وەك هەمیشە سەركەوتن هەر بۆ گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنە

Kurd24

دوای هەوڵ و ماندووبوونی هەردوو حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کێشەو ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم بەغدا توانرا چارەسەرێک بۆ کێشەی مووچەخۆرانی هەرێم بدۆزرێتەوە..

دوای ئەوەی لە ساڵی ڕابردوو ڕێکەوتنێک لەنێوان هەردوو سەرۆک وەزیرانی عێراق و هەرێم واژووکرا بە مەبەستی چارەسەری کێشەکانی نێوان هەردوولا، ئەوەبوو چەندین لایەنی شۆڤینی و تێکدەر ویستیان ئەم ڕێکەوتنە لەبارببەن، بەڵام لە کۆتاییدا بە هەوڵ و کۆششی بەڕێز محەممەد شییاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان چارەسەرێک بۆ گرفتی مووچە دۆزرایەوە و کێشەی مووچە چارەسەرکرا و توانرا زاڵبن بەسەر ئەو کۆسپ و گرفتانەی کە دەخرانە بەردەم ڕێکەوتنەکان.

لێرەوە تەقدیری هەوڵەکانی بەڕێز محەممەد شییاع سوودانی و بەڕێز مەسرور بارزانی دەکەین و هەروەها هەموو ئەو لایەنانەی کە هاوکارو پشتیوان بوون لە دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ گرفتی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

جێی ئاماژەیە لە کۆتاییدا هەر گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن چارەسەری بنەرەتین بۆ تێپەراندنی دۆخە سەختەکان، لێرەوە  پیرۆزبایی لە تەواوی موچەخۆرانی هەرێم دەكەین و هیوادارین ئەم دەسكەوتە دەستپێكی گەڕاندنەوەی شادی و كۆتاییهاتنی قەیرانی دارایی فەرمانبەرانی هەرێم بێت لە سایەی هاتنەکایەی لێکتێگەیشتنی سەرۆك وەزیران بەرێز محەممەد شییاع سوودانی و سەرۆكوەزیران بەڕێز مەسرور بارزانی.