حەشدی شەعبیی: بژاردەمان زۆرە بۆ وەڵامدانەوەی تورکیا

میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی عێراق داوایان لە حکوومەتی عێراق کرد هەڵوێستی توند و یەکلاکەرەوە بەرامبەر بوونی هێزی تورکیا لە خاکی عێراق بنوێنێ و رایانگەیاند کە بژاردەیان زۆرە بۆ وەڵامدانەوەی تورکیا.

میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی شیعە لە عێراق لە راگەیەندراوێکدا راشیانگەیاند: "بوونی هەموو هێزکی بیانیی لەسەر خاکی عێراق رەتدەکەینەوە و بە دەستدرێژیی دادەنێین بۆ سەر خاک و گەلی عێراق".

میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی دەشڵێن: "لەو کاتەی کە دەستخۆشیی لە حکوومەتی عێراق دەکەین بۆ بڕیارەکانی رەتکردنەوەی جێگیربوونی هەر هێزێکی بیانیی لەسەر خاکی عێراق، هاوکات داوا لە حکوومەت دەکەین رێوشوێنی توند بەرامبەر بوونی هێزەکانی تورکیا لە عێراق برێتەبەر".

میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی دڵنیاییش دەدەن کە: "ئەگەر هێزەکانی تورکیا لە خاکی عێراق نەکشێنەوە ئەوا بژاردەکانی وەڵامدانەوە لە پێشمان زۆرن".

ئەمە لە کاتێکدایە لە هەفتەی رابردووەوە هێزێکی سەربازیی لە شارۆچکەی باشیک لە نزیکی شاری مووسڵ جێگیر کردووە، بەپێی حکوومەتی تورکیا ئەو هێزە بۆ مەشقپێکردنی هێزە خۆبەخشەکانی عێراق هاتوون لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ دەرکردنی مووسڵ لە بندەستی چەکدارانی داعش.