"له‌ داهاتوويه‌كى نزيكدا عێراق داوا له‌ رووسيا ده‌كات هێرشى ئاسمانى بۆ سه‌ر داعش ئه‌نجام بدات"

Kurd24

K24 – هه‌ولێر

ئه‌ندامێكى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق رايگه‌ياند، له‌ داهاتوودا، حكومه‌تى عێراق، به‌ فه‌رمى داوا له‌ رووسيا ده‌كات، هێرشى ئاسمانى له‌نێو خاكى عێراق له‌ دژى داعش بوه‌شێنێت.

حاكم زاملى، سه‌رۆكى لێژنه‌ى ئاسايش و به‌رگرى، له‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێه‌رانى عێراق، به‌ ئاژانسى هه‌واڵى "رۆيته‌رز"ى راگه‌ياند، كه‌ له‌ ماوه‌يه‌كى نزيكدا، عێراق به‌ فه‌رمى داوا له‌ مۆسكۆ ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ى گورزى ئاسمانى له‌ دژى چه‌كدارانى رێكخراوى ده‌وڵه‌تى ئيسلامى (داعش) له‌نێو خاكى عێراق بوه‌شێنێت".

زاملى راشيگه‌ياند، عێراق ناچاره‌ رۆلێكى گه‌وره‌ بداته‌ مۆسكۆ له‌ وڵات، بۆ ئه‌وه‌ى به‌هه‌ر جۆرێك بێت عێراق له‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌ى تيرۆر رزگارى بێت.

به‌ گوێره‌ى هه‌واڵى ئه‌و ئاژانسه‌، زاملى رايگه‌ياندووه‌، كه‌ عێراق له‌ چه‌ند رۆژێك، يان چه‌ند هه‌فته‌يه‌كى ديكه‌ به‌ فه‌رمى ئه‌و داوايه‌ پێشكه‌ش به‌ مۆسكۆ ده‌كات و گوتيشى: "بۆ پێشكه‌شكردنى ئه‌و داواكارييه‌، عێراق چاوه‌ڕێى سه‌ركه‌وتنى رووسيا ده‌كات له‌ سووريا".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانيش پێيوايه‌، له‌ داهاتوويه‌كى نزيكدا، هاوپه‌يمانى چوارى نێوان وڵاتانى رووسيا، ئێران، عێراق و سووريا، سه‌ركردايه‌تى شه‌ڕى دژى داعش ده‌كات له‌ عێراق.