نیشتمان و پیاوه‌كانی

گله‌یی مه‌كه، نیشتمان .. برینم مهكولێنهوه، با له كه‌رامه‌تی “پياو”ه‌كانت توڕه نه‌بم..
نیشتمان “پياو”ه‌كانت هه‌رگیز له‌و زامانه ناگه‌ن، كه له‌سه‌ر سینگی ژنێك زیكهیان دێت..!
چونكه ئه‌وان وه‌ك دڵی ژنێكی غه‌م-چه‌شتوو یاخی نین،
كه خه‌می سه‌ده‌كانی وه‌ك منداڵێكی برسی و هه‌تیو به كۆڵییه‌وه هه‌ڵگرتووه..
ئیتر نیشتمان، مه‌پرسه
بۆچی “پياو”ه‌كانت دێن و وه‌ك چهقهڵێكی برسی په‌لاماری ڕه‌حمی ژنه‌كانت ده‌ده‌ن،
به‌ده‌م باسكردنی وهڕسیانهوه.. ئه‌وان درۆزنن، خوێنی نامه‌رد له ده‌ماره‌كانیان هه‌ڵده‌قوڵێ
ئیتر نیشتمان، چۆن دێیت و به‌ده‌می پڕ تف و جنێوهكانتهوه باسی ڕفاندنی ژنێك ئه‌كه‌ی، كه تهرمهكهیت وه‌ك كهللاك به‌دوای
گالیسكه خوڕافیاتهكانتدا ڕاكێشاوه، هه‌ی درۆزن؟
نیشتمان .. پێم بڵێ، خۆت و “پياو”ه چڵكنهكانت چۆن ده‌توانن جورئه‌ت بكه‌ن و به ژنێك بڵێن
حه‌زم بۆت هه‌تا دێت گه‌وره‌تر ئه‌بێت، هه‌ی ده‌ڵه ژن؟
نیشتمان.. خۆت و “پياو”ه‌كانت ناپاكن
ده‌نا لای ئێوه، چۆن ده‌بوو
ژن ده‌ڵ بێت و مهزههبتان جه‌نگ و جه‌هه‌نده‌م و سوتاندن بناغه‌ی بێت؟
نیشتمان خۆت و “پياو”ه‌كانت هێنده گه‌نیون
ژنه‌كانتان چیتر نایانه‌وێت ته‌نانه‌ت وه‌ك كهلاكێكی تۆپیویش به‌دوای خۆیاندا ڕاتانبكێشن،
نیشتمان..
ده‌سا تۆ به خۆت و “پياو”هكانیشتهوه، ئه‌گه‌ر قامچییهكانیشت بنێیت به دڵی هه‌ر ژنێكتهوه،
ئه‌وان نابنه حۆری و پینه‌چی ئێوه …
ئه‌ڵقه‌ی هاوسه‌رگیریتان ناكه‌نه ڕیشاڵه‌كانی دڵیان.. و نابنه دیلتان
نیشتمان ئه‌گه‌ر بۆ له‌مه‌ودوا
خۆت و “پياو”ه سیخناخهكانت، قۆنهرهكانتان به خوێنی ژنه‌كانیش سیواخ بده‌ن
ئه‌وان ئێوه له ده‌فته‌ره‌كانی تهنیاییاندا نانووسنه‌وه..
نیشتمان، خۆت و “پياو”ه‌كانت كه لافیته نه‌ما دڵی كچه عازه‌ب و بێنهواكانتانی پیادا هه‌ڵنه‌واسن
جه‌رگ نه‌ما نهیسوتێنن، منداڵ نه‌ما بێدایكی نه‌كه‌ن، عاشق نه‌ما بێ مه‌عشوقی نه‌كه‌ن
خوێن خۆرن، خوێن ڕێژن، بكوژن، حه‌رام خۆرن
نیشتمان ..
من، وه‌ك دڕندهكانت له به‌ره‌ی ڕه‌نجی تۆم نه‌خواردووه
قهرزاربارت نیم، سه‌رشۆڕت نیم، له‌سه‌ر سینه‌م جگه‌ره‌ت نه‌كوژاندۆته‌وه
بۆیه په‌ستیت له‌وه‌ی، من..
به چه‌قۆی وشه‌كانم
كه‌له‌ی سه‌ری بكوژه له خواترساوهكانتم ته‌قاندووه
لێشت ناترسم..
چونكه ژنم
بۆیه نیشتمان، تۆ كه سوێند ئه‌خۆی بۆ تاسه‌ی من..
