پێپ گواردیۆلا ده‌ستی به‌ ڕاوكردن كردووه‌

بۆچی ھەوادارانی بایرمیونشن و بارسێلۆنا رقیان لە گواردیۆلایە؟

 K24 ـ هه‌ولێر

دوای بوون بەراھێنەری یانەی مانچێستەرسیتی ، پێپ زۆربەی كاتەكانی بە بیركردنەوە و راوێژكردن بەسەر دەبات، تا بزانێت كام یاریزان لەگەڵ خۆی بۆ پرێمه‌ر لیگ ببات.

بۆچی ھەوادارانی بایەرمیونشن و بارسێلۆنا رقیان لە گواردیۆلایە؟

جاران گواردۆلا خۆشەویستی كەتەلۆنی و باڤاریەكان بوو، بەڵام ئێستا رەنگە ئەمە پێچەوانە بێت، چونكە راھێنەرە ئیسپانیەكە دەیەوێت دەستێك بە ماڵی بایرن میونشن و بارسێلۆنا دابێنێت و ئەستێرەكانیان بڕفێنێت.

بارسا بەھۆی ئاستبەرزی یاریزانەكانی لە باشترین ئاستیەتی، بەڵام پیپ وەك راوچیەكی كارامە خۆی دانوساندووە تا باشترینەكانی لێ بسەنێت.

لە بارسێلۆناوە كێ دەباتە پرێمەرلیگ؟

لە یانەی بلاوگرادانە چاوی بڕیوەتە كلیلی سەركەوتنەكانی ئەم یانەیە، كە ھەریەك لە مێسی ئەستێرەی یەكەمی جیھان و یانەكە، لەگەڵ دانی ئەلڤێسی بەڕازیلی و سێرخیۆ بۆسكێتسی ناوەڕاستكار، ئەمەش بارسا دەخاتە دۆخێكی خراپەوە، ھەوادارانی یانەكەش لە نێوان دوو خۆشەویست، خۆشەویسترین ھەڵدەبژێرن كە یانەكەیانە، بۆیە بەرامبەر پێپ رق ئەستوور بوونە.

نێچیرەكانی گواردیۆلا لە بایەرن كێن؟

گواردیۆلا ئەگەرچی تائێستاش راھێنەری یانەی بایەرن میونشنە، بەڵام ھەوڵەكانی بۆ بردنی ئەستێرەكانی ئەم یانەیەش دەستپێكردووە، ئەمەش دەستەی كارگێڕی یانە باڤاریەكەی تووڕە كردووە، به‌وپێیه‌ی پێپ ده‌یه‌وێت باشترینه‌كانی نێو پێكهاته‌ی یانە ئەڵمانیەكە له‌گه‌ڵ خۆی بۆ شاری مانچێسته‌ر ببات.

گواردیۆلا دەستی بۆ رۆبن و تیاگۆ ئەلیكانتارا درێژ كردووە، چاوێكی لە لیڤاندۆڤسكی ـیش بوو، بەڵام پەیوەندی ریال مەدرید بەم یاریزانە ، گواردیۆلای لە یاریزانە پۆلەندیەكە دوورخستەوە.

پێپ جگە لەمانە پەلی بۆ زۆر یاریزان ھاویشتووە كە رەنگە بەشێكیان خەو بێت و بەشێكیشیان دەبنە كوڕەكانی گواردیۆلا لە مانچێستەر سیتی.