بنه‌ما زانستییه‌كانی ریفۆرم و ستراتیژییه‌تی چاكسازیی درێژخایه‌ن

له دوای دوا هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و ده‌ستنیشانكردنی مه‌سرور بارزانی وه‌ك سه‌رۆكی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هاووڵاتییانی هه‌رێم هه‌م دڵخۆش و هه‌میش به په‌له بوون بۆ ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆیه‌م، دیاره دڵخۆشی كوردستانیان و په‌له‌كردنیان هانده‌رێكی به‌هێز بوو بۆ سه‌رۆكی حكومه‌ت كه كارنامه‌ی حكومه‌تی نوێ پێویسته له‌سه‌ر چاكسازیی و ریفۆرمی ئابووری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی بنیات بنرێت.
بێگومان داواكارییه‌كانی هاووڵاتییان نه‌ك هه‌ر له‌جێی خۆیاندان، به‌ڵكو ئه‌مه مافێكه كه حكومه‌ت پێویسته جێیبهجیان بكات، به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی شیكاریی بۆ چۆنییه‌تی ده‌سته‌به‌ركردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌ی ماف بۆ مافخوراوه‌كان بكه‌ین، كه مافخوراو هه‌م حكومه‌ته و هه‌میش هاووڵاتی، یان هه‌ڵسه‌نگاندێك بۆ حكومه‌تی ئێستای هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین له‌دوای تێپه‌ڕبوونی 100 رۆژی یه‌كه‌م به‌سه‌ر ته‌مه‌نی كابینه‌ی نۆیه‌م، پێویسته بپرسین ئه‌م ماف و داواكاربیانه له چ بارودۆخێك له وتاری سیاسی ده‌بن به كردار؟ چ سیسته‌مێك و ده‌سه‌ڵاتێك، یان توانایه‌ك پێویسته بۆ جێبه‌جێكردنی به‌ڵێنه‌كان له هه‌موویشیان گرنگتر بنه‌ما زانستییه‌كان چین بۆ ریفۆرمێك كه ستراتیجیه‌تی چاكسازیی درێژخایه‌ن ببێته بنه‌ما بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفتی گه‌نده‌ڵی و نادادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی؟
هۆكاری كورتهێنان له جێبه‌جێكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان، ئێستا ته‌نها بۆ نه‌بوونی بودجه‌ی پێویست له‌به‌رده‌ستی حكومه‌ت ناگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵكو به‌شێكی زۆری ئه‌م گرفته‌ی ئێستا، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئابووری هه‌رێم و گه‌شه‌نه‌سه‌ندنی تاك له كوردستان درووستكردووه كه مێژووێكی 29 ساڵه‌ی هه‌یه، هه‌روه‌ها ئه‌و بارودۆخانه‌ن كه هه‌رێمی كوردستانی پێداتێپه‌ڕیوه، كه ئه‌م هۆكارانه‌ش وایانكرد حكومه‌تی هه‌رێم توانای ئیداره‌دانی لاواز بێت و هه‌میش توانای گه‌شه‌سه‌ندنی سیاسی و ئابووری كۆمه‌ڵایه‌تی له داهاتوودا نه‌بێت.
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له یه‌كه‌م وتاری وه‌ڵامی هاووڵاتیانی دایه‌وه به كوردستان و عێراق و بگره جیهانیشی راگه‌یاند حكومه‌تی داهاتوو، به‌رژه‌وه‌ندی زۆرینه له به‌رامبه‌ر كه‌مینه وه‌ك بنه‌مایه‌ك بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی كوردستان ده‌كاته سیاسه‌تی 4 ساڵی داهاتوو.
دیاره ئه‌م سیاسه‌ته‌ش پێویستی به گۆڕانكاریی جه‌وهه‌ری هه‌یه كه گۆڕانكارییه‌كان بنه‌مایه‌كی زانستی و لۆجیكی كار پێكراو له خۆبگرن.
