سه‌رۆك كۆمار بودجەی 2016ی پەسەند كرد

سەرۆكایەتی كۆماری عێراق رایگەیاند، فوئاد مەعسووم، سەرۆك كۆماری عێراق پرۆژە یاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2016 عێراقی پەسەند كرد.

K24 – به‌غدا:

سەرۆكایەتی كۆماری عێراق رایگەیاند، فوئاد مەعسووم، سەرۆك كۆماری عێراق پرۆژە یاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2016 عێراقی پەسەند كرد.

خالید شوانیی، گوتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق لە راگەیه‌ندراوێكدا، ئاشكراشیكرد، "فوئاد مەعسووم، سەرۆك كۆماری عێراق رۆژی یەكشەممە 3/1/2016 پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵیی 2016-ی عێراقی پەسند كرد".

خالید شوانیی گوتیشی: "سەرۆك كۆمار جەختی لەسەر گرنگیی رێكخستنەوەی خەرجییە ناپێویستەكان كرد هاوكات لەگەڵ رەچاوكردنی خزمەتكردنی چینە كۆمەڵایەتییە دەست كورتەكان لەگەڵ دابینكردنی خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان لەم دۆخەی كە وڵات پێیدا تێدەپەڕێ".

بەپێی یاسای بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2016ی عێراق، قەبارەی خەمڵێنراوی ئەو بودجەیە بە نزیكەی 105 ترلیۆن دینار خەمڵێنراوە و پێشبینیی دەكرێت نزیكەی 24 ترلیۆن دینار كۆرتبێنێ.

لە دانیشتنی رۆژی چوارشەممە 16ى كانوونى يه‌كه‌م/ ديسه‌مبه‌رى 2015دا ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بەزۆرینەی دەنگ پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق و پشكی 17%ی بودجەی هەرێمی كوردستان وپشكی پێشمەرگەی لەو بودجەیە پەسەندكرد.

بەپێی یاسای بودجەی ساڵی 2016ی عێراق پێویستە لەسەر هەرێمی كوردستان رۆژانە 550 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بكات و رادەستی بەغدای بكات، كە پێكدێت لە 250 هەزار بەرمیلی هەرێمی كوردستان و 300 هەزار بەرمیل نەوتی كەركووك.