دوو به‌ڕێوبه‌رى پرێس تى ڤى ئێران گێچه‌ڵى سێكسييان به‌ ژنان كردووه‌

ئەو كەسەی دەنگی لە فایلە دەنگییەكەدا تۆماركراوە، پێداگریدەكات و دەیەوەێت ھەرچۆنێك بێت، شینا شیرانی رازی بەداواكەی بكات.

K24 – تاران:

پێشكەشكارێكی كاناڵی تەلەفزیۆنی ئینگلیزی زمانی پرێس تی ڤی ئێران چەند رۆژ بەر لە ئێستا فایلێكی دەنگی بڵاوكردووەتە و بە گوتەی خۆی بەرێوەبەرانی ئەو كاناڵە گێچەڵی سێكسیان پێكردووە، ھاوكات پرێس تی ڤی پشتڕاستی كردووەتەوە لەسەر بنەمای ئەو تۆمەتە، دوو بەڕێوەبەری لە كارەكانیان ھەڵپەساردووە.

پێشكەشكاری پێشووی پرێس تی ڤی، شینا شیرانی، لە پێگەی توێتەری خۆی فایلێكی دەنگی بڵاوكردووە و بە گوتەی خۆی پەیوەندی تەلەفۆنی دوو بەڕێوبەری ئەو كانالەیە كە گێچەڵی سێكسی پێدەكەن و ئەویش دەنگیانی تۆماركردووە.

بەشی پەیوەندییەكانی پرێس تی ڤی تایبەت بەو فایلە دەنگیانە رایگەیاند: "سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ئەو فایلە دەنگیان بە تایبەت ئەوەی پەیوەندی بە یەكێك لەو بەڕێوبەرانەوە ھەیە گومانیان ھەیە.

ئەو كەسەی دەنگی لە فایلە دەنگییەكەدا تۆماركراوە، پێداگریدەكات و دەیەوەێت ھەرچۆنێك بێت، شینا شیرانی رازی بەداواكەی بكات.

شینا شیرانی گوتی: "پێشتریش ئەو كەسە چەندینجار سووكایەتی پێكردووم و لە شوێنی كار ھەوڵی داوە لێم نزیك بێتەوە".

ھاوكات پرێس تی ڤی گوتی: "ھەرچەندە فایلی دەنگی لە رووی یاساییەوە بەھای نییە و كەس سكاڵای تۆمار نەكردووە، بەڵام بەھۆی ھەستیاری بابەتەكەوە، لایەنە پەیوەندارەكان راسپێردراون، لێكۆڵینەوە بۆ بابەتەكە بكەن، تا دوای لێكۆڵینەوەكانیش ئەو دوو بەڕێوبەرە لەكارەكانیان ھەڵپەسێردراون".

پرێس تی ڤی تەلەفزیۆنێكی ھەواڵی كۆماری ئیسلامیی ئێرانە و بەزمانی ئینگلیزی بەرنامەكانی بڵاودەكاتەوە.