چاكسازیی یان ریفۆرمی سیاسی و ئابووری، به تایبه‌تیش بنبڕكردنی دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی له شوێنێك بۆشوێنێكی تر جیاوازن، مه‌رج نییه ئه‌وه‌ی له وڵاتێك په‌یڕه‌و ده‌كرێت هه‌مان كاریگه‌ریی و ئامانج له وڵاتێكی تر به‌ده‌ست بیهێنێت، به‌ڵام شه‌ش خاڵی له‌یه‌كچوو هه‌ن بۆ سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌ی چاكسازیی و بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵی، به تایبه‌تیش له وڵاتێك كه گه‌نده‌ڵی له دیارده‌وه ده‌بێت به كولتوور، له بوێری سه‌ركرده و داڕشتنی سیاسه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و ریفۆرمی ئابووری یه‌كده‌گرنه‌وه، كه خاڵه‌كانی ده‌ستپێكردن و سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌كه له‌م وتاره ده‌ستنیشان كراون كه كاریگه‌ریی درێژخایه‌نیان له‌سه‌ر پرۆسه‌ی دهستپێكراوی ئێستای ریفۆرم و بنڕكردنی گه‌نده‌ڵی له كوردستان هه‌یه.
یه‌كه‌م، قه‌باره‌ی گرفت یان رێژه‌ی گه‌نده‌ڵی و نادادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی:
تریسمان له ساڵی 2007 ده‌نووسێت "نادادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و نا یه‌كسانی له سوودبینین له سامانی گشتی كه گه‌نده‌ڵی سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی دروست بوونی ئه‌م نایهكسانییهن، گه‌نده‌ڵی هه‌ر له سوود وه‌رگرتن له سامانی گشتی بۆ به‌رژوه‌ندی تایبه‌ت هه‌تا ده‌گاته وه‌رگرتنی به‌رتیل له‌به‌امبه‌ر راییكردنی كارێكی نایاسایی، هۆكارن بۆ وشككردنی داهات و لێكترازانی كۆمه‌ڵگه و نه‌هێشتنی متمانه به ده‌سه‌ڵات و لاوازكردنی دادگا‌و له‌ناوبردنی به‌رژه‌وه‌ندی ئاسایی گشتی نیشتمانی".
دووه‌م، پێوانه‌ی گه‌نده‌ڵی:
به تێڕوانینی (ی‌و و خۆنگرام، 2005) گه‌نده‌ڵی قۆستنه‌وه‌ی تاوانێكه كه زۆرجار له نێوان كه‌رتی تایبه‌ت و گشتی، یان به تایبه‌ت له نێو كه‌رتێك رووده‌دات، پێوانه‌كردنی گه‌نده‌ڵی و چینایه‌تی گه‌نده‌ڵی ئه‌ركێكی قورسه، چونكه هه‌ندێكجار یاسا یان سیسته‌می كارپێكراوی وڵات رێگه خۆشكه‌ره بۆ ئه‌نجامدانی گه‌نده‌ڵی، كه زۆرجار ده‌بێته هۆكار بۆ نه‌مانی متمانه به سیسته‌می حوكمڕانی و ناداداپهروهری كۆمه‌ڵایه‌تی.
سێیه‌م، كاریگه‌ریی گه‌نده‌ڵی له‌سه‌ر گه‌شه‌كردنی ئابووری به تایبه‌تیش وه‌به‌رهێنان:
مایكل جۆنسۆن له كتێبی جیاوازی نێوان ده‌سه‌ڵات به دوای پاره - پاره به‌دوای ده‌سه‌ڵات ده‌نووسێت "سیسته‌مێك كه گه‌نده‌ڵی تێدا هه‌بێت، ئه‌وا كاریگه‌رییه‌كی زۆر نه‌رێنی له‌سه‌ر بازاڕی ئازاد و گه‌شه‌ی ئابووری و وه‌به‌رهێنانی ده‌ره‌كی دروست ده‌كات، یه‌كێك له هێماكانی گه‌نده‌ڵی له سیسته‌می كارگێڕی زۆری رۆتینیات و كه‌م به‌رهه‌مه له داموده‌زگاكانی میری".
