بۆچى سايته سێكسييه‌كان له دنياى عه‌ره‌بييدا پڕ بينه‌رترينن
K24 – هه‌ولێر:
نووسه‌ر و شاره‌زايه‌كى بوارى سينه‌ماى عه‌ره‌بى توانج له ره‌وشى سينه‌ماى وڵاتانى عه‌ره‌بى ده‌دات و ده‌پرسێت بۆچى له 1927ه‌وه تا ئێستا هيچ فيلم و ئه‌كته‌رێكى عه‌ره‌بى نه‌يتوانيوه خه‌ڵاتى ئۆسكار به‌ده‌ستبهێنێت..
له وتارێكدا كه له رۆژنامه‌ى ئه‌لقودسى عه‌ره‌بى بڵاوكراوه‌ته‌وه، حه‌سام عاسى ده‌ڵێت: له به‌رنامه‌يه‌كى ته‌له‌فزيۆنيدا ده‌مويست باس له‌وه بكه‌م بۆچى عه‌ره‌ب نه‌يتوانيوه به درێژايى نزيكه‌ى سه‌د ساڵ ئه‌و خه‌ڵاته به‌ده‌ستبهێنێت، به‌ڵام پێشكه‌شكاره‌كه نه‌يهێشت قسه‌م ته‌واو بكه‌م و له باره‌ى چانسى وه‌رگرتنى خه‌ڵاته‌كه له لايه‌ن ليۆناردۆ ديكابريۆوه پرسيارى كرد، وه‌ك ئه‌وه‌ى ديكابريۆ، ميرى باوه‌ڕداران بێت، ئه‌ى له باره‌ى عه‌ره‌به‌وه چى كه تا ئێستا هيچ ده‌ستكه‌وتێكى سينه‌مايى نه‌بووه.
ئه‌و نووسه‌ره ده‌ڵێت: ديكابريۆ، پێويستى به پشتيوانى ميدياى عه‌ره‌بى نييه، له‌كاتێكدا ميدياكارانى عه‌ره‌بيش داوه‌ت نه‌كرابوون بۆ ئه‌وه‌ى فيلمه‌كه‌ى ببينن و سه‌رچاوه‌ى بايه‌خدانى ميدياى عه‌ره‌بى به‌و ئه‌كته‌ره ته‌نيا رووكاريانه‌يه و بۆ ناوبانگى ده‌گه‌ڕێته‌وه. له كاتێكدا ميدياكارانى بيانى هه‌ريه‌ك به دواى پاڵێوراوى وڵاتى خۆي‌دا ده‌گه‌ڕا.
ژنه ميدياكارێكى هه‌نگارى خه‌ريكى رووماڵكردنى چالاكى رۆڵه‌يه‌كى وڵاته‌كه‌ى بوو، كه لازلۆ نيميس بوو، هاوڕێيه‌كى سويدى كارى بۆ ئه‌ليشيا ڤيكانده‌ر، ده‌كرد، كه يه‌كێك له براوه‌كان بوو له رۆڵى كچێكى دانيماركييدا و هه‌روه‌ها هاوڕێيانى ديكه‌ى ئه‌ڵمانيا، فه‌ره‌نسا، ئێرله‌ندا، كه‌نه‌دا، بريتانيا و وڵاتى ديكه هه‌ريه‌كيان خه‌ريكى رووماڵى چالاكى نێرده هونه‌رييه‌كانى خۆيان بوون.
نووسه‌ر له به‌شێكى ديكه‌ى وتاره‌كه‌يدا، باسى له‌وه كردووه، كونسوڵخانه‌ى وڵاتان هه‌ريه‌كيان نێرده‌كانى خۆيان بانگهێشت كردبوو، بۆ سازكردنى ئاهه‌نگ و پێدانى خه‌ڵات و ستايشكردنى هه‌وڵه‌كانيان له پاى به‌شداربوونيان له ئۆسكاردا.
نووسه‌ر په‌ژاره‌ى بۆ ئه‌وه‌ش ده‌ربڕيوه له دنياى عه‌ره‌بييدا، رۆڵى سينه‌ما فه‌رامۆش كراوه، هيچ هه‌وڵێك له ئارادا نييه بۆ ره‌واندنه‌وه‌ى ئه‌و ته‌مومژه‌ى له‌سه‌ر مێژووى گه‌لانى ناوچه‌كه هه‌يه، به‌ڵام كاتێك له خۆرئاوا فيلمێك له باره‌ى ئيسلامه‌وه به‌رهه‌مده‌هێنرێت ئيدى شه‌قام ده‌وروژێت و خۆپيشاندان ده‌ستپێده‌كات. له برى ئه‌وه‌ى هه‌ر له رێگه‌ى سينه‌ماوه كار بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌و هێرشانه بكرێت.
ئه‌وه‌شى باسكردووه، له جيهانى عه‌ره‌بييدا گرووپه چه‌كدارييه‌كان سينه‌ما قه‌ده‌غه ده‌كه‌ن، به‌ڵام خۆيان ئامرازه‌كانى به‌كارده‌هێنن بۆ پيشاندانى وێنه‌كانى شه‌ڕ و كوشتن و سه‌ربڕين و تاوانه جۆراوجۆره‌كانيان.
نووسه‌ر ده‌ڵێت: ئێمه له سه‌رده‌مێكداين، كه فيلم و دۆكيۆمێنتارييه‌كان له كتێب گرنگترن بۆ بوون به سه‌رچاوه‌ى زانيارى و توێژينه‌وه نوێيه‌كانى بوارى كۆمه‌ڵگه‌ناسى و په‌يوه‌ندى نێوان گه‌لان، سه‌يركردنى فيلمێك هاوڕێكه له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ى كتێبێك، ئيدى سه‌يره بۆچى قه‌ده‌غه‌ى ده‌كه‌ن؟
نووسه‌ر سه‌رنجى بۆ ئه‌وه راكێشاوه، له هه‌ندێك ناوچه‌ى عه‌ره‌بى، دژى فيلمه هۆليۆدييه‌كانن به پاساوى ئه‌وه‌ى ماچى تێدايه، به‌ڵام ديمه‌نه‌كانى كوشتن و سه‌ربڕين ئاساييه بڵاو بكرێنه‌وه و ده‌پرسێت ئايا ئه‌و چه‌پاندنه كارى له‌سه‌ر گه‌نجانى عه‌ره‌بيى درووستنه‌كردووه، تا ببنه سه‌رمه‌شقى گێچه‌ڵكردن به ژنان و ته‌نانه‌ت ببنه بينه‌رى سه‌ره‌كى فيلمه سێكسييه‌كان..
ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه كردووه، راپرسييه‌كان ده‌ريانخستووه، هه‌ر 100 ئينسانى عه‌ره‌بيى، له ساڵێكدا يه‌ك كتێب ده‌خوێننه‌وه، به‌ڵام له ئه‌وروپا رێژه‌ى خوێندنه‌وه له ساڵێكدا 18 كتێبه و بينه‌رى ئه‌وروپايى سه‌يرى فيلمى هونه‌رى ده‌كات، هه‌رچى بينه‌رى عه‌ره‌بييه سه‌يرى فيلمى بازرگانى و به‌رنامه‌ى ته‌له‌فزيۆنى داشۆراو له ناوه‌ڕۆك و به‌هاى به‌رز ده‌كات.