توركیا و سعودییه ئەنجوومەنێکی ستراتیجیی نوێ پێكدههێنن
K24:
عادل ئەلجوبەیر، وەزیری دەرەوەی سعودییە رایگەیاند لە ئەنجامی دانووستانەکانی نێوان شای سعودییە و سەرۆک کۆماری تورکیا بڕیاردرا ئەنجوومەنێکی هاریکاریی ستراتیجیی لە نێوان هەردوو وڵات پێکبهێنرێ.
عادل ئەلجوبەیر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەش لەگەڵ مەولوود چاوش ئۆغڵۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە ریاز راشیگەیاند: "لە ئەنجامی دانووستانەکانی نێوان شا سولەیمانی کوڕی عەبدولعەزیز شای سعودییە و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بڕیاردرا ئەنجوومەنێکی هاریکاریی ستراتیجیی لە نێوان هەردوو وڵات پێکبهێنرێ".
وەزیری دەرەوەی سعودییە گوتیشی: "ئەنجوومەنە ستراتیجییەکە 34 وڵات لەخۆدەگرێ و مامەڵە لەگەڵ کەرتەکانی ئەمنیی و سەربازیی و سیاسیی و ئابووریی و بازرگانیی و وەبەرهێنان و وزە و فێرکردن و کاروباری رۆشنبیریی و کەرتی پزیشکی دەکات و وەزیرانی دەرەوەی سعودییە و تورکیا سەرپەرشتیی دەکەن".
ئەمە لە کاتێکدایە سەرۆک کۆماری تورکیا دوێنێ سێشەممە بە سەردانێک گەیشتە ریازی پایتەختی سعودییە و بڕیارە سەردانەکەی دوو رۆژ بەردەوام بێت.
پێکهێنانی ئەم ئەنجوومەنە ستراتیجییە لە نێوان تورکیا و سعودییە دوای چەند هەفتەیەک هات لە پێکهێنانی هاوپەیمانێتی ئیسلامیی کە 35 وڵات لەخۆدەگرێ و سعودییە سەرکردایەتی دەکات.