چواره‌م، مێژووی گه‌نده‌ڵی له وڵات و هۆكاره‌كانی:
شیلفهر و ڤیشنی له 1999 به‌م شێوه‌یه باس له دروستبوونی مێژوو بۆ گه‌نده‌ڵی ده‌كه‌ن "گه‌نده‌ڵی له هیچ وڵاتیك نه‌بووه‌ته دیارده به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ مێژووی سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی گه‌نده‌ڵی، یه‌كێك له هۆكاره‌كانی گه‌نده‌ڵییش بارودۆخی ئابووری داهاتی تاك و نه‌ریته كۆمهڵاتییهكانن كه یارمه‌تیده‌رن بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی گه‌نده‌ڵی".
پێنجه‌م، دیموكراسی و گه‌نده‌ڵی:
كوینكۆڤه و رۆز له ساڵی 2005 ده‌نووسن و ده‌ڵین: "به‌شێوه‌یه‌كی گشتی یان به‌لانی كه‌م سیسته‌می سه‌رمایه‌داری لیبراڵی پێیانوایه سیسته‌می حكومه‌تی ره‌های دیموكراسی دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی كه‌متره به به‌راورد به سیسته‌می دیكتاتۆری، چونكه له سیسته‌می دیموكراسی ده‌سه‌ڵاتدار و كاربه‌ڕێكه‌ری له حكومه‌ت ده‌بێ به‌رپرسیار بن له به‌رامبه‌ر دادگای گه‌ل، به‌ڵام له هه‌مان كاتیش‌دا هه‌ندێك سیسته‌م ئه‌گه‌ر به دیموكراسی و ده‌نگی گه‌لیش بێنه ده‌سه‌ڵات، مه‌رج نییه گونجاوبن بۆ رێگرتن له به‌هه‌ردان و گه‌نده‌ڵی.
شه‌شه‌م، ریفۆرم له داهات و ده‌ستكه‌وت له سهكتهری گشتی:
زۆرینه‌ی سیاسه‌تی ریفۆرم و توێژینه‌وه‌كان ده‌ریانخستووه مووچه و ده‌ستكه‌وتێكی شایسته له كه‌رتی گشتیی، رێگره له گه‌نده‌ڵی وه‌رگرتنی پاداشتێكی كه‌م بایه‌خ، بێكه‌ر و ستێگایهر له توێژینه‌وه‌یه‌كی زانستی 1974 له‌سه‌ر ریفۆرم و هه‌ڵسوكه‌وتی حوكمڕانی ئه‌ویان پشتڕاستكردووه‌ته‌وه كه كه‌م كه‌س هه‌ن مووچه‌یه‌كی شایسته به بهرتیلێكی كه‌م بگۆڕنه‌وه مامه‌ڵه‌یه‌كی ناته‌ندرووست بكه‌ن كه ببێته هۆكار بۆ له‌ده‌ستدانی كاره‌كه‌یان.
ئه‌گه‌ر زۆر به كورتی به‌راوردێك له نێوان شه‌ش خاڵه زانستییه‌كه‌ی سه‌ره‌وه و سیاسه‌تی ئێستای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ چاكسازیی و ریفۆرمی ئابووری بكه‌ین، ئه‌وا زۆر روونه كه ئامانجی چاكسازیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌م ئاراسته‌یه ده‌ڕۆن كه زه‌ره‌مه‌ندی كه‌م و سوودێكی درێژخایه‌ن به‌رهه‌مده‌هێنێت، كه له داهاتوودا رێژه‌ی هه‌ژاری و كه‌می داهات بۆ چینێكی به قه‌باره گه‌وره له كوردستان چاره‌سه‌ر ده‌كات.
له وتاری 100 رۆژ تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر ته‌مه‌نی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆكی حكومه‌ت به كورتی تیشكی خسته سه‌ر ده‌ستكه‌وته‌كانی 100 رۆژی یه‌كه‌می كابینه‌ی نۆیه‌م، به‌ڵام به روونی و به‌درێژی پلانی داهاتووی چاكسازیی و هێما و ده‌رخسته‌كانی چاكسازیی له داهاتوودا خسته به‌رده‌م هاووڵاتیانی كوردستان، كه به باوه‌ڕی من پلانی چاكسازیی به‌هه‌مان ئاراسته‌ی شه‌ش خاڵه زانستییه‌كانی سه‌ره‌وه تێپه‌ڕده‌كات.
