نەتەوەیەكگرتووەكان لەسەر كچانی تازەپێگەیشتووی ئێران ھاتەدەنگ

لە دوو ساڵی رابردووشدا 75ھاوسەرگیری ژێر تەمەن10 ساڵان تۆماركراون.

K24 – ئێران:

لێژنەی داكۆكیكردن لە مافی منداڵان لە رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان داوا لەئێران دەكات، لەسێدارهدانی منداڵانی خوار 18 ساڵ رابگرێت و پێداچوونەوە بە یاسای ھاوسەرگیری كچانی ژێر 16 ساڵ بكات.

لێژنەی داكۆكیكردن لە مافی منداڵان لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر بنەمای راپۆرتی 18 كارناسی سەربەخۆ، تایبەت بە بارودۆخی منداڵان لە ئێران رایگەیاند: "پێویستە كۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو یاسایانە ھەموار بكاتەوە كە رێگە دەدەن كچانی تەمەن 9 ساڵ بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوان لەسێدارە بدرێن یان بە ناچاری ملكەچی ھاوسەرگیری زۆرەملێ بن".

لە راگەیەنراوەكەدا ھاتووە: "تەمەنی بەرپرسیارێتی سزا لە ئێران زۆر كەمە، بەتایبەت لەبارەی كچانەوە كە 9 ساڵیان بۆ دیاریكراوە".

ئەو لێژنەكە گوتی: "ھەرچەندە بە گوێرەی یاساكانی ئێران تەمەنی ھاوسەرگیری بۆ كچان 13ساڵ دیاریكردووە، بەڵام زۆرجار كچانی تەمەن 9 ساڵیش ناچار بەھاوسەرگیریكردن دەكرێن".

لێژنەی داكۆلیكردن لە مافی منداڵان لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان گوتیشی: "مێرمنداڵان لە ئێران وەكوو تاوانبار دەناسرێن، بەند دەكرێن و لەسێدارە دەدرێن، ئەوە لە كاتێكدایە لەو پرسەشدا دیسان كچان زۆرترین جیاوازیان بەرامبەر دەكرێت، چونكە ئەگەر بۆ كوڕان 18 ساڵ تەمەنی یاسایی بێت، ئەوا بۆ كچان 9 بۆ 15 ساڵ دیاریكراوە".

سەرەڕای ئەوەی ژمارەی كچانی بەندكراو لەو تەمەنەدا لە ئێران زۆرن، بە گوێرەی ئامارە فەرمییەكانی ئەو وڵاتە تەمەنی یەك لەسەر سێی ئەو كچانەی لە ئێران ھاوسەرگیریی دەكەن لە 18 ساڵ كەمترە، ھاوكات لە دوو ساڵی رابردووشدا 75ھاوسەرگیری ژێر تەمەن10 ساڵان تۆماركراون. ئەو ئامارش رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكانی ھێناوەتە دەنگ.

ئەوە لە كاتێكدایە، ئێران 22 ساڵە ئەندامی رێككەوتننامەی جیھانی مافی منداڵانە و ئێستا یەكێك لە نووسینگە گەورەكانی رێكخراوی یونیسێڤ لە ئێرانە.