رژێمى ئه‌سه‌د به‌ره‌و درعا پێشڕه‌وى ده‌كات

هێزه‌كانى رژێمى سووريا به‌ پشتيوانى هێزه‌كانى حزبوڵڵاى لوبنان و سوپاى پاسداران و فڕۆكه‌ جه‌نگييه‌كانى رووسيا توانيان شارى درعا كۆنترۆڵ بكه‌نه‌وه‌.

K24 – شام:

هێزه‌كانى رژێمى سووريا به‌ پشتيوانى هێزه‌كانى حزبوڵڵاى لوبنان و سوپاى پاسداران و فڕۆكه‌ جه‌نگييه‌كانى رووسيا توانيان شارى درعا كۆنترۆڵ بكه‌نه‌وه‌.

كه‌ناڵى مه‌نارى سه‌ر به‌ حزبوڵڵاى لوبنان بڵاويكرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ هێزه‌كانى ئه‌سه‌د ده‌ستيانگرتووه‌ به‌سه‌ر شارۆچكه‌ى عه‌تمانى هه‌ڵكه‌وتوو له‌ دوورى 3 كيلۆمه‌تر له‌ باشوورى درعاوه‌.

روانگه‌ى سووريا بۆ مافه‌كانى مرۆڤ، هه‌واڵه‌كه‌ى پشتڕاستكرده‌وه‌ و رايگه‌ياند، فڕۆكه‌ جه‌نگييه‌كانى رووسيا له‌و هێرشه‌دا هاوكارى هێزه‌كانى ئه‌سه‌ديان كردووه‌.

رۆيته‌رز، نووسيويه‌تى، رووسيا به‌ هۆى بۆردومانكردنى نه‌يارانى ئه‌سه‌ده‌وه‌ توانيويه‌تى هاوكێشه‌ى سه‌ربازى له‌سه‌ر زه‌وى بۆ به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌سه‌د بگۆڕێت.

له‌ سه‌روبه‌ندى به‌ڕێوه‌چوونى كاره‌كانى كۆنگره‌ى جنێڤ 3، هێزه‌كانى رژێمى ئه‌سه‌د به‌ هاوكارى رووسيا هێرشه‌كانيان له‌ خۆرئاواى سووريا بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ى حه‌له‌ب له‌ باكوور و لازقيه‌ى سنوورى و درعا له‌ باشوورى ديمه‌شق ده‌ستپێكردووه‌.

له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا، به‌ هۆى پێشڕه‌وييه‌كانى سوپاى رژێمه‌وه‌، لايه‌نه‌ به‌رهه‌ڵستكاره‌كانى سووريا له‌ جنێڤ 3 كشانه‌وه‌ و به‌و هۆيه‌وه‌ كاره‌كانى كۆنگره‌كه‌ بۆ ماوه‌ى 3 هه‌فته‌ دواخران.