حوسێن سێودین: قەیرانی دارایی كاریگەری كردووەتە سەر سینەما
K24- ھەولێر:
حوسێن سێودین، دەرهێنەری سینەمایی دەڵێ قەیرانی دارایی كاریگەری كردوەتە سەر بەرھەمەكانی فیلم و سینەما لە ھەرێمی كوردستان.
حوسێن سێودین دەشڵێ: "قەیرانی دارایی كاریگەریی كردووەتە سەر ھەموو بوارەكان، بەتایبەتیی چاڵاكییە ھونەرییەکان و نمایشکردنی بەرهەمە هونەرییەکان، ساڵانە فیستیڤاڵ و چالاكیی دەكران و لە لایەن وەزارەتی رۆشنبیرییەوە بودجەی تایبەتیان بۆ تەرخان دەكرا، ئێستا ئەو جۆرە فیستڤاڵانە ھەموویان راگیراون".
حوسێن سێودین گوتیشی: "لەگەڵ ئەو قەیرانەشدا بەڵام ھێشتا ھەوڵدان ھەیە و چەند بەرھەمێك ھەن كە تەواوبوونە یان لە قۆناغی تەواوبووندان".
لە بارەی ئاستی فیلم و سینەمای كوردیی ئەو دەرھێنەرە ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: "سینەمای كوردیی وەك فیلم پێشكەوتووە فیلمی كوردیی چووە بۆ فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی، لە رێگەی چەند دەرھێنەرێكەوە فیلمی كوردیی لە فیستیڤاڵە جیھانییەكان شوێنی بۆ كراوەتەوە".
ئەوەشی خستەڕوو: "دەبوایە لە ھەرێمی كوردستان پڕۆژەی پێشخستنی سینەما دامەزراوەی گەورەتر ھەبن كە لە وڵاتانی دیكەدا ھەن و پێی دەڵێن شاری سینەمایی، دەبێ شارێكی وا دروست بكرێت بۆ بەرھەمھێنانی بەرھەمی سینەمایی".
ئا: ھەڤاڵ مەلا