشار ئەسەد بۆ رووسیا شرۆڤە بکەم،  وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە،  ئاخۆ رووسیا لە ئێستادا چی لە بەشار دەوێت، من گریمانەی ئەوەدەکەم کە رووسیا ئامانجییەتی سووریا سیگنالێک بدات بە تورکیا کە ئەگەری گەڕانەوەی ئاوارەکانی سووریا لە تورکیا بۆ ناوچەکانیان لە سووریا بەهێزە، ئەمەش هاوکارییەکی باش دەبێت بۆ ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکانی ئایاری 2023ی تورکیادا، هەروەها بەشێکە لەو پڕۆسەیەش بۆ ڕێکخستنەوەو ئیدارەدانی دەسکەوتەکانی لە ناوچەکە رووسیا جێبەجێی دەکات.

دوازدە ساڵە سووریا گۆڕەپانی تەسوییەی حساباتی هێزگەلی ناوچەیی و جیهانییە و رووسیاش پاڵپشتێکی سەرەکی شەخسی بەشار ئەسەد و ئەنزیمەکەیەتی، لەوانەیە خۆڕاگری ئەسەد لەبەرامبەر هەوڵی ئەو هێز و لایەنانەی دەیانەویست بەچەک ئەسەد بڕوخێنن، بەشە گرنگەکەی بۆ هەڵوێستی پڕ لە پشتیوانی رووسیا لە سووریا بگەڕێتەوە.

گەشتی بەسار ئەسەد لە رۆژی سێشممە 14ی ئاداری 2023بۆ رووسیا و مانەوەشی بۆماوەی دوو رۆژ نیشانەی جێگیربوونەوەی دەسەڵاتەکەیەتی و رژێمیش تاڕادەیەکی زۆر ئاسایشی ماڵباتی ئەسەدی جێگیر کردووەتەوە.

رۆژێک دواتر و چوارشەممە بەشار ئەسەد و پوتن کۆبوونەوە، هەڵوێستەکانی بەشار بەرامبەر داگیرکاری رووسیا بۆ ئۆکرانیا بەشێوەیەک بوو کە سووریا بەتەواوی وەک زروەی دەسەڵاتی رووسیا بیردەکاتەوە و سەرکردەکانی ئۆکرانیای بە نازییە نوێیەکان ناوبردن، ئەسەد تۆمەتباری خۆرئاوای ئەوروپاشی کرد لەبەر پشتگیری بۆ ئۆکرانیا.

پەیوەندی تورکیا و سووریا و خواستی رووسیا

بۆ رووسیا، تورکیا رۆڵێکی گرنگ دەبینێت و گرنگییەکە زیاتر لە بەر هاوسەنگییە لە دەریای رەش، ئەو ئاوە گرنگەی کەنارەکانی لە قرم و هەرێمەکانی دیکە کەوتنە ژێر دەستی سوپای رووسیا. سەرەڕای ئەوەی ئەندامی پەیمانی ناتۆیە، تورکیا تاڕادەیەک لە ناوەڕاستی ناکۆکییەکان وەستاوە، ئەمەش بۆ رووس گرنگ و بۆ ناتۆ گرفتێکی جددی بوو.

هەرچەندە سوودوەرگرتن لە ناکۆکی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی لە نێوان رووسیا و دەوڵەتانی رۆژئاوا و لەناویاندا ئەمەریکا، پێش ئەردۆغان لەلایەن مستەفا کەمالی باوکی عەلەمانییەتی تورکیا بەڕێوەبردراوە، ئەوەی ئەمڕۆش بۆ پوتن، دەوڵەتی تورکیای تاڕادەیەک بێلایەنکردووە، ئەردۆغانە. کە لەبەردەم هەڵبژاردنێکی گرنگدایە بۆ سەرۆکایەتییەکەی خۆی و بۆ پارتەکەشی لە پەرلەمان.

