ئه‌مريكا: دژى حوكمى زاتيى كوردين له‌ سووريا

به‌شێك له‌ لايه‌نه‌ كوردييه‌كانى رۆژئاواى كوردستان داواى سيستمى فيدراڵى ده‌كه‌ن

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مريكا، رايگه‌ياند، وڵاته‌كه‌ى دژى مافى خۆبه‌ڕێوبه‌رى و حوكمى زاتييه‌ بۆ كوردانى سووريا، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدايه‌، به‌شێك له‌ لايه‌نه‌ كوردييه‌كانى رۆژئاواى كوردستان داواى سيستمى فيدراڵى ده‌كه‌ن و به‌شێكيشيان داواى ئيداره‌ى خۆبه‌ڕێوبه‌رى ديموكراتى ده‌كه‌ن.

له‌ كۆنگره‌يه‌كى رۆژنامه‌وانييدا، گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مريكا، جۆن كێربى، رايگه‌ياند، وڵاته‌ى پشتيوانى له‌ يه‌كپارچه‌يى و سه‌لامه‌تى خاكى سووريا ده‌كات.

گوتيشى: ئه‌مريكا نايه‌وێت ناوچه‌يه‌كى خۆبه‌ڕێوه‌به‌رى له‌ جۆرى حوكمى زاتيى بۆ كورده‌كانى سووريا بێته‌ ئاراوه‌.

گوته‌بێژه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مريكا به‌ پێويستيشى زانيى حكومه‌تى نوێى سووريا به‌وه‌ رابگات يه‌كێتى خاكه‌كه‌ى بپارێزيت.

ئه‌م لێدوانه‌ى ئه‌مريكا له‌ كاتێكدايه‌ له‌ كۆتايى هه‌فته‌ى رابردوودا، سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ راگه‌يه‌ندراوێكدا پشتيوانى خۆى بۆ جێبه‌جێكردنى سيستمى فيدراڵى له‌ سووريا ده‌ربڕى كه‌ به‌شێك له‌ لايه‌نه‌ كوردييه‌كانى ئه‌ندامى ئه‌نه‌كه‌سه‌ داوايده‌كه‌ن.

له‌ به‌رامبه‌ريشدا، لايه‌نه‌كانى ناو به‌ره‌ى ته‌ڤده‌م، كه‌ پارتى يه‌كێتى ديموكراتى كورديى له‌ سووريا سه‌رپه‌رشتيده‌كات، داواى ناوچه‌ى خۆبه‌ڕێوبه‌رى ديموكراتى له‌ ژێر ناوى كانتۆن ده‌كه‌ن.

ئه‌م لێدوانه‌ى وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مريكا، دواى ئه‌و نيگه‌رانييانه‌ى توركيا دێت، كه‌ سه‌باره‌ت به‌ درووستبوونى ده‌سه‌ڵاتێكى خۆبه‌ڕێوبه‌رى له‌ رۆژئاواى كوردستان ده‌ريبڕيبوون.

له‌ ناوه‌ڕاستى مانگى رابردوودا، سه‌رۆك كۆمارى توركيا، ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان، داوايكرد، ئه‌مريكا له‌ نێوان توركيا و يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل (يه‌په‌گه - YPG‌)، يه‌كێكيان هه‌ڵبژێرێت.

له‌ سه‌ره‌تاى مانگى رابردوودا ئه‌مريكا به‌ فه‌رمى رايگه‌ياند، ژماره‌يه‌ك له‌ راوێژكارى سه‌ربازى ره‌وانه‌ى ناوچه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى يه‌په‌گه‌ كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هاوكارى ئه‌و هێزه‌ كوردييه‌ بكه‌ن له‌ شه‌ڕه‌كانييدا دژ به‌ رێكخستنى ده‌وڵه‌تى ئيسلامى ناسراو به‌ داعش.

به‌ هۆى پشتيوانييه‌كانى هاوپه‌يمانێتى نێوده‌وڵه‌تى له‌ پێشڕه‌وييه‌كانى يه‌په‌گه‌، ئه‌و هێزه‌ كوردييه‌ توانى به‌ره‌و ناوچه‌ى ئه‌عزاز له‌ نزيكترين خاڵى سنوورى توركيا پێشڕه‌وى بكات و به‌و هۆيه‌وه‌ له‌ 10 رۆژى كۆتايى مانگى شوباتدا، تۆپخانه‌كانى توركيا به‌ چڕى كه‌وتنه‌ بۆردومانى يه‌كينه‌كان و سه‌رۆك وه‌زيرانى توركيا ئه‌حمه‌د داوودئۆغڵۆش رايگه‌ياند، به‌ هيچ شێوه‌يه‌ك رێگه‌ ناده‌ين ئه‌عزاز بكه‌وێته‌ ده‌ست كورده‌كان.

به‌ راى چاودێرانى ره‌وشى ئه‌منيى و سه‌ربازى سووريا، ئه‌گه‌ر يه‌په‌گه‌ شارۆچكه‌ى ئه‌عزاز كه‌ بووه‌ته‌ ناوه‌ندى كۆبوونه‌وه‌ى ميليشيا توندڕه‌وه‌كان كۆنترۆڵ بكات، ده‌توانێت كانتۆنه‌كانى عفرين له‌ رۆژئاواى ئه‌عزاد و كوبانێ و جزيره‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتى ئه‌عزاز به‌يه‌كه‌وه‌ ببه‌ستێته‌وه‌ و بۆ يه‌كه‌مجار له‌ ماوه‌ى 100 ساڵى رابردوودا پارچه‌ى كوردستانى سووريا ده‌كاته‌وه‌ به‌ يه‌ك هه‌رێمى جوگرافى به‌يه‌كه‌وه‌ به‌ستراو و له‌وێشه‌وه‌ ده‌توانێت بگاته‌ سه‌ر ده‌ريا.

جۆن كيربى سه‌باره‌ت به‌ داهاتووى سوورياش قسه‌يكرد و رايگه‌ياند، وتوێژ ده‌كه‌ين سه‌باره‌ت به‌ چۆنێتى به‌ڕێوه‌چوونى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن و له‌ وه‌ڵامى پرسيارى ئه‌وه‌ى ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ڵبژاردندان ئه‌سه‌د سه‌ركه‌وت، كێربى گوتى: هه‌ڵوێستى ئه‌مريكا له‌ باره‌ى ئه‌سه‌ده‌وه‌ ناگۆڕێت و واشنتن له‌و بڕوايه‌دايه‌ كه‌ له‌ داهاتووى سووريادا هيچ پێگه‌يه‌ك بۆ ئه‌سه‌د نييه‌.