ئایا ئابووری چین بەردەوام دەبێت لە گەشەکردن یان داڕمان؟!، با لێگه‌ڕێن ژماره‌كان خۆیان بدوێن!

Kurd24

وەک دووەم گەورەترین ئابووریی جیهان و گرنگترین بزووێنەری گەشەی ئابووریی جیهانی، ئابووری چین هەمیشە جێگای سەرنجی بیروڕای گشتیی جیهانی بووە. ماوەیەکە تێڕوانینی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ ئابووریی چین جیاواز و ته‌نانه‌ت جەمسەرگیری بووە.

له‌م دواییانه‌دا سندوقی دراوی نێودەوڵەتی پێشبینییه‌كانی بۆ گەشەی ئابووریی چین لە ساڵی 2024 دا بەرزکردەوە، به‌مه‌ش متمانه‌ی به‌ توانا و خۆڕاگری ئابووریی چین دانا. ئەمە تێبینییه‌كی عەقڵانی و بابەتییە. هاوکات، هەندێک لە سیاسەتمەداران و ڕۆژنامە ڕۆژئاواییەکان بە پاڵنەرێکی نهێنیەوە و بە دەنگێکی بەرز پێشبینی داڕمانی ئابووری چینیان ده‌كرد. ئەو قسە و تێڕوانینە ڕچاونه‌كراوانه‌، هەرچەندە بە هیچ شێوەیەک نوێ نین، بەڵام زۆر جار بە هەڵە پەسەند کراون. ئه‌وان مەبەستیان بە سیاسی کردنی پرسە ئابووری و تەکنەلۆژییەکانه‌ و بەستنەوەیان بە ئاسایشی نەتەوەییەوە بە ئامانجی ڕێگریکردن لە هەوڵەکانی چین بۆ گەیشتن بە پێشکەوتنی زانستی و تەکنەلۆژی و گەشەسەندنی ئابووری.

سەرەتای مانگی ئادار، کۆنگرەی ساڵانەی گەل و کۆنفرانسی ڕاوێژکاری سیاسی گەلی چین (دوو دانیشتن) لە پەکین بەڕێوەچوو. ئه‌مه‌ ڕووداوێکی گەورەیە لە ژیانی سیاسی چین و پەنجەرەیەکی گرنگە بۆ تەواوی جیهان بۆ چاودێریکردنی چین. لە کۆتایی مانگی ئازاردا، فه‌رمانگه‌ پەیوەندیدارەکانی چین هەندێک زانیاری سەرەکی ئابووری بۆ چارەکی یەکەمی ساڵی  2024 یان بڵاوکردەوە. ئابووری چین به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات؟ ئایا ئابووری چین خەریکە داڕمێت وه‌ك پێشبینی ده‌كرا؟ پێم وایە کردارەکان بە دەنگێکی بەرزتر لە وشەکان قسە دەکەن، با لێگه‌ڕێن ژمارەکان خۆیان بدوێن!

ڕاپۆرتی کاری حکوومەت کە لە دوو دانیشتنەکەدا پەسەند کراوە، ‘کارتی نمرەی’ ئابووری لە ساڵی 2023 دا پێشکەش دەکات، کە جێگای سەرنجی میدیا نێودەوڵەتییەکانە. له‌ ساڵی ڕابردوودا، ئابووری چین هەندێک هێزی بزوێنەری نوێی بۆ داهێنان و گەشەسه‌ندن ئازاد کرد.

کۆی گشتی بەرهەمی ناوخۆیی گه‌یشته‌ 18 ترلیۆن دۆلار، بە ڕێژەی گەشەسه‌ندنی 5.2% دووباره‌ چین یەکێکە لە خێراترین گەشەكردنی ئابوورییه‌ گه‌وره‌كان لە جیهاندا، بە زیادبوونی زیاتر لە 833 ملیار دۆلار، کە هاوتایە لەگەڵ ئابوورییەکی قەبارە مامناوەند. بە گشتی  12.44 ملیۆن هەلی کاری نوێ لە شارەکاندا ڕەخساوە. داهاتی خاوه‌ندارێتی تاك بە ڕێژەی  6.1% گه‌شه‌ ده‌كات. کۆی گشتی هاوردە و هەناردەکردنی کاڵاکان لە ساڵی ڕابردوودا 5.8 ترلیۆن دۆلار بووە، یەدەگی دراوی بیانیش لە کۆتایی ئەمساڵدا 3.2 ترلیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە. بە بەشداریکردنی به‌ڕێژه‌ی 32% له‌ گەشەی ئابووریی جیهانی، کە زیاترە لە وڵاتانی جی حەوت بەیەکەوە، چین وه‌ك پایەیەکی جێگیر و پاڵنه‌رێك بۆ بوژانەوەی ئابووری جیهانی داده‌نرێت. هەناردەکردنی "سێ بەرهەمی نوێ" كه‌ بریتییه‌ له‌ (ئۆتۆمبێلی وزه‌ی نوێ، پاتری، و وزه‌ی نوێبوونه‌وه‌) 138 ملیار دۆلاری تێده‌په‌ڕێنێت، هه‌ردوو بەرهەمهێنان و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی وزه‌ی نوێ زیاتر لە 60%ی کۆی گشتیی جیهانی پێكده‌هێنن، و ژمارەی ئۆتۆمبێلە هەناردەکراوەکانیش بۆ یەکەمجار لە پلەی یه‌كه‌مدایه‌ لە جیهاندا. وەک لە دوایین ئامارەکاندا دەردەکەوێت،  لە دوو مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ئابووریی چین زەبری بەهێزی بەرەو سەرەوەی پاراستووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئەم دواییەی گومرگی چین، کۆی بەهای بازرگانیی چین بە کاڵاکان لە مانگەکانی یەک و شوبات گەیشتووەتە 918 ملیار دۆلار، به‌ زیاده‌ی 8.7% له‌سه‌ر بنه‌مای ساڵانه‌، له‌و ژماره‌یه‌ش هەناردەکردن 520 ملیار دۆلار بووە، کە بە ڕێژەی 10.3% زیادیکردووە، هاوردەکردنیش 398 ملیار دۆلار بووه‌ كه‌ بە ڕێژەی 6.7% زیادیكردووه‌.

بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئاڵۆز و ناجێگیری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، ئەم "کارته‌ نمرە" درەوشاوه‌یه‌ ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئابووریی ئێمە خۆڕاگرییەکی بەهێز و توانای گەورەی هەیە و پڕە لە زیندوویی. گەشه‌كردنی ئابووری لەسەر ڕێڕەوێکی ئەرێنی تۆکمە دەمێنێتەوە. سەرەڕای هەندێک نادڵنیایی لە پێشەوە، دەتوانرێت گەشەكردنێكی بەردەوام بەدەستبهێنرێت.

من پێم وایە ئابووریی چین ئایندەیەکی گەشاوەی هەیە. هۆکاری باش هەن بۆ ئەمە:

یەکەم: وەک ئابوورییەکی بازاڕی سۆسیالیستی، چین سوود له‌ تایبه‌تمه‌ندی دامەزراوەیی وه‌رده‌گرێت، کە هێزەکانی بازاڕ ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان پێدەدرێت لە ڕووی تەرخانکردنی سەرچاوەکانەوە. و ڕۆڵی حکوومەت بە شێوەیەکی گونجاو جێبەجێ دەکرێت.

چین سەرەڕای قەیرانی دارایی و کاریگەرییە سەختەکانی پەتای کۆڤید-١٩بەرەو داڕمانی تەواو ناڕوات، بەڵکو چین وەک هێزێکی بەهێزی بزوێنەر دەمێنێتەوە بۆ بوژانەوەی ئابووری ناوچەیی و جیهانی لە ڕێگای سیاسەتە دارایی و دراوییە وریاکانییەوە کە لەسەر بنەما ئابوورییە پتەوەکان بنیات نراوە.

دووەم: بازاڕێکی گەورەی ناوخۆییمان هەیە. پشكی تاك له‌ كۆی بەرهەمی ناوخۆیی 12 هەزار دۆلاری ئەمریکییە، و ژمارەی دانیشتوانی داهاتی مامناوەندیش 400 ملیۆن کەس تێدەپەڕێنێت، ئەمەش خواستێکی زۆر دروست دەکات. لە ساڵی 2023 دا بەشداری بەکاربردن لە گەشەی ئابووری چین گەیشتە 82.5%، کۆی بەکارهێنانی کارەبا نۆ ترلیۆن کیلۆ وات لە کاتژمێرێکدا، قەبارەی پاکێجی ساڵانە 120 ملیار، کە هەموویان گەیشتوونه‌ته‌ بەرزترین ئاستی پێوانەیی. تۆڕی گواستنەوەی نیشتمانی گشتگیری چین، توانای بەرهەمهێنانی کارەبا، تۆڕی کارەبای حكومی و تۆڕی 5G هەموویان لە پلەی یەکەمی جیهاندان.

سێیەم: زنجیرەی دابینکردنی پیشەسازی تەواومان هەیە. چین سیستەمێکی پەرەپێداوە کە پێکهاتووە لە  41پۆلی پیشەسازی گەورە و 207 پۆلی مامناوەند و 666 پۆلی لاوەکی.

چین تاکە وڵاتە لە جیهاندا کە هەموو پۆلە پیشەسازییەکانی لە پۆلێنکردنی پیشەسازیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لەخۆگرتووە و قەبارەی پیشەسازی بەرهەمهێنانی وڵاتەکەی لە ماوەی 13 ساڵی ڕابردوودا پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە. تەنها لە ساڵی ڕابردوودا زیادبوونی بەرهەمهێنان لە چین یەک لەسەر سێی کۆی گشتی جیهانی پێکهێناوە و بەرهەمە هەناردەکراوەکانیش یەک لەسەر حەوتی کۆی بەرهەمەکانیان پێکهێناوە. ئەمڕۆ نزیکەی نیوەی توانای بەرهەمهێنانی کارەبای فۆتۆڤۆڵتایکی دامەزراو لە جیهاندا لە چینە، بەرهەمهێنان و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی وزەی نوێمان زیاتر لە 60%ی بازاڕی جیهانی پێکدەهێنێت، پێوەرەکانی پارەدانی دیجیتاڵیمان نزیکەی نیوەی کۆی گشتی جیهانی پێکدەهێنێت، ژمارەی میلەکانی شەمەندەفەری خێرامان له‌ هه‌موو وڵاتانی جیهان به‌یه‌كه‌وه زیاتره‌‌، و ڕێژەی بەکارهێنەرانی 5G %50 تێدەپەڕێنێت.

