سەرۆكی چیك: دروستبوونی دەوڵەتی كوردیی تەنیا پەیوەستە بە کاتەوە
K24- ھەولێر
میلۆش زیمان، سەرۆكی چیك رایگەیاند دروستبوونی دەوڵەتی كوردیی تەنیا پەیوەستە بە کاتەوە.
سەرۆكی چیك لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا راشیگەیاند: "زوو یان درەنگ هەرێمی كوردستان سەربەخۆیی خۆی رادەگەیەنێت، لە راستیشدا ھێزی پێشمەرگە تاكە ھێزی پیادەیە لە دژی رێكخراوی داعش شەڕ دەكات".
لەبارەی توركیاشەوە میلۆش زیمان دەڵێ: "دووژمنی دووژمن هاوڕێیه، واتە توركیا نیگەرانە لە بەشداریکردن لە شەڕی دژی داعش، چونكە داعش دووژمنی كوردە. بۆیە توركیا دەبێ خۆی یهكلایی بكاتهوه لایەنگیریی كام لایەن دەكات".
سەرۆكی چیك ئاماژەشی کرد کە: "ئەمە لە كاتێكدایە ھەندێك وڵات ھێشتا ھاوكاریی دارایی و پاڵپشتیی رێكخراوی داعش دەكهن".
لە كاتی سەردانیی مەسعوود بارزانی، سهرۆكی ههرێمی كوردستان بۆ چیك لە ناوەڕاستی ساڵی 2015 و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە، بارزانیی ھاوشێوەی سەرۆك وڵاتێک مامەڵەی لەگەڵدا کرا.