رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا خراپترین دوو ناوچەی جیھانن بۆ ئافرەتان

لە نزیەكەی 114 وڵات ھیچ بەربەستێكی یاسایی لە بەردەم توندووتیژییەكان دژی ژنان بوونیان نییە

K24

رێکەوتی 25 مانگی نۆڤەمبەری ھەموو ساڵێك لە سەرتاسەری جیھان بە رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژیی دژی ژنان ناسراوە.

رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ساڵی 1999 رێکەوتی 25ی نۆڤەمبەری وەك رۆژی جیھانیی بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژی دژی ژنان دەستنیشان كرد، ساڵێك دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان بڕیارنامەی 1325 پەسەند كرد لە ژێر ناوی ژنانی گەڵاڵەی ئاشتی و ئاسایش.

ئەم رۆژەش وەك بیرھێنانەوەیەك و رێزگرتنێك لە خەباتی سێ خوشكی دۆمۆنیكیی كە لەو رۆژە لە سێدارە دران دەستنیشان كرا.

یاسای رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەستدرێژی و توندووتیژیی دژی ژنان بەم شێوەیە پلە بەند دەكات: ھەر جۆرە توندوتیژییەك كە ئاكامەكەی ببێتە ھۆی گەیاندنی زیان یا ھەر ئازارێكی روحی یان سێکسی یا ھەڕەشەكردن و بەرتەسككردنەوەی ئازادی ژنان تاوانە.

بەڵام ئەم بڕیارەی نەتەوە یەكگرتووەكان نەیتوانیوە بەربەست لە پێش توندووتیژییەكان لە دژی ئافرەتان لە جیھاندا دروست بکات، تاوەكوو ئێستاش لە نزیەكەی 114 وڵاتی جیھان ھیچ بەربەستێكی یاسایی لە بەردەم توندووتیژییەكان دژی ژنان بوونیان نییە.

هاوکات بەپێی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا لە پێشەنگی ئەو وڵاتانەدان كە زۆرترین توندووتیژی و كوشتنی ژنانیان تیدا تۆمار دەکرێ.