هه‌روه‌ها بەردەوامی سەرهەڵدانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو وەک زانستی کوانتۆم. لە نێوان 153 "کارگەی لایت هاوس" کە نوێنەرایەتی پێشکەوتووترین ئاست دەکەن لە بەرهەمهێنانی زیرەک و دیجیتاڵکردندا، چین  62 به‌ده‌ستهێناوه‌، ژماره‌ یه‌كه‌مینی تر له‌ جیهاندا. دادپەروەرانە دەتوانین بڵێین کە بنەماکانی ئابووریمان نەگۆڕاون و زەبری گەشەكردنی بەردەوام دەپارێزێت.

دیمەنی ئابووری لە چین بە هەموو شێوەیەک لە دۆخێکی باشدایە. ئەوانەی گرەو لەسەر داڕمانی چین دەکەن، جارێکی تر مەحکومن بە دۆڕان. پێشبینییه‌كان بۆ داڕمانی چین لە ڕاستیدا بەرەو داڕمان دەڕوات.

وەک گەورەترین بزوێنەری گەشەی ئابووری جیهانی و دووەم گەورەترین ئابووری و هاوبەشێکی بازرگانی سەرەکی بۆ زیاتر لە 140 وڵات و هەرێم، چین هەمیشە پابەند ده‌بێت بە کردنەوه‌ لە ئاستێکی بەرزدا بۆ هاوبەشکردنی دەرفەتەکانی گەشەپێدان لەگەڵ جیهان و کارکردن لەگەڵ هاوبەشە جیهانییەکان بۆ بەدەستهێنانی سوودی هاوبەش و ئەنجامی بردنەوە-بردنەوە بۆ هه‌ردوولایه‌ن.

لە ساڵانی ڕابردوودا، هەوڵەکانی چین بۆ پێشخستنی هه‌ماهه‌نگی له‌ چوارچێوه‌ی پشتێنە و ڕێگا وزەی نوێی خستۆتە ناو گەشەی ئابووریی جیهان و سەکۆیەکی نوێی بۆ هه‌ماهه‌نگی ئابووریی نێودەوڵەتی دروستکردووە، کە نزیکەی یەک ترلیۆن دۆلاری ئەمریکی وەبەرهێنانی لە ئاستی جیهانیدا هانداوە و زیاتر لە سێ هەزار پڕۆژە و 430 هەزار هەلی کار ڕەخساندووە بۆ وڵاتانی بەشداربوو، و نزیکەی 40 ملیۆن کەسی لە هەژاری ڕزگاركردووه‌. ئەم ئەنجامە سەرنجڕاکێشانە بەڵگەی تەواون کە چین ئەندامێکی گەورە و بەرپرسیارە لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا.

چین و عێراق هاوبەشی ستراتیجین و مێژوویەکی دێرینی دۆستایەتی و هاوبەشی درێژخایەنیان هەیە. هەردوو وڵات لە ساڵی 2015 ڕێککەوتنێکیان له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی  دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگا واژۆ کردووە و بەدڵنیاییەوە ئەو بەرنامانەی كه‌ هەرێمی کوردستانی عێراق تێیدا بەشدارن بەشێکی دانەبڕاون لە پەیوەندیی هەمەلایەنەی دوو قۆڵی. لە مانگی یەکی ئەمساڵدا، کونسوڵخانەی گشتی بە فەرمی خزمەتگوزاری کونسوڵگەری تەواوەتی دەستپێکرد، ئه‌مه‌ش هەنگاوێکی گەورە بۆ پێشەوە بۆ ئاسانکاری بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ سەردانی چین.

لە هەمان کاتدا چین سیاسەتێکی تاکلایەنەی بێ ڤیزەی بۆ سەردانکەرانی زۆرێک لە وڵاتان جێبەجێ کردووە، هەروەها ڕێوشوێنی گرتۆتەبەر بۆ هاوکاریکردنی سەردانیکەرانی بیانی لە ڕێگەی پارەدان بە مۆبایل لە چین. هیوادارین پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییە دووقۆڵییەکان زیاتر قووڵتر ببنەوە، و بەرنامەکانی دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگا ئەنجامی زیاتر بەدەستبهێنن. سەرکەوتنی ئابووری چین هەمیشە دەرفەت بۆ ئەوانی تر دەڕەخسێنێت بۆ په‌ره‌پێدان و گه‌شه‌سه‌ندن.