زێباریی روونكردنه‌وه‌ له‌ باره‌ى كه‌مكردنه‌وه‌ى مووچه‌‌ ده‌دات

"عێراق ملیارێك و 200 ملیۆن دۆلار به‌ قەرز لە سندووقی دراو وەردەگرێت".

K24 – به‌غدا:

هۆشیار زێباری، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، كه‌مكردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق تەنها مووچەی بنەڕەتیی دەگرێتەوە.

هۆشیار زێباریی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە شاری كەربەلاوە راشیگەیاند: "حكوومەت بەدەم نارەزاییەكانی فەرمانبەرانەوە هات، لەبارەی پلەبەندیی نوێی مووچە. بۆیە كەمكردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق تەنها مووچەی بنەڕەتیی فەرمانبەران دەگرێتەوە و كاریگەریی كەم دەبێت".

هۆشیار زێباریی گوتیشی: "عێراق ملیارێك و 200 ملیۆن دۆلار به‌ قەرز لە سندووقی نێودەوڵەتیی دراو وەردەگرێت و سندووقەكە هیچ مەرجێكی نییە بۆ پێدانی ئەو قەرزە".

وەزیری دارایی جەختیشیكردەوە، "كەیسەكانی سپیكردنەوەی پارە راستن و هەن، بۆیە پێویستە لەسەر هەمووان كار بۆ نەهێشتنی گەندەڵیی بكەن و داوا لە دادگا دەكەم بەدواداچوون بۆ ئەو كەیسانە بكات و فەرمانیان لە بارەوە دەربكات".

هۆشیار زێباریی ئاماژەشیكرد، "بودجەی ساڵی 2016 پێداویستییەكانی وڵات و حەشدی شەعبیی دابیندەكات، بەڵام هیچ چارەیەك بۆ فەرمانبەرانی گرێبەست ئێستا لە ئارادا نییە و دەسەڵاتمان بە پارێزگاكان داوە بە خۆیان باج كۆبكەنەوە".

ئەمە لە كاتێكدایە حكوومەتی عێراق پێشتر رايگه‌ياندبوو، بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و تێچووی شەڕی داعش وڵات بە قەیرانێكی سەختی ئابووریی تێپه‌ڕده‌بێت.