ناتۆ چاودێرى ئيجه‌ ده‌كات

لە دەریای ئیجە، هێزه‌كانى په‌يمانى باكوورى ئه‌تڵه‌سى (ناتۆ) دەستيكرد بە چاودێریکردنی کۆچکردنی نایاسایی.

K24 – ئيستانبوڵ:

لە دەریای ئیجە، هێزه‌كانى په‌يمانى باكوورى ئه‌تڵه‌سى (ناتۆ) دەستيكرد بە چاودێریکردنی کۆچکردنی نایاسایی.

بەمەبەستی رێگاگرتن لە کۆچکردنی ناياسايى لەرێگای دەریای ئیجەی نێوان تورکیا و یۆنان، ناتۆ چوار کەشتی سەربازی رەوانەی ناوچەکە کرد.

ئەو هەنگاوەی ناتۆ دواى داواکاری هەریەکە لە وڵاتانی ئەڵمانیا و تورکیا و یۆنان هات، کە تێیدا داوای هاوکاری هێزەکانی ناتۆيان کردبوو بۆ کۆتاییپێهێنان بە کۆچکردنی ناياسايى له‌و رێگه‌يه‌وه‌ به‌ره‌و ئه‌وروپا.

ناتۆ بەجیا ئەرکی چاودێری و جوڵەی بەلەمی کۆچبەران لە دەریای ئیجە  دەکات، رێگاکە به‌ رووى قاچاغچییەکان  دادەخات.

ئەمینداری گشتی ناتۆ ينس ستولتنبرێگ لە لێدوانێکی چاپەمەنیدا رايگه‌ياند، "ئەرکی کەشتییەکان دیاریدەکات و دەڵێت ئەو کۆچبەرانەی لە نێو دەریای ئیجە رووبەڕووی مەرگ و حاڵەتی ناهەموار دەبنەوە، هەوڵدەدەین فریایان بکەوین و دواتر بۆ ئەو شوێنەی کە لێيهاتوون دەیانگەڕێنینەوە".

بەگوێره‌ى ئاماری رێکخراوی کۆچبەرانی نێودەوڵەتی 409 کۆچبەری نایاسایی لە دەریای ئیجە لەکاتی هەوڵدانیان بۆ پەڕینەوە لە تورکیاوە بۆ  یۆنان تەنیا لە ماوەی شەش هەفتەی سەرەتای ئەمساڵدا گیانیان لەدەستداوە. لەکاتێکدا لەماوەی دوو مانگی سەرەتایی ساڵی رابردوودا 428 کۆچبەر گیانیان لەدەستدابوو.

تا ئێستا رێگای رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست ئیجە  کە تورکیا و یۆنان به‌يه‌كه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ سەختترین رێگای کۆچبەرانه‌ کە تێيدا زۆرترین کۆچبەر لەو رێگایه‌دا بوونەتە قوربانی.

سێ هەفتە بەر لە ئێستا  لە کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی ناتۆ  لەسەر داواکاری هەریەک لە ئەڵمانیا و تورکیا و یۆنان بڕیاردرا بە پێشکەشکردنی هاوکاریی هێزەکانی ناتۆ  بۆ نەهێشتنی کۆچبەری ناياسايى و بازرگانیکردن بەمرۆڤ لەدەریای ئیجە دا.

ئا: كامه‌ران حاجى عومه‌ر