سەردانی مەسرور بارزانی بۆ ئەمەریکا و درەنجامەکانی

Kurd24

زۆر بوون ئەوانەی پێیان وابوو كە سەردانەكەی مەسرور بارزانی بۆ ئەمەریكا و دیدارو گفتۆگۆ ئاشكراو شاراوەكانی لە چاوی میدیاكان بێ ئاكام و دەرەنجام بوو، هەندێك زیاتر ڕۆیشتن و وتیان سەرۆكی حكوومەت دەبوو لە جیاتی واشنتن بچووبایەتە بەغدا یان تاران، لەوێ هەوڵی چارەی كێشەی مووچە و كێشەكانی دیكەی بدایە.

بەڵام كاتێك محەممەد شیاع سوودانی سەردانی ئەو وڵاتەی كرد و لەگەڵ بەرپرسانی كۆشكی سپی و دواتریش بایدن كۆبوەوە هەمووان تێگەیشتن كە سەردان و دیدارەكانی مەسرور بارزانی بۆ ئەمەریكا چەند گرنگ بووە، چەند كاریگەری دروست كردووە لەسەر قەناعەتپێكردنی ئەمەریكا بە ڕەوایەتیی كێشەكانی هەرێم و بەرچاوڕوونیان و بەدەستهێنانی پشتیوانیی ئەو وڵاتە بۆ فشار خستنە سەر بەغدا تا دەست بەرداری پێشێلكردنی مافەكانی خەڵكی كوردستان و گەمارۆدانی ئابووری و لەقاڵبدانی ببێت لەڕێی دادگای فیدراڵیەوە.

ئەمریكییەكان و لە سەروشیانەوە جۆو بایدن، بە ئاشكرا بە سەرۆك وەزیرانی عێراقیان گوت هەرێمی کوردستان بەشێکی گرنگە لە ستراتیجیی ئەمەریکا لە ناوچەکە، بۆیە ئێمە عێراقێكی بەهێز و هەرێمێكی كوردستانی بەهێزمان دەوێت، نەك عێراقێكی بەهێز و هەرێمێكی لاواز و گەمارۆ دراو.

بۆیە مەرجی ئەمەریکا بۆ پاڵپشتیی عێراق و حکوومەتەکەی سوودانی، پەیوەستە بەوەی کە پێشیلی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان نەكرێت و مووچە و شایستە داراییەكان و تەواوی مافە دەستوورییەكانیان زامن و پارێزراو بكرێن، خۆشحاڵیی خۆشیان دەربڕی لەسەر ئەو ڕێککەوتنەی کە لە نێوان هەردوو حکوومەتدا کراوە ، داواشیان كرد كە برەو بەو ڕێکكەوتنە و پەیوەندییەکانیان بدەن و تەواوی كێشەكانی نێوانیان چارە بكەن.

ئەم قسە و داواكاری و مەرجانەی ئەمەریكا بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق هەمان ئەو قسە و داواكاریانە بوون كە پێشتر مەسرور بارزانی خستیە سەرمێزی بەرپرسانی ئەمریكا و پێی گوتن كێشەی ئێمە لەگەڵ دەوڵەتی نوێی عێراق و حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی دوای ڕووخاندنی بەعس و سەددام لەلایەن ئێوەی ئەمریكییەوەیە، ئەمانەن، ئەو دەوڵەتەی دوای سەددام لە عێراقدا دروست بووە هەمان سیاسەتی دژایەتی و دوژمنایەتی كورد پەیڕەو دەكەن بەڵام بەشێوازی جیاواز تر، ئەمەریكییەكانی خستەبەردەم بەرپرسیارەتیی سیاسی و ئەخلاقییەوە بەرانبەر بەو زوڵم و ستەمەی لەسەردەمی دوای بەعسدا لە كورد و هەرێمی كوردستان دەكرێت. هەرێمی كوردستانێك كە باجی دۆستایەتی و هاوپەیمانێتیی ئەمەریكا دەدات لە ناوچەكەدا، هەر لەو سەردانەدا مەسرور بارزانی بە ئەمریكییەكانی گوت بوو كە ئەوە دوایین كارت و دوایین هەوڵە بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان و ئەگەر ئەو پشتیوانییە بە دەست نەیەت ئەوا هەرێمی كوردستان بە گشتی و پارتی دیموكراتی كوردستانیش وەك هێزی سەرەكیی پێكهێنەری حكوومەت و پارێزەری هەرێمی كوردستان بەتایبەتی، پشت لە ئەمەریكا و ڕوو لە لایەن و كارتی دیكە دەكەن بۆ دەرباز بوون لەم قەیرانە سیاسی و ئابووری و هەوڵە دوژمنكاریانەی لە ئارادان بۆ لەناو بردنی هەرێم.