لاوازی ئەردۆغان بوونی رێژەیەکی گەورەیە لە ئاوارەی سووریایە و ئوپۆزیسیۆنی تورکیا، بوونی ئاوارەکان و دەرهاویشتە سەختەکانی بۆ تورکیا کردووە بە کارتێکی کەمپەینی بەهێز دژ بە ئەردۆغان، هەرچەندە لەنێوان تورکیا و سووریا گفتوگۆیەک هەبوو بەڵام بەرهەمێکی نەبوو، بەتایبەتی بوومەلەرزەکەی تورکیا و سووریا دەرفەتی بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارە سوورییەکانی لاواز کرد. مەبەستی پوتنە کەشێکی گونجاوتر لەنێوان تورکیا و سووریادا بەدیبێنێت و لەهەڵبژاردنەکانیشا خزمەتی پارتی دەسەڵاتدار لە تورکیا بکات.

شۆی سەرۆکەکان

لە دانیشتنەکەدا هەردوولا گفتوگۆیەکی ئاشکرایانکرد، پوتن بە ئاماژەدان بە رۆڵی سوپاکەی باسی  لە هەوڵە هاوبەشەکانیان و بەشداری یەکلاکەرەوەی هێزە چەکدارەکانی رووسیادا  کرد، کە وەک ئاماژەی پێدا، ئەنجامی بەرجەستەی لە شەڕی دژی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی بەدەست هێناوە، هەروەها باسی لەو سەختیانەیش کرد کە بەهۆی بوومەلەرزەکانەوە بەدیهاتوون٫ ئەمەش دوو پەیام بەخۆوەدەگرێت بیری بەشار دێنێتەوە کە رووسیا هاوکاری مانەوەی بووە، پێشی گوت بۆ بونیاتنانەوەتان رووسیا لەپێش لایەنەکانی دیکە دەبێت.

بەشار ئاماژەی بە ڕۆڵی رووسیا کرد لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتییدا بۆ وێنە ئاماژەی پێدا ئەو پێگە گرنگەی  فیدراسیۆنی رووسیا لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا، خزمەتی سەروەریی کۆماری عەرەبی سووریا و نەزاهەی خاکەکەی دەکات و بەردەوام دەبێت و گوتیشی پێویستە هەموو ئەو هێزە دەرەکیانەی کە  بە نایاسایی لە سووریان دەربچن کە بەپلەی یەکەم مەبەست تورکیا بوو، دواتر ئەمەریکا، لەمەوە بەم دەرئەنجامە گریمانەییە دەگەین کە ئەگەر پرسی گەڕاندنەوەی ئاوارەکانیش هەبێت بەڵام سووریا بە مافی خۆی دەزانێت خاکەکەی پاک بکاتەوە لە داگیرکاری.

ئەمەریکا و رووسیا نوقرچەی گفتوگۆ

لەوانەیە لەو کاتەدا بەریەککەوتنی دووفڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە لە گرژی زیاتر ئامانجی ئەو گفتوگۆیە دەگمەنە بێت کە لەنێوان لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریکا و سێرجی شۆیگو هاوتا رووسییەکەی بە  تەلەفۆن ئەنجام درا.

دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە دەریای رەش بەیەکیاندادا، ئەمە بووە هۆی دروستبوونی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی هەردوو وەزیری بەرگری رووسیا و ئەمەریکا چونکە فڕۆکەکان ئەمریکی و رووسی بوون.

دوابەدوای رووداوەکە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەختیکردەوە کە ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە فڕین لە هەر شوێنێک کە یاسا نێودەوڵەتییەکان رێگەی پێبدات.

