موفتى سعووديه: فيلمى "محه‌ممه‌د ره‌سوڵوڵڵا" دژى ئيسلامه
K24 – هه‌ولێر
موفتى عه‌ره‌بستانى سعوودييه دژايه‌تى خۆى بۆ ئه‌و فيلمه سينه‌ماييه ده‌ربڕى، كه له ئێران سه‌باره‌ت به ژياننامه‌ى پێغه‌مبه‌رى ئيسلام له قۆناغى منداڵييدا، به‌رهه‌مهێنراوه.
عه‌بدولعه‌زير ئال شێخ، موفتى عه‌ره‌بستانى سعوودييه، رايگه‌ياند، ئه‌و فيلمه‌ى له باره‌ى ژياننامه‌ى پێغه‌مبه‌رى ئيسلام به‌رهه‌مهێنراوه، هه‌وڵێكى "مه‌جووسيانه‌يه بۆ شێواندنى وێناى ئيسلام".
رۆژنامه‌ى "حه‌يات"ى له‌نده‌نى له ژماره‌ى ئه‌مڕۆيدا بڵاويكردووه‌ته‌وه، موفتى عه‌ره‌بستان، به‌رهه‌مه هونه‌رييه‌كى ئێرانى ره‌تكردووه‌ته‌وه و به‌وه وه‌سفى كردووه، كه "فيلمێكى مه‌جووسييه و كارى دوژمنانى ئيسلامه و له رووى شه‌رعه‌وه رێگه‌پێدراو نييه".
هه‌روه‌ها گوتويه‌تى: "پێغه‌مبه‌رى ئيسلام، خاوه‌نى ره‌وشت و كه‌سايه‌تييه‌كى ناسراوه و تايبه‌تمه‌ندى خۆى هه‌بووه و ئه‌وه‌ى به‌رهه‌مهێنراوه شتێكى نا واقيعييه و سووكايه‌تيكردنه به پێغه‌مبه‌رى ئيسلام، هه‌ر بۆيه ئه‌و كاره نادرووسته و شه‌ريعه‌ت رێگه‌ى پێ نادات".
فيلمه‌كه، له لايه‌ن "مه‌جيد مه‌جيديى" گه‌وره ده‌رهێنه‌رى سينه‌ماى ئێرانيى ده‌رهێنراوه و باس له ژياننامه‌ى پێغه‌مبه‌رى ئيسلام ده‌كات له له‌دايكبوونييه‌وه تا ته‌مه‌نى 13 ساڵيى.
ئێران، بڕى 40 مليۆن دۆلارى بۆ به‌رهه‌مهێنانى فيلمه‌كه ته‌رخانكردووه و ماوه‌ى 3 كاتژمێر ده‌بێت و به يه‌كه‌م فيلم له سينه‌ماى ئێران هه‌ژمار ده‌كرێت، له رووى زۆرى بڕى بودجه‌ى ته‌رخانكراو بۆ به‌رهه‌مهێنانى.
زۆرى بودجه‌ى فيلمه‌كه، بووه‌ته هۆى ئه‌وه‌ى له ناوچه‌يه‌كى باشوورى تارانى پايته‌ختى ئێران‌دا، شارۆچكه‌يه‌كى هاوشێوه‌ى شارى مه‌ككه له 1400 ساڵ پێش ئێستا بنيات بنرێت.
مه‌جيد مه‌جيدى، ده‌رهێنه‌رى فيلمه‌كه، هيواخوازه، ئه‌و به‌رهه‌مه‌ى ببێته هۆيه‌ك بۆ "راستكردنه‌وه‌ى وێناى ئيسلام و پيشاندانى ئيسلام وه‌ك ئاينى به‌يه‌كه‌وه‌ژيان و ئاشتيى و دژ به توندوتيژى".
هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌شكردووه، "ئه‌و فيلمه‌ى به بێ له‌به‌رچاوگرتنى جياوازييه‌كانى سوننه وشيعه به‌رهه‌مهێناوه و ئامانجى يه‌كخستنييانه نه‌ك درووستكردنى دووبه‌ره‌كى له نێوانيان".
له سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵيشدا، ئه‌حمه‌د ته‌ييب، شێخى ئه‌زهه‌ر له ميسر، دژايه‌تى خۆى بۆ به‌رهه‌مهێنانى فيلمێك له باره‌ى ژياننامه‌ى قۆناغى منداڵى پێغه‌مبه‌رى ئيسلام پيشاندا و داوايكرد، ئێران ده‌ست له به‌رهه‌مهێنانى ئه‌و فيلمه هه‌ڵگرێت.
ده‌رهێنه‌رى فيلمه‌كه، ده‌ڵێت، "له‌به‌رهه‌مه‌كه‌دا، رووخسارى ئه‌و ئه‌كته‌ره‌ش پيشان نادرێت، كه رۆڵى پێغه‌مبه‌رى ئيسلام له قۆناغى منداڵيدا بينيوه و كارى زۆرتر له‌سه‌ر ژينگه و ئه‌و ره‌وشه كراوه كه له‌و سه‌رده‌مه‌دا له ئارادا بووه و ته‌نيا سايه‌ى جه‌سته‌ى ئه‌كته‌ره‌كه ده‌رده‌كه‌وێت".