عامری: عێراق پێویستی بە پەیامبەرێکە بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی

"تەنها شێت بیر لە جێگرتنەوەی عەبادی دەکاتەوە"

K24

هادی عامری، سەرپەرشتیاری میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی شیعە لە عێراق رایگەیاند عێراق پێویستی بە پەیامبەرێکە نەک حەیدەرعەبادی بۆ ئەوەی چاکسازیی راستەقینە ئەنجامبدات.

هادی عامری، سکرتێری گشتیی رێکخراوی بەدر بە رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکای راشگەیاند:

"عێراق پێویستی بە پەیامبەرێکە نەک عەبادی بۆ ئەوەی چاکسازیی راستەقینە ئەنجامبدات. راستییەکەی چاکسازیی بوونی نییە، چونکە هەموو ئەوەی کراوە تەنها گۆڕینی هەندێ ناو بوو".

هادی عامری گوتیشی: "لابردنی عەبادی ئێستا لە بەرژەوەندیی ئێران نییە و پێویستە عەبادی لە بودجەی ساڵی 2016 زیاتر پاڵپشتیی هێزەکانی حەشدی شەعبیی بکات".

سەرپەرشتیاری میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی هاوکات داوای پاڵپشتیکردنی عەبادی کرد "سەڕەرای هەموو شتێک، چونکە عێراق رووبەڕوی دۆخی ترسناک بووەتەوە".

هادی عامری لە کۆتایی لێدوانەکەیدا دەشڵێ: "لەم دۆخەی ئێستا تەنها شێت بیر لە جێگرتنەوەی عەبادی دەکاتەوە".

رۆژنامەی واشنتن پۆست هەروەها لە زاری عەلی ئەدیب، سەرکردەی دیاری حزبی دەعەوەی ئیسلامیی کە نووری مالیکی سەرۆکایەتی دەکات، دەڵێ: "پێگەی عەبادی جێگیر نییە و ئێستا هەمووان باس لەو کەسایەتییە دەکەن کە جێگەی دەگرێتەوە".

سەرکردەکەی حزبی دەعەوە ئاماژەش دەکات کە: "رەنگە ئەمە رەنگدانەوەی گەورەکان بێ کە دەیانەوێ جێگەی (عەبادی) بگرنەوە، چونکە وا دەروانرێتە عەبادی کە شایستە نییە".