"هیوادارین لە ژێر ئاڵای دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان ئەو یادە بەرز و پیرۆز رابگرین"

لە خوا دەخوازین ئەو یادە پیرۆزە مایەی خێری و ئاسوودەیی و بەختەوەری بێت بۆ ھەموو لایەك
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر:

عەبدوڵڵا سەعید وەیسی، سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئیسلامی لە كوردستان رایگەیاند، بەو ھیوایەین ساڵی داھاتوو لە ژێر ئاڵای دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان بتوانین ئەو یادە بەرز و پیرۆز رابگرین.

لە یادی مەولودی پەیامبەری ئیسلام له‌ شاری هه‌ولێر، كه‌ مەسعود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بەشداری تێدا كرد، عەبدوڵڵا سەعید وەیسی، سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی، له‌ وتارێكدا گوتی: "لە خوا دەخوازین ئەو یادە پیرۆزە مایەی خێری و ئاسوودەیی و بەختەوەری بێت بۆ ھەموو لایەك و بەو ھیوایەین ساڵی داھاتوو لە ژێر ئاڵای دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان بتوانی ئەو یادە بەرز و پیرۆز رابگرین".

گوتیشی: "ئەمساڵ یادی دوو پێغەمبەری خوا زۆر لێك نزیكن كە یادی لە دایكبوونی محەمەد مستەفا پەیامبەری ئیسلام و حەزرەتی عیسا پەیامبەری مەسیحە، ئەمەش وامان لێ دەكات زیاتر ھەوڵبدەین بایەخ بە گیانی پێكەوە ژیان و یەكترقبوڵكردن بدەین لە ھەرێمی كوردستان، چونكە بە درێژایی مێژوو كوردستان لانكەی پێكەوە ژیان بووە، لە لایەكی دیكەش ھەردوو پەیامی ئاسمانی ئیسلام و مەسیح بایەخ بە پێكەوە ژیان دەدەن".

سەرۆكی یەكێتی زانایان راشیگەیاند: "شانازی زۆر بەو  پێكەوە ژیانە ئایینییە لە ھەرێمی كوردستان دەكەین كە جیایە لەگەڵ وڵاتانی دیكە، سەرجەم پێكھاتە ئایین و نەتەوەییەكان بەوپەڕی تەباییەوە ھەڵسوكەت لەگەڵ یەكتر دەكەن و ھەست بە مافەكانیان دەكەن، بۆیە ساڵیادی لە دایكبوونی دوو پەیامبەری خوا پێویستە ھەموو لایەك ھەوڵبدەن بۆ زیاتر قوڵبوونەوەی گیانی تەبایی و یەكتر قبوڵكردن لە ھەرێمی كوردستان".

مەلا عەبدوڵڵا، لە بەشێكی دیكەی گوتارەكەیدا باسی لە شەڕی داعش كردو گوتی: " لە كاتێكدا ساڵیادی پەیامبەری خوا دەكەینەوە، بەردەوامین لە شەڕێكی سەپێنراو، بەداخەوە كە ناوی ئیسلامیان كردووتە پەردەیەك بۆ ئەوەی ھێرش بكەنە سەرمان، زیاتر لە ساڵێكە دەریایەك خوێنمان بەخشیوە لە پێناو بەرگریكردن لە خاك و وڵات و كەرامەتمان، ئێستا كە یادی پەیامبەری ئیسلام دەكەینەوە، ھێشتا پرسەی شەھیدانمان بە كۆتا نەھاتووە و برینی پێشمەرگە بریندارەكان كۆتایی نەھاتووە".