خامەنەئی: خوێنی نمر داوێنی سعوودیە دەگرێت

خودا لە خوێنی بێتاوان خۆش نابێت

K24 – تاران:

رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران، لەسێدارەدانی شێخ ئەلنمر بە ھەڵەیەكی سیاسیی گەورە لە لایەن سعوودیەوە دەزانێت و دەڵێت، خودا لە خوێنی بێتاوان خۆش نابێت، خوێنی بە ناڕەوا رژاو، داوێنی دەسەڵاتدارانی سعوودیە دەگرێت.

خامەنەئیی ناڕەزایەتیی خۆی بەرامبەر لە سێدارەدانی شێخ نمر باقر ئەلنمر لە لایەن سعوودیه‌وە دەربڕی و لە تویتێکدا نووسیویەتی:" پێش لە راپەڕین ناگیرێت".

 رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران جەختی كردووەتەوە كە پێویستە جیھان بەرامبەر " لە سێدارەدانی شێخ باقر ئەلنمر و تاوانەكانی دیكەی سعوودیە كە لە یەمەن و بەحرێن ئەنجامیدەدات، بێدەنگ نه‌بێت".

 دوای لە سێدارەدانی شێخ نمر باقر ئه‌لنمر لە لایەن سعوودیەوە، هەردوو بەشی فارسی و عەرەبیی ماڵپەڕی رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران، چەندین وێنەی شێخ ئەلنمریان بڵاوکردووەتەوە کە لەسەریان نووسراوە:" قورئان چ بەڵێنێکی داوە؟"

ماڵپەڕی خامەنەئی دوو وێنە لە سعوودیە و داعش پێشاندەدات، كە لەبارەیانەوە نووسیویەتی:" جیاوازی ئەو دووانە تەنیا جلوبەرگەكانیانە، سعوودیەكان سپیپۆش و داعشەكان رەشپۆشن".

ئێران شێخ باقر ئەلنمری بە رێبەری شیعەکانی سعوودیەیی دەناسیی، كە لە لایەن حکومەتی ریاز بە تۆمەتی تێكدانی ئاسایشی وڵات و هەوڵدان بۆ کردەوەی تیرۆریستی لە سێدارە درا.