لیۆناردۆ دی كاپریۆ خەڵاتی ئۆسكاری بردەوە

دوای شەش جار كاندیدكردنی بۆ ئۆسكار لیۆناردۆ توانی ئەو خەڵاتە بە دەست بێنێت.
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/7767cdc6-6f74-445d-bb53-b1ab14e2e9a5/Oscar2016.ism/manifest

K24 - ھەولێر:

وێڕای بایكۆتكردنی ئاهەنگی ئەمساڵی  دابەشکردنی خەڵاتی ئۆسكار لە لایەن بەشێك لە سینەماكارانەوە، رێورەسمی ئاهەنگی دابەشکردنی 88 خەڵاتی ئۆسكار لە لۆس ئەنجەلۆس لە ئەمریکا بەڕێوەچوو، تیایدا لیۆناردۆ دی كاپریۆ خەڵاتی ئۆسكاری بەدەستهێنا.

شەوی رابردوو ئاهەنگی خەڵاتی ئۆسكار بەڕێوەچوو، پێشكەشكاری كۆمێدیی، كریس راك مەراسیمی ئۆسكاری پێشكەشكرد، لە دەستپێكدا چاوەكان لە سەر دیاریكردنی باشترین فیلمی ئەمساڵ بوون و فیلمی "سپوتلایت" بە باشترین فیلمی ئەمساڵ دەستنیشانكرا.

لیۆناردۆ دی كاپریۆ، بە باشترین ئەكتەری پیاو دەستنیشانكرا، كە رۆڵی سەركیی گێڕاوە لە فیلمی "گەڕاوە" بۆ یەكەم جارە ئەو ئەكتەرە خەڵاتی ئۆسكار بەدەستبێنێت، دوای شەش جار كاندیدکردنی بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە.

لیۆناردۆ دی كاپریۆ دوای وەرگرتنی خەڵاتەکە گوتی: "زۆر سوپاستان دەکەم بۆ ئەم خەڵاتە گەورەیەی ئەمشەو پێتان بەخشیم. با ئەم ژیانەمان بە گەرەنتی وەرنەگرین و منیش ھیچکات ژیانم بە گەرەنتی وەرنەگرتووە، زۆر سوپتاستان دەکەم".

بری لارسون، كە رۆڵی دایكێك دەبینێت لە فیلمی "روم" یان "ھەمان ژوور" بە باشترین ئەكتەری ژن دەستنیشانكرا و هاوشێوەی دی کاپریۆ خەڵاتی ئۆسكاری بەدەستهێنا.

بری لارسون گوتی: "سوپاس بۆ ھەوادارانم، سوپاس بۆ ئەوانەی دەچنە سینەما و تەماشای فیلمەکانمان دەکەن، بەراستی سوپاستان دەکەم".

داڕشتنەوە: ش، م