چەمکی پێکەوەژیان لە سیستەمی یاسای نێودەوڵەتی و بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد دا

سەرەتای دەرکەوتنی گرنگی دان بە بنەمای پێکەوەژیانی ئاشتیانە coexistence دەگەرێتەوە بۆ ڕێککەوتنی نێوان چین و هیندستان لە ساڵی 1954. ئەمەش بۆیەکەم جار ئەم زاراوەیە هاتە ناو فەرهەنگی یاسای نێودەوڵەتییەوە. لەگرنگترین خاڵەکانی ئەم رێکەوتنە بریتی بوون لە شەڕانگێزی نەکردن؛ دەستێوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی؛ یەکسانی و سوودی یەکتر؛ و خودی پێکەوەژیانی ئاشتیانە.
هەرچەندە ئەم بنەمایانە، دەتوانین بڵێین، پێشتریش بەشێک بوون لە میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان، یان لە ڕووی زاراوەیی یان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە بەشی شەشەم و حەوتەمی میساقەکەدا سەبارەت بە یەکلاییکردنەوەی ئاشتیانە جەختی لێ کرا بوونەوە.
وێرای ناکۆکی و جیاوازی ئایدۆلۆجی هەردوو بلۆکی رۆژئاوا و یەکەتی سۆڤییەت، بەلام ئەم باکگراوەندە بوەهۆی پێشکەوتنێکی سیاسی و یاسایی بە شێوەیەکی کاریگەر بەوپێیەی کاتێک کۆمەڵەی یاسای نێودەوڵەتی کە بنکەکەی لە لەندەنە، بڕیاریدا پێکەوەژیان بکاتە بڕگەیەکی سەرەکی بەرنامەی کار لە کۆبوونەوەی دوو ساڵانەی خۆیدا لە ساڵی 1956 بەڕێوەچوو، و دواتر گرنگیەکی تایبەتی پێدرا وەک زاراوەیەک لە سیستەمی یاسایی-چەمکی یاساییدا دانرا.
ئەوەی جێی بایەخە، ئەم چەمکە لە بلۆکی رۆژئاوا و بلۆکی سوڤیەت دا دەرکەوت ، وە دەرکەوتنەکە بەشێوەیەکی یاسایی دەگەرێتەوە بۆ سالانی 1945، لەکاتێکدا بەگەرانەوە بۆ مێژوو دەرکەوتنی بنەمای پێکەوەژیان لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد دا دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی شێخ عەبدولسەلام بارزانی دووەم، گرنگیەکی زۆر بە پێکەوەژیان و پەیوەندی کۆمەڵایەتی دا بەپێی بنەمای یەکسانی و چۆنیەکی، لەرووی رێزگرتنیان لە کولتور و داب و نەریتیان و تەنانەت پاراستنیان لە بەرامبەر هێرشی نەیارەکانییان.
نموونەش بۆ ئەمە، سەرۆک مەسعود بارزانی لە کتێبەکەیدا بەناوی “بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد لە ساڵی 1931- 1958لە بەرگی یەکەم دەگێرێتەوە: پەیوەندی بەهێزی نێوان شێخ عەبدولسەلام بارزانی و مارشەمعونی پاشای ئاشوریەکان دەگەرێتەوە بۆ ئەو هاوکارییەی لە نێوان هەردووکیان دا هەبوو لە ساڵی 1907. تەنانەت لەگەل ئەرمەنیەکانیش پەیوەندی باش بووە ، هەوڵی پاراستنیان دراوە ، دەلێت کاتێک ئەرمەنیەکان دووچاری کوشتار بوونەتەوە لە ساڵی 1920 پاشا ئەندرانیک داوای هاوکاری لە شێخ ئەحمەد بارزانی کردووە بۆ رزگارکردنیان.
ئەوەی لێرەدە مەبەستمە، تیشک بخەمە سەر سەرهەلدانی چەمک و بنەمای پێکەوەژیان لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردا کە دەگەرێتەوە بۆ پێش دەرکەوتنی لە بلۆکی رۆژئاوا و بلۆکی سۆڤیەت دا، پێش سالانی 1945 بووە، لەسەردەمی فەرمانرەوایی شێخ عەبدولسەلام بارزانی دا. دووەم ؛ بنەمای پێکەوەژیان جێگەی بایەخ و پاراستن بوو لە ئایدۆلۆجیەتی بارزان بۆ هەمیشە . شایەنی باسە حکومەتی ئێستای هەرێمی کوردستان خاوەن یاسایەکە بەناوی یاسای ژمارە 5ـی ساڵی 2015ـی تایبەت بە پاراستنی کەمینەکانە کە جەخت لە پاراستنی بنەمای پێکەوەژیان دەکاتەوە. بۆ ئەم مەبەستەش زیاتر لە 100 کەنیسە و شوێنی پەرستنی ئایینییان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان هەن.
وێڕای ئەمەش بەشداری کارایان لە داموو دەزگایەکانی حکومەتی هەرێم دا هەیە، مافە سیاسی وڕۆشنبیریەکانیان لەلایەن حکومەتەوە پارێزراوە.