جۆ بایدن: ناكرێ رووسیا لە دەستكاریكردنی سنووری وڵاتان بەردەوامبێ

”بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی هه‌رێمه‌كه‌، پێویسته‌ رووسیا پابەندی رێككەوتننامەی "مینسك" بێت“

K24

جۆ بایدن، جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریكا لە پەرلەمانی ئۆكراینا راگەیاند ئەمریكا بە ھیچ شێوەیەك رێگە نادات نیمچە دوورگەی كریمیا لە ئۆكرانیا داببڕێت.

جۆ بایدن كە بەسەردانێكی فەرمیی لە پایتەختی ئۆکراینایە لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە راشیگەیاند کە: كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لەبەردەم دەستكاریی سنوورەكان بە رێگەی ھێز بە ھیچ شێوەیەك دەستەوەستان نابێت.

بایدن گوتیشی: بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی هه‌رێمه‌كه‌، پێویسته‌ رووسیا پابەندی رێككەوتننامەی "مینسك" بێت. بایدن دووپاتیشی كردەوە کە: پاشگەزبوونەوەی رووسیا لە رێككەوتننامەكان و پابەندنەبوونی ئەو وڵاتە بە یاسا بنەڕەتییە نێودەوڵەتییەكان، كە پەیوەستن بە سەروەری وڵاتان كاریگەری نەرێنی لەسەر پەیوەندی سیاسیی و ستراتیژیی لەگەڵ رووسیا دەبێت.

جێگری سەرۆكی ئەمریكا هاوکات داوای لە پەرلەمانتارانی ئۆكراینا كرد چاكسازیی ریشەیی لە وڵاتەکەیان بكەن.