له وتار و كرداره‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌م، ئه‌م شه‌ش خاڵه سه‌ره‌كییه له سێ بازنه‌ی سه‌ره‌كی پلانیان بۆ دارێژراوه، ئه‌وانیش چاكسازیی له كه‌رتی وه‌به‌رهێنان، چاكسازیی له كه‌رتی گشتی و رێكخستنه‌وه‌ی كات و كار له داموده‌زگا حكومییه‌كان، ریفۆرمی گشتگیر له كه‌رتی خانه‌نشینی و شایسته داراییه‌كان. ئه‌م سێ بازنه‌یه ده‌توانێت هه‌م دادپه‌ره‌وه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی بخاته‌وه سه‌ر رێچكه‌ی راست و هه‌میش ده‌توانێت گه‌نده‌ڵی به هه‌موو شێوازه‌كان بنبڕبكات، كه ئه‌مه‌ش رێخۆشكه‌ر ده‌بێت بۆ رێكخستنی داهات و خه‌رجییه‌كان كه ده‌بێته درووستكردنی ژینگه‌یه‌كی گونجاو بۆ فه‌رامۆشنه‌كردنی نه‌وه‌ی داهاتوو، له هه‌مان كاتیش‌دا ده‌ربازبوون له قه‌یرانی كورتهینان و كه‌می هه‌لیكار.
خه‌ڵكی تێگه‌یشتوو چاك ده‌زانن هیچ حكومه‌تێك به‌بێ بوونی باشترین ته‌كنۆلۆجیا و نوێترین ئامێر و به‌هێزترین عه‌قڵ، ناتوانێت له‌م سه‌رده‌مه‌دا ساده‌ترین خزمه‌تگوزاریی بگه‌یه‌نێت. زۆرینه‌ی خه‌ڵك تێده‌گه‌ن كه‌م حكومه‌ت هه‌ن له دنیا 80% داهاته‌كه‌ی له مووچه و كارگێڕی خه‌رجبكات، به‌ڵام له هه‌مان كاتیش‌دا خه‌ڵكه‌كه‌ی داوای چاكسازیی و دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی له حكومه‌ت بكات؟ به مه‌رجێك هیچ گۆڕانكارییه‌ك كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر ئه‌وان نه‌بێت؟ كوردستانیان باش ده‌زانن ریفۆرم زۆر پێویسته، به تایبه‌تیش كه به‌شێكی زۆری مووچه‌خۆر هه‌ن كه ده‌وام ناكه‌ن و بڕوانامهكانیشیان ساخته‌ن، كه چی هیچ خزمه‌تێكیان به حكومه‌ت نه‌گه‌یاندووه؟ خه‌ڵك ده‌پرسێ له كوێی دنیا هه‌بووه كه‌سێك له‌ته‌مه‌نی لاویه‌تی خانه‌نشین بێت به‌بێ هیچ خزمه‌تێك یان به مه‌رجێك، هه‌ندێك له‌م خانه‌نشینانه ته‌مه‌نی خزمه‌تی ههژماركراویان له ته‌واوی ته‌مه‌نی خۆیان زیاتر بێت، هه‌مان كه‌سیش گله‌یی نه‌بوونی خزمه‌تگوزاریی پێویست له حكومه‌ت بكات؟!
ئایا هیچ وڵاتێكی پێشكه‌وتوو هه‌یه له دنیا به‌بێ به‌شداری هاووڵاتیانی به تایبه‌تیش له دانی باج و ده‌ستگرتن به خزمه‌تگوزارییه گشتییه‌كان و پاراستنی سه‌ر و سامانی گشتی سه‌ركه‌وتوو بووبێت؟ بۆیه زۆرینه‌ی خه‌ڵك پشتگیری چاكسازیی و نه‌هێشتنی نادادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كه‌ن.
