یەكێتی ئەوروپا بۆ ڕێگەگرتن لە كۆچبەران پەنا بۆ ئەفهریقا دەبا
K24- ژووری ههواڵ
یەكێتی ئەوروپا، بۆ ڕێگەگرتن لە شەپۆلی كۆچبەران، داوای ھاوكاریان لە وڵاتانی ئەفهریقا كردووه.
وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا لە ڤالیتا، پایتەختی ماڵتا كۆبوونەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ كێشەی ھاتنی كۆچبەران و لە ھەوڵدان بۆ قایلكردنی بەرپرسانی كیشوەری ئەفهریقا بۆ ئەوەی پێشوازی لە كۆچبەران بكەن.
بەرپرسانی یەكێتی ئەوروپا بەڵێنیان بە وڵاتانی كیشوەری ئەفهریقا داوە، ئەگەر رازی بن، پێشوازی لە كۆچبەران بكەن، ئەوا لە رووی داراییەوە یەكێتی ئەوڕوپا ھاوكاریان دەكات، بەڵام بەشێك لە بەرپرسانی ئەوروپا بەو پێشنیازە رازی نین و بە كارێكی نا ئەخلاقی دەزانن.
بەھۆی شەڕ و نائارامییەكان لە وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ڕوو دهدهن، له بەشێك لەو وڵاتانه، شەپۆلێكی گەورەی كۆچكردن دەستی پێ كردووە، بەتایبەت لە سووریا و عێراق بەھۆی نائارامی لەم دوو وڵاتە بەھەزاران كۆچبەر ڕۆژانە ڕوو لە وڵاتانی ئەوروپا دەكەن.
زۆری ژمارەی پەنابەران، یەكێتی ئەوروپای ناچار كردووه، ھانا بۆ وڵاتانی دیكه ببات، چونكه ئهم كۆچڕهوه، لە دوای جەنگی جیھانیی دووەمەوە بە دووەم گەورەشەپۆلی كۆچكردن دادەنرێت لە مێژوودا.