ئەمەریکا لە دەریای رەشدا جموجۆڵی سەربازی زیاتر کردووە، هەرچەندە بەریەککەوتنی دوو دڕۆنەکە تەنیا پەیوەندییەکانی نێوان رکابەرەکانی گەرمترکرد بەهۆی قسەکردنەکانیان بە تەلەفۆن. لەگەڵ ئەوەشدا رووسەکان لە دۆخێکدانین بە زمانێکی توند لەگەڵ ئەمەریکا کاردانەوەیان ببێت، بۆیە وەزارەتی بەرگری رووسیا جەختیکردەوە کە بە شێوەیەکی گونجاو کاردانەوەی دەبێت لە ئەگەری ئەوەی ئەمەریکا پرسی فڕۆکەکە گەورەبکات. لەم لێدوانەوە دەردەکەوێت رووسیا بەهۆی خۆپێداکێشانەوە دڕۆنەکەی خستووەتە خوارەوە.  ئێستا لە کەناراوەکانی قرم کەشتی فڕۆکەی ستراتیژی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکا هەیە، کە رووسەکان پێیان وایە رۆڵی تەحریکی زیاتری پێکادادانەکانە.

گرنگی رێکخستنەوەی دوای دەستکەوتەکان بۆ رووسیا:

1. ئیدارەدانی تورکیا و مانەوەی بە بێلایەنی، بۆ ئەمەش رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا گرنگن.

2. گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریکا و هەروەها جۆرێک لە رازیکردنیان بە واقعی داگیرکاریەکە بەتایبەتی لە ناوچەکانی دەریای رەش کە سەروەرییان بۆ ئۆکرانیا دەگەڕێتەوە.

3. ئیدارەدانی پەیوەندی سێکوچکەیی رووس، چین و ئێران.

4. بەهێزکردنی بنکە سەربازییەکانیان لە ناوچەکانی کە هەژموونی رووسیا بەسەریانەوە هەیە.

لەژێر سەب تایتلی رێکخستنەوەی دوای دەستکەوتەکان ئاماژە بە بڕگەی ژمارە چوار دەکەم،  چونکە سەرۆکی سوریا رۆژی پێنجشەممە گوتی، پێشوازی لەهەر پێشنیازێکی رووسیا دەکات بۆ دانانی بنکە سەربازییە نوێکان و زیادکردنی ژمارەی سەربازەکان لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی  ناوەڕاست و سوریاش، ئامانجی سووریا تەنیا لەبەر رۆشنایی ئەوەیە کە رووسیا لەو کاتەوە کە  شەڕی ناوخۆی سوریادا دەستیپێکردووە یارمەتی دا، هاوسەنگییەکە لە بەرژەوەندی ئەسەددا دروست بکات و دڵنیای  مانەوەی سەرکردەی سووریا بکات. بۆیەش ئەسەد دووپاتیکردەوە پێویست ناکات بوونی بنکەکانی سەربازی  رووسیا لە هیچ وڵاتێک کاتی بێت.

شانبەشانی بنکەی ئاسمانی حیمیمیمی بەناوبانگ، مۆسکۆ کۆنتڕۆڵی بنکەی دەریایی تەڕتووس لە سووریا دەکات، کە تاکە شوێنی دەریاییە لە دەریای ناوەڕاستە، لە سەردەمی یەکێتی سۆڤیەتەوە بەکاردێت.

ئۆفیسی ئەسەد لە تویتەردا رایگەیاند کە هەردوو سەرکردە باسیان لە "هەماهەنگی هاوبەش لە فۆرم و پەرەسەندنە جۆراوجۆرەکان لە گۆڕەپانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیدا کردووە"، تێبینی ئەوەی کرد کە ئەسەد "، پێگەی سووریای نوێکردەوە لە پشتگیریکردنی مافی رووسیا بۆ بەرگریکردن لە ئاسایشی نەتەوەیی خۆی. سەرەنجام دەتوانین بڵێین رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رۆژهەڵاتی ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ئاسیا، بێ رووسیا بەڕێوەناچن، ئەمەش بەجۆرێک جەختکردنەوەیە لە دابەشبوون لە پەیوەندی نێودەوڵەتیدا.