ڤایرۆسی کۆرۆنا، نامەرد فرسەت و ڕۆڵی حکومەت

Kurd24

کە ئاسایشی نیشتمانی لە وڵاتێکدا دەکەوێتە بە ر مەترسییەکی جدییەوە، ئیتر هەموو مەسەلەکانی دیکە دەبنە خاڵی لاوەکی و هەڵدەپەسێردرێن، چونکە مەسەلەی مانەوە (بقاء) دەبێتە ئەولەویەت. ئەم هێرشەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ سەر بەشەریەت، مەترسییەکی گەورە و جددی نەک تەنیا لەسەر ئاسایشی نیشتمانی وڵاتان داناوە، بەڵکو (لە حاڵەتی گوێ پێنەدان و ئیهمالیدا) مانەوەی ئینسانیشی لەسەر گۆی زەوی خستۆتە بەر پرسیارێکی مەترسیدارەوە.

ئێستا وڵاتانی زلهێز و بەهێزی وەک ئەمەریکای باکوور، بەریتانیا، ئەڵمانیا، ڕووسیا، چین، فەڕەنسا و زۆریتر، ڕۆژانە، جگە لە ڕێژەی بەرزی مردوو و توشبوون بە ڤایرۆسەکە،  خۆیان لە بەرەوڕووبوونەوەی بێکارییەکی زۆر، کەمبوونەوەی رێژەی خواردەمەنی و ئاوی پاک و داڕمانی ئابووری وڵاتەکانیاندا دەبیننەوە.

ئەگەر بەراوردێکی عاقڵانە و ڕاستگۆیانەی توانای دام و دەزگای تەندروستی هەرێمی کوردستان و توانای ماڵی حکومەتی خۆمان لەگەڵ ئەو وڵاتانە بکەین، وەک ئەوە وایە  مێروولەیەک بە فیلێک بەراورد بکەین.

دامودەزگا تەندروستییەکانی ئەمەریکا و ئیتاڵیا و ئیسپانیا و فەڕەنسا، لەلایەن وڵاتانی ترەوە خێریان پێدەکرێت. یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی دەزگاکانی تەندروستی ئەو وڵاتانە، پڕ بوونی بەشی ئینعاشی نەخۆشخانەکان و کەمی قەرەوێڵەیە و ئامێری پێدەری ئۆکسجینە. لە ئەمەریکا قەیرانی ماسکی خۆپاراستن هەیە و بازاڕی ڕەش بۆ شاردنەوە و بە گران فرۆشتنی ماسک هیچ کاتێک بە ئەندازەی ئێستا گەرم نەبووە. لە زۆربەی ئەو وڵاتە زلهێزانە، شکاندنی کەرەنتینە و بڵاوکردنەوەی ترس لە کۆمەڵگەکانیان، سزای توندی قانونی لەسەرە. لە کاتێکدا ئەو وڵاتانە، کەس لە خۆیان بە دیموکراتتر نازانن. ئیتر دەبێت حکومەتی ئێمە بڵێت چی؟

مەسەلەی مووچە بۆ هاووڵاتیان لەسەرووی هەموو شتێکی دیكەوەیە، چونکە ئەگەر بە کۆرۆناش نەمریت، ئەگەر پارەت پێ نەبێت، خواردەمەنی پێویست دابین بکەیت، ئەوا لە برسا دەمریت. ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە، کە باری ئابووری حکومەتی ئێمە (وەک هەموو وڵاتانی دیكەی دنیا) وەک پێش هێرشی کۆرۆنا نییە. لە مەسەلەی مووچەدا، حکومەت لە دوو بژاردە زیاتری لە بەر دەستدا نییە. یان ئەوەتا مووچە کەم بکاتەوە و هەموو مانگێک لە کاتی خۆیدا دابەشی بکات، یان بە 40 بۆ 45 ڕۆژ جارێک مووچە بدات. ئەوەی پێویستە حکومەت ئێستا بیکات ئەوەیە کە ئایا کام یەک لەم دوو بژاردەیە لە قازانجی هاووڵاتیانی کوردستانە؟

