حه‌شدی شه‌عبی: ئه‌مه‌ریكا سه‌ركه‌وتنه‌كانمان ده‌دزێت
K24 - به‌غدا:
میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی داوایانكردووه ته‌نها خۆیان به‌شداریكردنی له كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی فه‌لوجه‌دا بكه‌ن و ئه‌مه‌ریكاش به "دزینی سه‌ركه‌وتنه‌كان" تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن.
كه‌ریم نوری، گوته‌بێژی هێزه هاوبه‌شه‌كانی میلیشیای حه‌شدی شه‌عبی رایگه‌یاند، به‌شداریكردنی حه‌شد له شه‌ڕی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی فه‌لوجه‌دا، به‌ده‌ست ئه‌مه‌ریكا و كه‌سی دیكه نییه، به گوته‌ی ئه‌و ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و میلیشیایه فه‌رمان له‌وان وه‌رناگرن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی راسته‌وخۆ فه‌رمان له حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق وه‌رده‌گرن و راشیگه‌یاند ئه‌گه‌ر عه‌بادی داوایان لێ بكات به‌بێ هیچ دوو دڵییه‌ك به‌شداری له كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی فه‌لوجه‌دا ده‌كه‌ن.
هه‌روه‌ها گوتیشی: "حه‌شدی شه‌عبی خاوه‌ن سه‌ركه‌وتنه‌كانه و سه‌ری ماری داعشی تیرۆری پان كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه بكاته هی خۆی و له حه‌شدی شه‌عبییان بدزێت".
ئاشكراشیكرد ئه‌گه‌ر عه‌بادی داوایان لێنه‌كات به‌شداری كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی فه‌لوجه‌دا بكه‌ن، ئه‌وا له حكوومه‌تی عێراق هه‌ڵناگه‌ڕێنه‌وه.