پرۆژه‌ی چاكسازی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان شه‌ڕێك له پێناو كێ؟ شۆڕشێك دژ به كێ؟
كه‌م بیستراوه كه وڵاتێك گۆڕانكاریی ریشه‌یی و ریفۆرمی سیاسی ئابووری، به‌بێ مشتومڕی سیاسی و لاوازكردنی به‌رژه‌وه‌ندی چینێكی كه‌مینه ئه‌نجامدابێت، دیاره گۆڕانكاریی له شێوازی حوكمڕانی سه‌ختترین پرۆسه‌ی سیاسییه بۆیه كه‌م سه‌ركرده هه‌ن چاكسازیی و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی بكه‌نه بنه‌مای مهنیفهستۆی (كارنامه)ی حكومه‌ته‌كه‌یان، به تایبه‌تیش له دنیای ئێستا، كه ئامێری گه‌یاندن و وه‌رگرتنی زانیاری، جا ئه‌گه‌ر ناڕاستیش بن ئه‌وه‌نده ئاسان و زۆرن كه له وڵاتێكی وه‌ك عێراق 17,442,000 ئه‌كاونتی فه‌یسبووك هه‌ن، ئه‌مه جگه له 19,000,000 ملیۆن به‌كارهێنه‌ری ئینته‌رنێت به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له عیراق هه‌ن، كه رۆژانه بۆ گه‌یاندن و وه‌رگرتنی هه‌واڵ و زانیاری سودی لێوه‌رده‌گرن.
هه‌رێمی كوردستان هه‌ر چه‌نده وه‌ك وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ نییه، به‌ڵام له رووی به‌رپرسیاریه‌تی حوكمڕانییه‌وه وه‌ك وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ ئه‌ركی داڕشتنی سیاسه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتی له ئه‌ستۆدایه، ئه‌گه‌ر له رابردوودا له‌به‌ر بارودۆخی سیاسی كوردستان و ئه‌گه‌ره نه‌خوازراوه‌كان، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نه‌یتوانیبێت چاكسازیی گشتی بكات، ئه‌وا كاك مه‌سرور بارزانی زۆر به‌باشی تێگه‌یشتووه كه كات و توانا مرۆییه‌كان له دراو گرنگترن، زۆر به باشی هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌م بارودۆخه‌ی ئێستای كوردستانی كردووه، كه پێویستی به بوێری و راستگۆیی له بڕیاردان هه‌یه، سه‌رۆكی حكومه‌ت سیاسه‌تی به‌ژه‌وه‌ندی زۆرینه به‌رامبه‌ر به سوودمه‌ندی كه‌مینه هه‌ڵبژاردووه، ئه‌مه‌ش پێویستی به بڕیار و هه‌ڵوێستی سه‌خت هه‌یه، بڕیاری ریفۆرمی سیاسی و چاكسازی ئیداری له هه‌رێمی كوردستان، هه‌م شه‌ڕێكه له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی زۆرینه‌ی هاووڵاتیان، هه‌میش شۆڕشێكه دژ به كهمینیهیهكی مشه‌خۆر، كه بوونه‌ته هۆكار بۆ پێشنه‌كه‌وتنی هه‌رێمی كوردستان له بواری ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی، سه‌رۆكی حكومه‌ت باش ده‌زانێت كوردستان به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا ئیداره دانی سه‌خته، چونكه له 5 ساڵی داهاتوو به‌دواوه، هیچ بوارێك نامێنێت بۆ نه‌وه‌ی ئێستای پێگه‌یشتوو داهاتووش، چونكه جه‌نابیان و كه‌سه نزیكه‌كانی سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌زانن له ئێستا و داهاتوودا هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی به‌كارهێنه‌ره‌وه ببێته میلله‌تێكی وهبهرههوهێنهر، به مه‌رجێك ئه‌م گۆڕانكاریی و ریفۆرمه شانسێكی ئابووری گونجاو هه‌م بۆ نه‌وه‌ی ئێستا و هه‌میش بۆ نه‌وه‌ی داهاتوو بڕه‌خسێنێت، كه به‌و هه‌نگاوه‌ی ئێستاش كه له پرۆسه‌ی چاكسازیی داڕشتنی بناغه‌یه‌كی گونجاوی ئابووری هه‌م بۆشایی نایه‌كسانی نێو كۆمه‌ڵگه كورتتر ده‌كاته‌وه، هه‌میش ئاسایشی كۆمه‌ڵگه پته‌وتر ده‌كات.