سەرەڕای ئەم پێشەکییە متەوازعەی باسمان کرد، کەچی لەم هەرێمە کەم دەسەڵاتەی ئێمەدا (کە دەوڵەتی سەربەخۆش نییە) کەسانێک کە خۆیان بە ڕۆشنبیر و هەندێکیتریش سیاسەتمەدار دەزانن، لە بری ئەوەی دڵیان بە خەڵک بسووتێت و (بە ئامۆژگاری عاقڵانە) لە مەترسی مردن بیانپارێزن، خەڵک هاندەدەن بۆ دژایەتیکردنی حکومەت و دەربڕینی ناڕەزایی بچنە سەر شەقام. هەموو دنیا دەڵێت مەسافەی دوو مەتر لە یەکتر بپارێزن، ئەمانە دەڵێن: لە دژی حکومەتی هەرێم بچنە سەر شەقام و بە پاڵەپەستۆی حەشامات ڤایرۆسەکە بە خێرایی بڵاوبکەنەوە، با ڕۆژی 1000 کەستان لێ بمرێت! لەم ڕۆژانەدا برادەرێک پێی وتم، هاووڵاتییەکی کورد کە لە بەریتانیا دەژی، بۆی گێڕاوەتەوە، کە گوایە حکومەتی بەریتانی بە خەڵکی ئەو وڵاتەی ڕاگەیاندووە کە هەفتەی 500 پاوەن (کە بە نزیکی دەکاتە 613 دۆلار و مانگی دەکاتە نزیک 2500 دۆلار) دەداتە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی با لە ماڵەوە دانیش! من زۆر سەرم سوڕما، چونکە هەموو بەیانییەک هەتا دانی نیوەڕۆیان سەیری کەناڵی بی بی سی لەندەن دەکەم و بۆ جارێکیش گوێم لەم هەواڵە نەبووە. دەبێت حکومەتی بەریتانیا کە ئێستا ئابوورییەکەی ئیفلیج بووە لەسەر کانێکی لەبن نەهاتووی پارە دانیشتبێت بۆ ئەوەی ئەو بەرنامەیە جێبەجێ بکات. بە پێچەوانەوە کەناڵی بی بی سی بەم ڕۆژگارە ئامۆژگاری خەڵک دەکات بۆ خۆپاراستن لە مردن، سۆشیال میدیا نەکەنە سەرچاوەی هەواڵ و زانیاری و تەنیا پشت بە ڕێنماییە فەرمییەکانی حکومەت ببەستن، بە تایبەتی ئەو هەواڵانەی پەیوەندیان بە بواری تەندروستییەوە هەیە. بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ئەمەریکا لە ماوەی هەفتەیەکدا 6 ملیۆن کەس بێکار بوون، کەچی کەس هانی بێکارانی نەدا بێنە سەر شەقام و داوای کار بکەن، چونکە منداڵێکیش دەزانێت، لە سەردەمی کۆرۆنادا ئەوە کردەوەیەکی خۆکوژییە.

کەس نکۆڵی لەوە ناکات کە کەموکوڕی لە ئوسلوبی حوکمڕانی خۆماڵی هەر لە ساڵی 1992ـەوە هەتا ئێستا هەیە. ئەم کەموکوڕیانە ڕیشەیی و سیستەماتیکن و شتێک نین بە شەو و رۆژێک و بە چاو ترووکاندنێک چارەسەر بکرێن. ئەو کەسانەی ئێستا بۆ کەموکوڕییەکان دەگەڕێن و هاووڵاتیانی پێ ئیسارە دەکەن، دومەڵ و شێرپەنجەی ئەم وڵاتەن و تەنیا مەبەستیان خۆدەرخستنە و هیچیتر. هیچ سیاسەتمەدارێکی نیشتمانپەروەر نابێت چاو لە گەندەڵی و کەموکوڕی حکومەتی وڵاتەکەی بپۆشێت، هەر وەک چۆن نابێت ماستاو بۆ حوکمڕان سارد بکاتەوە و خۆی بکاتە محامی گەندەڵکاران و کەسانی نامەسئوول، بەڵام ئەگەر سیاسەتمەدارێک تۆزقاڵە زەڕڕەیەک ئەخلاقی نیشتمانپەروەری تێدابێت، نابێت لەسەردەمی  ئەم قەیرانە سەختەدا نامەرد فرسەت بێت و حکومەتێک بکاتە ئامانج کە شەوی خستۆتە سەر ڕۆژ بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر هێرش و بەڵای جیهانگیری کۆرۆنا.