جەنگی جیهانیی سێیەم لە ئەوروپا

Kurd24

جەنگی ڕووسیا-ئۆکرانیا زیاتر لەوەی خایاند کە پێشبینی دەکرا، 24ـی شوباتی ئەمساڵ دوو ساڵی تەواوی تۆمار کرد بەسەر جەنگەکە، ئەوکاتەی سەرۆک ڤلادمێر پوتین فەرمانی بەسەربازانی ووڵاتەکەی کە ژمارەیان بە هەزاران سەرباز دەخەمڵێنرا دا، هێرش بکەنە سەر ئۆکڕانیا.

لە راستیدا چەند مانگێک پێش ئەوەی هێرشەکە ئەنجام بدرێ ڕووسیا ئامادەکاری بۆ جەنگێکی ئاوا کردبوو، جگە لەوانەش سەرۆک جۆ بایدن مەترسی داگیرکردنی ئۆکرانیای لە لێدوانێکدا باس کردبوو، هەر ئەوەش هاتە دی. هاوینی ساڵی 2022 ئەو کاتە کە بۆریس جۆنسن سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بوو پێشبینی خۆی بۆ کۆتاییهاتنی جەنگی ئۆکرانیا بۆ کۆتایی ساڵی 2023 کرد، ئەم لێدوانە بووبە مایەی سەرسوڕمان بۆ زۆر چاودێری سیاسی بەڵام بەداخەوە زیاتر لەوەی خایاند کە ئەم سەرۆک وەزیرانە پێشبینی کرد. گرفتی گەورەی ئەم جەنگە ئەوەیە کە ڕەهەندێکی نێودەوڵەتی وەرگرتووە لەوەدا کا کاریگەری خراپی ئابووری کردووەتە سەر تەواوی جیهان هەر لە بەرز بوونەی نرخی خۆراک تا دەگاتە گرانبوونی نرخی کەلوپەل و لەوەشەوە بۆ بەرپابوونی هەڵاوسانێک کە تەواوی جیهانی گرتووەتەوە.

لە ئێستادا ئەوروپییەکان لە دڵەراوکێیەکدا دەژین کە هەر لە سەرەتای جەنگەکەوە هەیانبووە. دڵەروکێیەک کە بۆنی جەنگی جیهانی لێدێت. بیرمان نەچێت سەدەی بیست خوێناویترین سەدە بوو بۆ ئەوروپییەکان، سەدەیەک کە تیایدا 80 میلۆن کەس بوونە قوربانی دوو جەنگی جیهانی کە ئەوروپیەکان خۆیان دەستپێشخەری بوون. دوای 70 ساڵ ئاشتی و گەشەو ئاسایش، جەنگی رووسیا رابردووی تاڵی ئەم دووجەنگەی هێنایەوە بیری ئەوروپییەکان. بەواتایەکی تر ئەوان لەم وێرانکاری و برسێتی و خوێنڕشتنە دەترسن کە دوو جەنگە جیهانییەکە بەسەریهێنان: جەنگی جیهانی یەکەم: 1914-1918، جەنگی جیەهانی دووەم: 1939-1945. ئەوەی شایەنی باسەو لەم ووتارەدا دەمەێ تیشکی بخەمە سەر ترسێکی نوێی ئەوروپیەکانە، ترس لە بەرپابوونی بوونی جەنگی جیهانی سێیەم کە ئەویش سەرچاوەکەی جەنگی ئێستای ڕووسیا-ئؤکڕانیایە.

رۆژنامەی شەرقوڵئەوسەت دوو رۆژ لەمەوبەر ناوەرۆکی چاوپێکەتنێکی دۆناڵد تاسک، سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندای بلاوکردەوە کە تیایدا شتی تازەی لەسەر جەنگی ڕووسیا-ئۆكرانیا ووت. سەرۆک وەزیران ووتی لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە وا یەکەم جارە کیشوەری ئەوروپا چووەتە قۆناغی پێش جەنگەوە. ئەو پەی وایە ئەگەر چی راستیەکی تاڵە بەڵام قۆناغێکی تازەی جەنگ دەستی پێکردووە وە ڕۆژ بەرۆژ لە جەنگ نزیکتر دەبنەوە. دۆناڵد تاسک پێشتر سەرۆکی ئەنجومەنی ئەورپا بووەو لایەنگرێکی باشی ئۆکرانیا بووە کە دراوسێیەتی هەیە لەگەڵ ووڵاتەکەی، ئەو دۆڕانی ئۆکرانیا بە نەبوونی سەلامەتی بۆ هەرکەسێک لە ئەوروپا دەبینێت. جگە لەوانە، ترسی خۆشی نیشانداوە لە گەرانەوەی دۆناڵد ترەمپ. لە راستیدا نەک هەر ئەو بەڵکو چەندین ووڵات و شیکەرەوەی سیاسی هەڵبژاردنەوەی ترەمپ بە سەرۆکی ئەمەریکا بە مەترسی گەورە بۆ داهاتووی ئەوروپا و لاوازبوونی و خراپتر بوونی جەنگەکە دەزانن.

یەکێک لە مەترسییەکانی گەڕانەوەی ترەمپ بەڵێنی ئەو سەرۆکەیە بە کشانەوەی ووڵاتەکەی لە ناتۆ کە لەم بارەشدا هاوپەیمانێتییەکە لاواز دەبێت و ئەوروپا یەکێتییەکی لاواز دەبێت بەرانبەر رووسیاو فراوانخوازی و هەڕەشەکانی. پەیوەست بەم بابەتە لە تازەترین لێدوانیدا ڤۆلۆدمێر زیلینسکی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی ئەمریکی واشنگتۆن پۆست رایگەیاندووە هاوکارینەکرنی ئۆکرانیا لەلایەن ئەمەریکاوە واتای پاشەکشەی ئەوانە لە جەنگ. ڕارایی سەرۆکی ئۆکرانیا لە هاوکارینەکردنی سەربازی ئەمەریکا بەهۆی ئەم ناکۆکیەوەیە کە ئێستا لە کۆنگرێس هەیە سەبارەت بە هاوکاریکردنی ووڵاتەکە.

مەترسی بەرپابوونی جەنگێکی تری جیهانی بەلای زۆر کەسەوە دوورنییە لە واقع. سەرۆکی ئۆکرانیا نەیشاردۆتەوە کە "ئەگەر بێتوو ڕێگە بە دەستدرێژیەکانی رووسیا نەگیرێت ئەوا واتای روودانی جەنگی جیهانی سێیەم دەبێت". لەمەر ئەم بابەتە، وەزیری دەرەوەی هەنگاریا هۆشداریداوە لەبەرپابوونی جەنگی جیهانی ئەگەر بێتوو هێزەکانی ناتۆ (NATO) بڕۆنە خاکی ئۆکرانیاوە. لە چەند راپرسیەکی جیاوازدا کە کراوە خەڵکی ووڵاتانی خۆرائاوا پێشبینی خۆیان کردووە بۆ پەرپابوونی جەنگێکی تری جیهانی. لەم راپرسیانەدا لە 61%ی ئەمریکییەکان، 68%ی فەرەنسییەکان، 63%ی ئەڵمانییەکان وە لە 53%ی بەریتانییەکان پێیان وایە لە 5-10 ساڵی داهاتوودا جەنگی جیهانی سێیەم روودەدات. هەربۆیە جەنگی جیهانی سێیەم بەلای زۆر کەسەوە ئەگەرێکی راستوقینەیەو پێویستە رێگری لێبکرێت.