من لێره‌وه جانتاكه‌م پڕ ئه‌كه‌م له خه‌نجه‌ره ژهنگاوییهكانت،
كه بۆ كوشتنی من تیژت كردونه‌ته‌وه و
پێكه‌نینم به‌و هه‌موو سوێنده بێ بناغانهشت دێت،
كه له ماڵی ئه‌و نامه‌رده عه‌داله‌ت-دۆستانه‌ی تۆ به‌ڕێوه ده‌به‌ن
وه‌ك خه‌ڵاتی درۆ و ڕیكلام كردن بۆ به‌هه‌شت هه‌ڵتواسیون و
ماڵه‌كانیشیان .. به شاهیدی تۆ،
پڕ پڕن له خوێنی كچۆڵه‌ی ڕفێندراوی ڕووت ڕووت و
ڕیخۆڵه‌ی هه‌ڵڕژاوی ژنی تهعدالێكراوی دووگیان و
په‌تی ناوكی نه‌پچڕاو و
له‌ته منداڵی نیوه زیندوو و
سمت و ڕانی پارچه پارچه‌ی عازه‌ب..
ئیتر نیشتمان ..
من كه مردم، چۆن ئه‌هێڵم، ئێسقانه‌كانم له‌ژێر خاك و زێرابه‌كانی تۆدا بڕزێن؟
ئاخر تۆ،
له ژنێك تێناگه‌یت، كه شانازی به برینهكانییه ده‌كات و ده‌سته‌كانی به‌رماڵن بۆ عه‌شق..
پێغه‌مبه‌ری ژنێك نیت، به گژتا بێته‌وه و
له ترسا ده‌ست بهچاوهكانییهوه نه‌گرێت،
ئه‌و كاتانه‌ی خۆت و “پياو”ه دامێن پیسهكانت پڕ ده‌ده‌نه دامێنی
ئه‌و كاتانه‌ی خۆت و “پياو”ه بێقیمهتهكانت ئه‌خوازن
چاوی سور و به‌رد و فیشه‌ك له ڕه‌حمی ژنێكدا وه‌ك تۆوه شومهكانتان بچێنن
تۆ، نیشتمان .. خۆت و “پياو”ه شه‌ڕواڵ خوێناوییهكانت یاخی نین .. له برینی كراوه‌ی ژنێك حاڵی نابن
كه له‌و خه‌نجه‌ره سڵ ناكاته‌وه، كه ئێوه به‌و هه‌موو شه‌هامه‌ته‌وه له‌سه‌ر دڵی ڕاتان گرتووه
نیشتمان، ته‌نها من ئه‌زانم
تۆ تیاترۆخانه‌ی چ جۆره ئیماندارێكیت و
“پياو”هكانیشت، له‌ژێر مه‌فهومی ماف و ڕۆشنبیرێتییهوه
چ جۆره خوێنێكی ڕه‌ش له كهڵبهكانیانهوه فوواره‌ی هه‌ڵداوه
چۆنیش به خوێنی ڕژاوی دایك و خوشك و ژنه‌كانتانه‌وه ڕیكلامی درۆ بۆ ئازادی ده‌كه‌ن
گله‌یی مه‌كه، نیشتمان.. مهم دووێنه .. برینم مهكولێنهوه، با له كه‌رامه‌تی “پياو”هكانتهوه ده‌ست پێ نه‌كه‌م
تێبينيى:هه‌موو ده‌زانین كه ژن كوشتن و ناهه‌قی كردن به ژن له نیشتمانه‌كه‌ی ئێمه‌دا بووه به دیارده‌یه‌كی كوشنده و هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌زانین لێره و له‌وێ ته‌رمی ژنێك ده‌دۆزرێته‌وه. تكایه ئه‌گه‌ر توانیتان ئه‌م ده‌قه لای خۆتان بڵاو بكه‌نه‌وه، به‌ڵام له‌ژێر پێوانه‌ی ڕێز و حورمه‌تدا و دوور له جنێو دان. من له‌سه‌ر خوشك و دایكی ئێوه ههڵدهدهمێ و خۆمیان له‌سه‌ر به‌خت ده‌كه‌م، تكایه ڕێگه به خۆتان مه‌ده‌ن به‌و ناخه گه‌رمه. دواتر ئه‌مه ڕه‌خنه نییه له “پياو”ی ڕاسته‌قینه، ئه‌مه ڕه‌خنه‌یه له‌وانه‌ی، كه ناوی “پياو”یان پیسكردووه و به ناوی “پياو”ه‌وه هه‌موو ناشرینییه‌ك ده‌كه‌ن. تكایه ڕێز له فرمێسك و قوڵی هه‌نسكی ده‌قه‌كه بگرن.
سارا عومه‌ر