لاڤرۆڤ و دەمیرتاش كۆدەبنەوە

ئەوان بەردەوام دەبن لەسەر ھەوڵەكانیان لە ھاوپەیمانی دژ بە تیرۆر

K24- مۆسكۆ:

سەڵاحەدین دەمیرتاش ھاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان "ھەدەپە" لە مۆسكۆ چاوی بە سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا دەكەوێت.

سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا لە دانیشتنێكدا لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش رایگەیاند، ئەوان بەردەوام دەبن لەسەر ھەوڵەكانیان لە ھاوپەیمانی دژ بە تیرۆر.

لاڤرۆڤ، ئاماژەشی بۆ ئەوەكرد، ئەوان ئاگادارن كە كورد لە عێراق و سووریا شەڕ لە دژی داعش دەكەن و مافی خۆیانە لەسەر خاكی خۆیان بژین.

سەلاحەدین دەمیرتاش گوتی: "وەك پارتێكی سیاسی كار بۆ جێبەجێكردنی بنەما دیموكراتییه‌كان و پێكەوە ژیان دەكەین"، ھیواشی خواست پەیوەندییەكانی مۆسكۆ و ئەنقەرە ئاسایی بكرێتەوە و نیگەرانی خۆیشی لە خستنەخوارەوەی فڕۆكەی رووسیا نیشاندا.

ئەو سەردانەی دەمیرتاش لە كاتێكدایە كە پەیوەندی توركیا و رووسیا لە بارێكی خراپدایە، ھەندێكی لە چاودێرانی سیاسی پێیانوایە رووسیا دەیەوێت ھاوكاری پارتی دیموكراتی گەلان "ھەدەپە" بكات، ئامانجی بانگێشت كردنی دەمیرتاش بۆ مۆسكۆ بۆ ئەوەیە دژی توركیا بە كاریان بھێنێ.

ئەحمەد داود ئۆغلو سەرۆك وەزیرانی توركیا رایگەیاندووە كە سەردانەكەی دەمیرتاش بۆ مۆسكۆ نا یاساییە، چونكە كێشە لە نێوان توركیا و رووسیادا ھەیە، بەڵام سەڵاحەدین دەمیرتاش پێش سەردانەكەی رایگەیاندبوو كە ئەو گوێ بە گرژییەكانی نێوان ئەنقەرە و مۆسكۆ نادات.

بە پێی زانیارییەكان لەو سەردانە دەمیرتاش نووسینگەی نوێنەرایەتی حزبەكەی لە مۆسكۆ دەكاتەوە.